هەڵوێستی شیعە دوای دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی

:: PM:02:52:26/11/2016 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرد، پەرلەمانتارێكی شیعە دەڵێت كە هەموو پێكهاتەكان لەناو ئەو هێزە بەشدار دەبن و رێژەی بەشدارییان لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانەوە دیاری دەكرێت، دەنگدانیش لەسەر یاساكە بە گشتی بوو.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی بەسەرۆكایەتیی سەلیم جبوروی سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی 200 پەرلەمانتار ساز كرد و تیایدا دوای مشتومڕێكی زۆر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی خرایە دەنگدان و پەسند كرا.

ناكۆكی نێوان هێزە سونەكان و شیعەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند خاڵێك بوو، هەر لە ناوی یاساكە تا رێژەی بەشداریكردنی هەر پێكهاتەیەك و ئەو لایەنەی كە پێویستە هێزەكە بجووڵێنێت و نامەركەزیی لە فەرمان وەرگرتن و بڵاوبوونەوەیان و هیتریش.

سەلیم شەوقی پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی نیشتمانی رای گەیاند كە پەرلەمان لە چوارچێوەیەكی گشتی یاساكەی پەسند كردووە و پرسی رێژەی بەشداریكردنی هەر پێكهاتەیەك لەو هێزە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ماوەتەوە و هاوپەیمانی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان دەتوانن لەوبارەوە قسە لەگەڵ عەبادی بكەن و مەرج و داواكانیان بخەنە روو.

زیاتر گوتی، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی نیشتمانی و هاوپەیمانی كوردستانی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان دەنگیان بۆ یاساكە دا و بەزۆرینەی ئاسایی تێپەڕ كرا و دەنگدانەكەش لە چوارچێوەیەكی گشتییە.

پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی لەناو ناڕەزایی سونەكان و سووربوونی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) بۆ تێپەڕاندنی هات كە سەلیم جبووری داوای دواخستنی خستنەڕووی بۆ دووشەم كرد، بەڵام پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی نیشتمانی رازی نەبوون.

پێنجشەم عەبدولواحید سەعداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكەی رازی بووە بەوەی رێژەی سونە لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبی 30% بێت و ئاماژەی كرد كە هەندێك لایەنی ناو یەكێتیی هێزە نیشتمانییەكانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە.

دووپاتی كردەوە كە خواستێكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی نیشتمانی هەیە بە تێپەڕاندنی یاساكە رۆژی شەموو لە پەرلەمان، بەشێوەیەك ئەو هێزە بكرێتە دەزگەیەكی تەناهی سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان.

سەعداوی دووپاتی كردەوە كە ژمارەیەك لە سەرانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە بەوەی داوا دەكەن 40%ی حەشد بۆ پێكهاتەی سونە بێت و ناوی یاساكەش تەنیا یاسای حەشد بێت و هێزەكانیش پێوەست بن بە ناوچەكانەوە نەك لەسەر ئاستی عێراق بەهاوشێوەی پاسەوانی نیشتمانی كە پێشتر داوایان دەكرد و هێزەكەش سەر بە وەزارەتە تەناهییەكانەوە بێت نەك دەزگەیەكی سەربەخۆ و ئەو داوایانەش رەتكراوەن.

ئەو پەرلەمانتارە شیعەیە دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتمانی تەنیا رازی بووە رێژەی سونە لەو هێزانە 30% بێت و رێژەكەی تریش بۆ پێكهاتەكانی تر بێت. 

رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سونە رای گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان لە بەرامبەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی روونە و ئەگەر هاوپەیمانی نیشتمانیش بیەوێ تێپەڕی بكات لە پەرلەمان بەو شێوەی ئێستەی، ئەوە دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی و هەموو بژارەكانیش لە بەردەمی ئەوان كراوە دەمێننەوە.  

ساجیدە ئەفەندی پەرلەمانتاری سونە لای خۆیەوە رای گەیاند كە هاوپەیمانییەتەكەی لە دژی پێشنیاری یاساكە نییە، بەڵام ئەوان داوا دەكەن كە رێژەی بەشداریكردنی حەشدی هۆزەكان لە چوارچێوەی یاساكە زیاد بكرێت وەك مەرجێك بۆ رازیبوون بە تێپەڕاندنی یاساكە، كە ئەوەیان یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی لەبارەی یاساكەوە.

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل