یەكەی 731.. لاپەڕەیەكی ڕەش لە مێژووی ژاپۆن

:: PM:02:33:26/11/2016 ‌

هەموو ئەوەی لەبارەی ژاپۆن بیستوومانە و بینیومانە و زانیومانە، داهێنان و پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگەی مرۆیی و بەخشندەیی و لێبوردەیی و ئەوپەڕی هەوڵدان بووە بۆ فێربوونی زیاتر، بەڵام لاپەڕەیەكی ڕەشیش لە مێژووی ژاپۆن هەیە كە كەم كەس زانیاری لەسەری هەیە و ژاپۆنییەكان خۆیان نیگەرانن لەوەی بیریان دێتەوە، ئەو لاپەڕەیەش مێژووی یەكەی 731ی سوپای ژاپۆنە.

لە مێژووی دڕندەیی و خوێنڕێژی مرۆڤایەتیدا سەربازگەی ئۆشفیتز بە یەكێك لە خوێناویترین و دڕندەترین سەربازگە دادەنرێ، كە لەلایەن نازییەكانەوە لە ئەڵمانیا دروست كرابوو بۆ سووتاندنی جوولەكەكان و خستنە نێو فڕن و كوورەی پڕ ئاگرەوە، بەڵام بەم دواییە زانیاری لەبارەی یەكەی 731ی ژاپۆن بڵاو بووەوە كە كارەكانیان لە ئەشكەنجەدان و كوشتنی مرۆڤ زۆر لە هی ئەو سەربازگەیەی هیتلەر دڕندانەتر و مەترسیدارتر بووە.

یەكەی 731 چییە؟
زۆرجار بە سەربازگەی 731یش ناوی دەبرێ، بریتییە لە یەكەیەكی سەربازی زۆر نهێنێ لە سوپای ئیمپراتۆریی ژاپۆن كە لە ساڵی 1932 دروست كراون و سەربازگەكەیان ناوی "فەرمانگەی كیمبایتای سیاسی و تاقیگەی خۆپارێزی لە پەتاكان" بەڵام لە ڕاستیدا ئەو فەرمانگەیە تاقیگەیەكی زۆر نهێنی بوو، بۆ دروستكردنی چەكی كیمیایی و بایۆلۆجی مەترسیدار، كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە تەواوی قەدەغەكراو بوو، ئەو یەكەیە زۆرێك لە چەكە مەترسیدار و كۆكوژەكانی ژاپۆنی داهێنا كە لە جەنگی نێوان ژاپۆن و چین و لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ژاپۆن سوودی یەكجار گەورەی لێ بینی.

سەرەڕای تاوانە گەورەكانی ئەو یەكەیە كە بەرپرسە لە كوشتنی سەدان هەزار كەس، بەڵام كارەكانی تەواو نهێنی بوون و كەس پێی نەزانیوە تا ئەم دواییە ئاشكرا بوو، یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی مانەوەی كارەكانی ئەو یەكەیەش بەشێوەیەكی نهێنی وێرانكردنی بارەگاكەیان بووە لە هەر كاتێك كە هێرش كرا بێتە سەر وڵاتەكەیان، بەشێوەیەكی ئاساییش هیچ كەس بۆی نەبوو سەردانی بكات و لێی نزیك بێتەوە.

تاوانەكانی یەكەی 731
یەكەی 731 هەزاران تاوانی وەحشییانەی ئەنجام داوە، بە كوشتن و لەتكردنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بە زیندوویی، هاوشێوەی فیلمە ترسناكەكانی هۆڵیوود كاریان كردووە، ئەو یەكەیە زۆر بە وردی چەك و بەرهەمە سەربازییەكانیان لەسەر جەستەی دیل و گیراوانی نێو سەربازگەی یەكەكە تاقی دەكردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دەرمانێكی سڕكەڕ لە جەستەی دیلەكان بدەن، نەشتەریان كردوون و تاقیكردنەوەیان لەسەر كردوون، دواتر بە ئەنقەست تووشی پەتای تاعوون و كولێرایان كردوون و توێژینەوەیان لەسەر جەستە تووشبووەكانیان كردووە، تا بە كەمترین شێوە بتوانن چارەسەری خێراتر بۆ ئەو پەتایە بدۆزنەوە.

ئەوان ئەندامانی جەستەی دیلەكانیان لێ كردووەتەوە و چاودێری جەستەكەشیان كردووە، بۆ ئەوەی بۆیان ڕوون بێتەوە چی لە جەستە ڕوو دەدا، كاتێك مرۆڤ خوێنی لێ دەڕوات و خوێن لە جەستەی كەم دەبێتەوە، هەروەها گیراوانیان لە نێو گرتووخانەكان لە كەمترین پلەی ساردیدا هێشتووەتەوە و بە وردی چاودێری گۆڕانكارییەكانیان كردووە كە لە جەستەیاندا ڕوو دەدات لە كاتی هێشتنەوەیان لە كەمترین پلەی گەرمیدا، واتە پلەی بەستن. بەپێچەوانەوەش لە بەرزترین پلەی گەرمیدا بەندیان كردوون و بەهەمان شێوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی جەستەیان كردوون و گۆڕانكارییەكانیان تۆمار كردووە.



تاوانێكی تری قێزەونی ئەو یەكەیە، بەكارهێنانی دیلەكانی جەنگ بوو، بۆ تاقیكردنەوەی چەكە كیمیایی و بایۆلۆژییەكان لەسەر جەستەیان، ئەوان هەر جۆرە چەكێكی كیمیایی و كۆكوژیان بەرهەم دەهێنا لەسەر دیلەكان تاقییان دەكردەوە، بۆ ئەوەی كاریگەری و هێزی ئەو چەكە بزانن.

هەروەها جەستەیان بە ڤاكسینی ڤایرۆسەكان دەكوتا و چاوەڕێی كاریگەری ڤایرۆسە مەترسیدار و زیانبەخشەكانیان لەسەر جەستەی دیلەكان دەكرد، هەروەها خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكان و تێكردنی مادە كیمیایی و ژەهرە جۆراوجۆرەكان لە جەستەی دیلەكان هەموو ئەو تاقیكردنەوانەیان لەسەر جەستەی دیلەكانی جەنگ دەكرد و وەك مشكی تاقیگە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردن.

ئیمپراتۆری ئەو تیمە وەحشییە
شیرۆ ئیشی خاوەن بیرۆكەی دروستكردنی ئەو یەكەیە بوو و بیرۆكەكەی خستە بەردەم ئیمپراتۆری ژاپۆن و ئەو بە قسەكانی باوەڕی بە ئیمپراتۆر هێنا بۆ دروستكردنی یەكەیەكی لەو شێوەیە، چونكە مەترسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ڤایرۆسی لە لایەن ئەمەریكا و چینەوە لە ژاپۆن بە ئیمپراتۆر گەیاند و ئیمپراتۆریش ڕەزامەندی لەسەر دەربڕی.

ئەو پیاوە زانایەكی زۆر شارەزای بواری زیندەوەرزانی و پزیشكێكی تایبەت بوو، دوای دروستكردنی وەك فەرماندەی یەكەی 731 دیاریی كرا كە سەر بە سوپای ژاپۆن بوو.

ئەو لە ساڵی 1892 لە گوندی شیی شیبایاما لە ناوچەی سانبۆی پارێزگای تشیبا لە دایك بووە و لە ساڵی 1921 لە زانكۆی تۆكیۆ لە بواری پزیشكی تەواو كرد و دواتر لە سوپای ژاپۆن دامەزرا وەك ئەفسەری پزیشك، لە 1922 بۆ نەخۆشخانەیەكی سوپای یەكەم و سەنتەری پزیشكی سەر بە سوپا لە تۆكیۆ گوێزرایەوە، فەرماندە سەربازییەكان زۆر بەكارەكانی سەرسام بوون و دەرفەتیان پێدا جارێكی تر بچێتەوە بۆ خوێندنی باڵا لە زانكۆی تۆكیۆ.

لە ساڵی 1925 پلەی بەرز كرایەوە بۆ كاپتی پزیشكی لە سوپا، لە 1928 بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد لەسەر جەنگی كیمیایی و بایۆلۆجی و لە ساڵی 1931 وەك گەورە پزیشكی سوپا دیاری كرا. دواتر بوو بە فەرماندەی یەكەی 731 و پلەی بۆ فەریقی یەكەم بەرز كرایەوە و لە ساڵی 1959 بەهۆی شێرپەنجەی سورێنچك كۆچی دوایی كرد.

شایەتحاڵان
لە ساڵی 2014 مۆزەخانەی بەڵگەی تاوانەكانی جەنگ لە چین، شایەتی شوفێرێكی بڵاو كردەوە كە ناوی "ساداو كوشی" بوو و لەگەڵ یەكەی 731 كاری كردبوو، ئەو دانی بەوەدا نا كە بەشداری لە زۆربەی تاقیكردنەوەی چەكە بایۆلۆجییەكان كردووە كە لەسەر دیلەكان ئەنجام دراوە، هەر كەسێكیش هەوڵی ڕاكردنی بدایە، لەلایەن سەربازانی ئەو یەكەیەوە دەكوژرا، ئەو شوفێرە ئاماژەی داوە، ناتوانم ڕاستییەكان هەمووی بڵێم، بەڵام دەتوانم ویژدانم ئازاد بكات.

شایەتحاڵێكی تر بەناوی "مۆریۆكا" جووتیارێكی بە تەمەن بووە و پێشتر وەك یاریدەدەری پزیشكی لەو یەكەیە كاری كردووە. ئەو دەڵێ، تا ئێستەش ئەو چركەساتەی بیر ناچێتەوە كە گەنجێكی دیلی لەت كردووە، بەبێ بەكارهێنانی دەرمانی سڕكەر "بەنج" ئەویش دەیناڵاند و ئاگەدار بوو، ئێمەش لە سنگییەوە تا سكی بە چەقۆ سنگ و سكیمان كردەوە.

ئەو پزیشكی یاریدەدەر دوای تەواوبوونی جەنگ وەك كەسێكی ئاسایی دەستی بە پیشەیی پزیشكی كردووەتەوە.

ئەوەی جێی باسە، ئەمەریكا دوای ئەوەی بەسەر ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سەركەوت، بەهیچ شێوەیەك ئەم یەكەیەی وەك تاوانباری دژ بە مرۆڤایەتی ناو نەبرد و تەنانەت هەموو تاوانەكانیشی پەردەپۆش كردن، سەرۆكی ئەو یەكەیەش لێبوردنی بۆ دەرچوو، بەڵام زانیاری هەن كە تەواوی ئەو پێشكەوتنانەی لە چەكی كیمیایی و بایۆلۆژی و بڵاوكردنەوەی ڤایرۆس لە دنیا كە ئەو یەكەیە پێی گەیشتبوون، ئەمەریكا سوودی زۆری لێ بینیوە و گواستوویەتییەوە بۆ وڵاتەكەی.

سەرچاوە/ ئەراجیك، ویكپیدیا.




وشە - باز ئه‌حمه‌د