"حەشدی شەعبی دەكەوێتە ژێر فەرمانی راستەوخۆی عەبادی"

:: PM:03:38:26/11/2016 ‌

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق باس لە گرنگی پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە بەو یاسایە، ئەو هێزە راستەوخۆ دەخرێتە ژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

عەبادی ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی لە گرنگی یاساكە رێزگرتن لە قوربانیدانی هێزەكانی حەشدی شەعبی كردەوە و گوتی، دوای یاساكە ئەو هێزانە راستەوخۆ سەر بە فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەبن و ئەو سیستمی كاركردن و رێكخستنی بۆ دیاری دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو هێزە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكات و بەرگریش لە هەموو عێراقییەكان دەكات لە هەر كوێیەك بن، كە ئەوەش بۆ گرووپەكانی خوازیاری پشێوی باش نەبوو و ویستیان رێگری لە تێپەڕاندنی بكەن، بەڵام لە كۆتادا تێپەڕ كرا.  

سەلیم شەوقی پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) رای گەیاند كە پەرلەمان لە چوارچێوەیەكی گشتی یاساكەی پەسند كردووە و پرسی رێژەی بەشداریكردنی هەر پێكهاتەیەك لەو هێزە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ماوەتەوە و هاوپەیمانی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان دەتوانن لەوبارەوە قسە لەگەڵ عەبادی بكەن و مەرج و داواكانیان بخەنە روو.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 32ی خۆی دەنگی لەسەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی دا، هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە لای خۆیەوە بە هەنگاوێكی گرنگی وەسف كرد و بە هەنگاوێكیش بەرەو ئاشتەوایەكی سەرانسەری نیشتمانی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق كە بڕیارە دوای جەنگی مووسڵ بیخەنە روو لە قەڵەم دا، لەو كاتەی سونە بە خەنجەرێكیان لە پرەنسیپی هاوبەشی و هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە قەڵەم دا.  

 سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل