دوای پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی سونە چی دەكەن؟

:: PM:05:34:26/11/2016 ‌

دوای پەسندكردنی پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون رای گەیاند كە ئەوان پڕۆژەی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ یەلاكردنەوەی سیاسی لە عێراق رەت دەكەنەوە و تانە لە یاسای حەشدی شەعبی دەدەن، هاوكات یەكێتی هێزە سونەكان باسی پڕۆژەیاسای پاسەوانی سونە دەكەن و سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێ یاساكە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و هەر هێزێكیش لە دەرەوەی ئەو یاسایە بە میلیشیا حسێب دەكرێ. 

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 32ی خۆی دەنگی لەسەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی دا، هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لای خۆیەوە بە هەنگاوێكی گرنگی وەسف كرد و بە هەنگاوێكیش بەرەو ئاشتەوایەكی سەرانسەری نیشتیمانی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق كە بڕیارە دوای جەنگی مووسڵ بیخەنە روو لەقەڵەم دا، لەو كاتەی سونە بە خەنجەرێكیان لە پرەنسیپی هاوبەشی و هەڵوەشانەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەقەڵەم دا.  

ئوسامە نوجێفی جێگری سەركۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی مەتەحیدوون (سونە) لە دوای راگەیاندنی پەسندكردنی پەرلەمان بۆ یاسای حەشدی شەعبی، رەتكردنەوەی پڕۆژەی یەكلاكردنەوەی سیاسی و مێژوویی لە عێراق لە دوای جەنگی مووسڵ رەت كردەوە. 

نوجێفی ئەمڕۆ شەموو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەناو پەرلەمان رای گەیاند كە یاریكردن بە یاساكان لەلایەن بارستەیەكی پەرلەمان كە خاوەنی زۆرینەیە جێی قبووڵكردن نییە و مافی ئەوەشی نییە و هەر بڕیارێكی تاكلایەنەش رەت كراوەیە، بۆیە ئەو سیاسەتە نوێیەی بارستەكان رەت دەكەینەوە و پێویستە چاوخشاندنەوەی بۆ بكرێ.

زیاتر گوتی، دوای ئەمڕۆ هەر گفتوگۆ و دانووستاندنێك لە چوارچێوەی ئەوەی ناوی دەنێن "یەكلاكردنەوەی سیاسی" رەت دەكەینەوە و تەنانەت بە هیچ شێوەیەك تاوتوێی ناكەین و كەسیش مافی ئەوەی نییە كە چارەنووسی وڵات لە رێگەی دەركردنی یاسایەك بەبێ گەڕانەوە بۆ پرەنسیپی هاوبەشی دیاری بكات.

زیاتر گوتی، بۆچوونی سەپاندنی ویست رەت كراوەیە و تێكدانی پرەنسیپی دەوڵەت و هاوسەنگی لە دامەزراوە تەناهییەكانە و پێویستە دووبارە چاو بەیاسای حەشدی شەعبی بخشێندرێتەوە كە رەتەواوەتی رەتی دەكەینەوە و پەنا بۆ تانەدان لە یاساكە دەبەین.

هاوپەیمانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سونە) لای خۆیانەوە پەسندكردنی یاساكەیان بە خەنجەر وەشاندن بۆ پرەنسیپی هاوبەشی و شێواندنی پرۆسەی سیاسی لە وڵات لەقەڵەم دا، تەنانەت دامەزراندنی دەستەی نوێی سەربازی و تەناهی بە تەریب لەگەڵ دامەزراوەی سەربازی رەسمی لەباربردنی پڕۆژەی دەوڵەتی عێراقە. 

ئەحمەد مەساری سەرۆكی بارستەی پەرلەمانی هاوپەیمانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سونە) لەو بارەوە گوتی، لەگەڵ ئەوەداین كە مافی شەڕوانانی حەشدی شەعبی بێتە پاراستن، بەڵام باوەڕمان وایە كە دامەزراندنی دەستەی نوێی سەربازی و تەناهی بە تەریب لەگەڵ دامەزراوەی سەربازی رەسمی لەباربردنی پڕۆژەی دەوڵەتی عێراقە.

زیاتر گوتی، پەسندكردنی یاساكەیان بە خەنجەر وەشاندن بۆ پرەنسیپی هاوبەشی و شێواندنی پرۆسەی سیاسی لە وڵات لەقەڵەم دا، بەڵكو بەرجەستەكردنی دیكتاتۆریەتی زۆرینە و وێرانكردنی پرۆسەی سیاسییە و واش دەكات كە چاو بە هەڵسەنگاندنمان بۆ هاوبەشانی سیاسییمان بخشێنینەوە. 

سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە ئەمڕۆ داوای كردبوو كە دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی بۆ دووشەم دوا بخرێت، رای گەیاند كە یاساكە هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەگرێتەوە و مافی هەمووان فەراهەم دەكات و دووپاتی كردەوە كە پێویستە فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوونی خۆی بەسەر هەموو ئەوانەی چەكبەدەستن بسەپێنێ و یاسا لەوانە خۆش نابێت كە هەڵەیان ئەنجام داوە.

زیاتر گوتی، بەپێی یاساكە كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆ دەگرێت، مافی هەمووان فەراهەم دەبێت و ئەركەكەشی پاراستنی ئاسایشە دوای ئازادكردنەوەی لە داعش، هەرچی گواستنەوەی هێزەكان و ئالوگۆڕكردنیانە بە فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەبێت كە پێویستە كۆنترۆلی هەموو چەكبەدەستان لە عێراق بكات و یاساش لەوانە خۆش نەبێت كە هەڵەیان ئەنجام داوە. 

زیاتر گوتی، یاساكە یاسا سەربازیەكان بەسەر ئەندامانی حەشدی شەعبی دەسەپێنێت و هیوامان وابوو كە یاساكە بەتەوافوق دەنگی لەسەر بدرایە و دەنگدانی زۆرینە حەزمان نەدەكرد كە پێی بگەین كە دوای وتوێژێكی درێژ پێی گەیشتین.

جبووری دووپاتی كردەوە كە یاسای حەشدی شەعبی كە ئەمڕۆ لە پەرلەمان پەسند كرا هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونكە هەرێم هێزی سەربازی خۆی هەیە بەناوی پێشمەگە، لەپاڵ هێزی تەناهی و هێزەكانی دژەتیرۆر. 

بەپێی سەرچاوەكانی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارانی كورد دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی داوە لەپاڵ پەرلەمانتارانی شیعە، لەناو بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لەلایەن پەرلەمانتارانی سونە بەهۆی نارەزاییان بەرامبەر یاساكە و تێپەڕاندنی.

سەلیم شەوقی پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) رای گەیاند كە پەرلەمان لە چوارچێوەیەكی گشتی یاساكەی پەسند كردووە و پرسی رێژەی بەشداریكردنی هەر پێكهاتەیەك لەو هێزە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ماوەتەوە و هاوپەیمانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان دەتوانن لەو بارەوە قسە لەگەڵ عەبادی بكەن و مەرج و داواكانیان بخەنە روو.

پێنجشەم عەبدولواحید سەعداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكەی رازی بووە بەوەی رێژەی سونە لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبی 30% بێت و ئاماژەی كرد كە هەندێك لایەنی ناو یەكێتی هێزە نیشتیمانییەكانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە.

دووپاتی كردەوە كە خواستێكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی نیشتیمانی هەیە بە تێپەڕاندنی یاساكە رۆژی شەموو لە پەرلەمان، بەشێوەیەك ئەو هێزە بكرێتە دەزگەیەكی تەناهی سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان.

سەعداوی دووپاتی كردەوە كە ژمارەیەك لە سەرانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە بەوەی داوا دەكەن كە 40%ی حەشد بۆ پێكهاتەی سونە بێت و ناوی یاساكەش تەنیا یاسای حەشد بێت و هێزەكانیش پێوەست بن بە ناوچەكانەوە نەوەك لەسەر ئاستی عێراق بەهاوشێوەی پاسەوانی نیشتیمانی كە پێشتر داوایان دەكرد و هێزەكەش سەر بە وەزارەتە ئەمنییەكانەوە بێت نەوك دەزگەیەكی سەربەخۆ و ئەو داوایانەش رەت كراوەن.

ئەو پەرلەمانتارە شیعە دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتیمانی تەنیا رازی بووە كە رێژەی سونە لەو هێزانە 30% بێت و رێژەكەی تریش بۆ پێكهاتەكانی تر بێت. 

رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سونە رای گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان لە بەرامبەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی روونە و ئەگەر هاوپەیمانی نیشتیمانیش بیەوێ تێپەڕی بكات لە پەرلەمان بەو شێوەی ئێستەی ئەوە دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی و هەموو بژارەكانیش لەبەردەمی ئەوان كراوە دەمێننەوە.  

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 32ی خۆی دەنگی لەسەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی دا، هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لای خۆیەوە بە هەنگاوێكی گرنگی وەسف كرد و بە هەنگاوێكیش بەرەو ئاشتەوایەكی سەرانسەری نیشتیمانی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق كە بڕیارە دوای جەنگی مووسڵ بیخەنە روو لەقەڵەم دا، لەو كاتەی سونە بە خەنجەرێكیان لە پرەنسیپی هاوبەشی و هەڵوەشانەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەقەڵەم دا.  

سەرچاوە: مەوازین ینوز، سۆمەرییە نویز، شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل