خیانەت دیلمانی خستە دۆزەخی دووركەوتنەوە لە منداڵەكانی

:: PM:01:34:31/03/2018 ‌
دیلمان دوای ئەوەی لەلایەن خەسوویەوە لە بەرەبەیاندا لە حەوشەی ماڵی خۆیان لەگەڵ خۆشەویستەكەی دەبینرێت، لەلایەن هاوسەرەكەیەوە تەڵاق دەدرێت و پێنج منداڵەكەشی لێ وەردەگیرێتەوە، ئەو ئێستە لە ماڵی براكەی دەژی و دەڵێ، ژیانی وەك دۆزەخی لێ هاتووە و لە دووریی منداڵەكانی خۆزگە بە مردن دەخوازێت.

دیلمان ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە كە پێش چەند مانگێك لە دادگا بەهۆی ناپاكیی هاوسەرگیرییەوە تەڵاق درا و پێنج منداڵەكەشی لێ وەرگیرایەوە، ئەو كە تەمەنی 37 ساڵە، ماوەی 18 ساڵ لەگەڵ فەرید لە ژیانی هاوسەریدا بووە، بەڵام لە كۆتادا بەهۆی ئەوەی كە پێوەندییەكەی لەگەڵ كوڕێك ئاشكرا بوو، فەرید لێی جیا دەبێتەوە و لە منداڵەكانیشی بێ بەری دەكرێت.

 ئەو ژنە چیرۆكی خۆشەویستییە دوو مانگەكەی و تێكچوونی ژیانی لە سەعاتێكدا بۆ "وشە" باس دەكات و گوتی، هەموو ژیانم بۆ منداڵەكانم دانا، بەڵام یەك هەڵە هەموو هەوڵ و ماندوبوونەكانمی كۆتا پێ ‌هێنا و ئێستە ئەوان بە نەفرەتم دەكەن.

هاوسەرەكەم زۆر باش بوو، بەڵام ژێردەستەی دایكی بوو، هەر ئەو نا، هەموو براكانی و تەنانەت زاواكانیشیان هەموویان لەژێر دەستی ژنێكی زۆر بێ ویژدان و هاردا بوون، من 18 ساڵ ژنی فەرید بووم هەستم بەوە نەدەكرد ماڵێكی تایبەتم هەیە و خاوەنی هاوسەرم، چونكە بچووكترین تا گەورەترین هەمووی لە ژێردەستی دایكی دابوو، من پاساو بۆ كاری خۆم ناهێنمەوە، بەڵام دایكی هۆكاری ئەو هەڵەیەی من بوو.

بەهۆی كاری هاوسەرەكەیەوە كە لە هەفتەیەكدا دوو شەو لە ماڵەوە نەبووە، خەسووی دیلمان لەو شەوانەدا لەلای ئەوان ماوەتەوە، لە یەكێك لەو شەوانەدا كە هاوسەرەكەی لە ماڵەوە نابێت، خۆشەویستەكەی دیلمان دێتە حەوشەكەیان، خەسووی كە لەو كاتەدا بۆ نوێژی بەیانی خەبەری دەبێتەوە دەیانبینێت، هەر ئەوكات هەموو دراوسێكانی كۆ كردەوە و ناهێڵێت بگاتە نیوەڕۆ دیلمان بە فەریدی كوڕی تەڵاق دەدات.

دیلمان نكۆڵی لەوە ناكات كە پێوەندی لەگەڵ زیاد هەبووە، بەڵام ماوەی خۆشەویستییەكەی تەنیا سێ مانگ بووە، ئەو نایشارێتەوە كە خۆشەویستەكەی ئەو بەرەبەیانە هاتووە مۆبایلی بۆ بهێنێت، بۆیە لەو كاتەیش هاتووە چونكە زیاد نانەواخانەی هەبوو، تەنیا ئەوكاتە توانیویەتی بچێت نەك كاتێكی تر. دووپات لەوە دەكاتەوە هاتنی تەنیا بۆ هێنانی مۆبایل بووە نەك شتێكی تر، بەڵام خەسووم بەجۆرێك ئابڕووی بردم كە هەموو تەمەنم ناتوانم وەك كەسێكی ئاسایی سەر هەڵبڕم، من گلەیی لە فەرید ناكەم، بەڵام خەسووم دەیتوانی لێم بدا و بەندم بكات و تۆبەم پێ بكات، نەك بەو جۆرە ئابڕووم بەڕێ و ژیانم تاڵ بكات و ماڵم كاول بكات، من 18 ساڵ بوو بووكێكی بێ كێشە بووم، یەكەم جار بوو هەڵە بكەم، بەڵام گەورەترین باجی ئەو هەڵەیەم دا.

هەر ئەو بەرەبەیانە دایكی  فەرید هەموو كوڕەكانی كۆ دەكاتەوە و فەرید لە دەوامەوە دەهێنێتەوە، بەپێی قسەی دیلمان، دوای ئەوەی بە هەموویان لێیان داوە، هەر ئەوكاتە فەرید لێی جیا دەبێتەوە و دوای چەند مانگێك لە دادگاش بەرەسمی لێی جیا بووەتەوە و دادگا منداڵەكانی داوە بە باوكیان، دیلمان ئاماژە بەوە دەكات لەو بەیانییەی لە ماڵەكەی كراوەتە دەر، تا ئێستە منداڵەكانی نەبینیوەتەوە .

دیلمان لە كۆتادا بەدەم گریانێكی قووڵەوە گوتی، من هەڵە بووم و زۆر زۆریش هەڵەبووم، بەڵام هەڵەكەم هی ئەوە نەبوو بەو گەورەیییە باجی بدەم، من ناتوانم منداڵەكانم ببینم، ئەوان لە ترسی نەنكیان ناتوانن تەلەفۆنیشم بۆ بكەن، فەرید هەندێك جار تەلەفۆن دەكات و وەك منداڵ دەگری و دەڵێ ئێستەیش خۆشم دەوێی و دەمەوێیت، بەڵام لە ترسی دایكی ئەویش ناوێرێ تەنانەت گوێشم لە دەنگی منداڵەكانم بێت، من لەو كاتەی لە منداڵەكانم دوورم، هەموو ژیانم لە خۆم تەرك كردووە، تەنیا بەخەیاڵی منداڵەكانمەوە دەژیم، زیاد هاتە داواشم من ڕەتم كردەوە هاوسەرگیریم لەگەڵ نەكرد و قەتیش نایكەم.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د