بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە لە وڵاتی ئێران، مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ رێوشوێنەكانی توندوتۆڵ كردووە و بەرپرسێكی مەرزەكەش ئاشكرای دەكات، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە، چەند رۆژێكە هاوردەكردنی مریشكی زیندوو لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە كراوە.
د. رۆژگار نەجات، بەرپرسی هۆبەی ڤێتەرنەری مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" رای گەیاند، لەگەڵ هەواڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئێران، وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەشە پێوەندیدارەكانییەوە، دەستیان كرد بە ئامادەكارییەكانیان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە خاكی هەرێمی كوردستان.
روونی كردەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر، لە رێگەی نووسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاگادار كراینەوە لەوەی نابێت بەهیچ شێوەیەك لە مەرزی باشماخ رێگە بدرێت بە هاوردەكردنی مریشكی زیندوو، بۆیە لە ئێستەدا ئێمەیش تەواوی رێوشوێنە پێویستەكانمان گرتووەتە بەر.
"پێشتریش رێگەمان نەداوە مریشكی زیندوو لەگەڵ جووجكە هاوردە بكرێت، بەڵام گرفتی سەرەكی ئەوەیە كە زانیاریمان هەیە لە رێگەی مەرزە لاوەكییەكانی هەرێمەوە، زۆرجار جووجكە بە قاچاخ لە ئێرانەوە دەهێندرێتە بازاڕەكانی هەرێمەوە، هەروەها زۆر جاریش مریشكی زیندوو هەر لە رێگەی ئەو مەرزانەوە بەقاچاخ دەهێنرێت". بەرپرسی هۆبەی ڤێتەرنەری مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ وای گوت.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بەهۆی بڵابوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئێران لەناو كێڵگەكانی بەخێوكردنی پەلەوەری وەك مریشكدا، زیاتر لە 100 هەزار مریشك مردار بوونەتەوە و بەوەش مەترسی لەسەر بەكارهێنانی مریشكی ئێرانی دروست بووە.
پینجوێن – رێبین پێنجوێنی