به‌هۆى ته‌نگژه دارایییه‌كانی هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ته‌وه، له ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوودا له سنوورى پارێزگاى سلێمانى 80 خێزانى كورته‌باڵا هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه و جیا بوونه‌ته‌وه.
له هه‌رێمى كوردستان زیاتر له چوار هه‌زار كورته‌باڵا هه‌یه و به‌شى هه‌ره‌زۆریان ژیانى هاوسه‌ریان پێك هێناوه، پێش ساڵى 2015 مووچه‌ى مانگانه‌یان 150 هه‌زار دینار بووه، به‌ڵام به‌پێى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت بۆ 60 هه‌زار دینار كه‌م كراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ماوه‌ى 12 مانگى ڕابردوو ته‌نیا سێ مووچه‌یان وه‌رگرتووه.
عومه‌ر جه‌بار، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى كورته‌باڵاكانى كوردستان/ لقى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، دۆخى خراپى دارایى، زیاتر چینى كورته‌باڵا و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كانى گرتووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وای كردووه ئه‌و دۆخه خراپه خێزانه‌كانیش بگرێته‌وه.
زیاتر گوتی: كاتێك كه خێزانێكى كورته‌باڵا، وه‌ك هه‌ر خێزانێكى تر‌ى ئاسایى پێویستى به ژیان و پێداویستیه‌كانى ڕۆژنه و خۆراك و جل و به‌رگ هه‌یه، به‌ڵام مووچه‌ى مانگانه‌ى 60 هه‌زار دینار بێت به دوو مانگ جارێك، كاریگه‌رى زیاتر دروست ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و چینه.
ئه‌وه‌شى گوت: به‌شى هه‌ره‌زۆرى كورته‌باڵاكان ژیانى هاوسه‌ریان پێكهێناوه، خاوه‌نى منداڵن، به‌ڵام دۆخیان زۆرخراپه و ته‌نانه‌ت گه‌شتووه‌ته ئه‌و حاڵه‌ته‌ى كه هاوسه‌رگیریان هه‌ڵوه‌شێنه‌وه و جیابوونه‌وه ڕووبدات.
زیاتر ده‌ڵێ: له ماوه‌ى ته‌نيا یه‌ك ساڵى ڕابردوو له سنوورى پارێزگاى سلێمانى 80 خێزانى كورته‌باڵا كه ژیانى هاوسه‌رگیریان پێك هێناوه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و له‌یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه، هه‌مووشى په‌یوه‌سته به‌و دۆخه خراپه‌ى كه به‌سه‌ر هاوڵاتی و له ناویشیاندا چینى كورته‌باڵا و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت هاتووه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لى