خێوەتی دوو خێزانی كورد لە یۆنان گڕی گرت..تەرمەكانیان دەهێنرێنەوە كوردستان

:: PM:02:39:26/11/2016 ‌

لە یۆنان خێوەتی دوو خێزانی كورد گڕی گرت و بەهۆیەوە دووپەناخوازی كورد گیانیان لە دەست دا و چەند كەسێكی تریشیان بریندار بوون. بڕیارە ئەم ھەفتەیە تەرمەكان بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان.

نەزھەت حوسێن بەرپرسی بەشی پەنابەران و رەوەندی كوردی لە بەڕێوبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ "وشە" گوتی، درەنگانی شەوی رابردوو لە یۆنان بەھۆی ئاگركەوتنەوە لە دوو خێوەتی دوو خێزانی كورد، ئافرەتێك و منداڵێك گیانیان لە دەست دا و منداڵ و ئافرەتێكی تریش بریندار بوون، بڕیارە ئەم ھەفتەیە لەسەر ئەركی سەرۆكی حكوومەت ئەو دوو تەرمە بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان.

ئەو گوتی دوو كەسە بریندارەكەش ژیانیان لە مەترسیدایە و لە نەخۆشخانە چارەسەرییان بۆ دەكرێت. ھەردوو خێزان كە ئاگر لە خێوەتەكانیان بەربووە، خەڵكی پارێزگای سلێمانین.

نەزهەت حوسێن ئاماژەی بەوەش كرد، كار دەكەن بۆ ئەوەی رێكاری پێویست بگرنەبەر و لەم ھەفتەیەدا ئەو دوو تەرمە بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان و خەرجی گەڕانەوەشیان لەسەر ئەركی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەبێت.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان