دوای ئەوەی پێگەیەكی لبنانی بڵاوی كردەوە كە خاتوونە گۆرانیبێژی میسری ئەنغام گوتوویەتی، ئەساڵە نەسریی گۆرانیبێژی سووریایی پێی گوتووە كە لە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر رزگاری بووە. ئەنغام روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە، هەڕەشەی ئەوە دەكات كە رووبەڕووی دادگایان دەكاتەوە.
پێگەی "
ئیلاف" هەواڵەكەی لە تویتەری ئەنغام بڵاو كردووەتەوە و تەنیا ئاماژە بە پێگەی ئەلیكترۆنیی كۆوارێكی لبنانی دەكات بێ ئەوەی ناوی كۆوارەكە بێنێت، گوایە پێشتر لە تویتەری خۆی ئاشكرای كردووە كە ئەساڵە هاتووەتە لای و پێی گوتووە، "سەركەوتووبووم لە وازهێنان لە بەركارهێنانی مادەی هۆشبەر".
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە، ئەنغام لە تویتەری خۆی روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تەواوی ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە و نووسیویەتی، "ئەو قسەیەی كۆوارە لبنانییەكە بڵاوی كردووەتەوە، بەتەواوی درۆیە و لە هیچ شوێنێك قسەی بەو شێوەیەم نەكردووە. ئەساڵە هاوڕێەكی زۆر خۆشەویستی منە و مەبەستیانە نێوانمان تێك بدەن".
دواتر نووسیویەتی، "راوێژكاری یاساییی خۆم عادل حوسێن راسپاردووە كە رێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەو درۆیەبگرێتەبەر بەرانبەر بە سەرنووسەر و ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆوارەكە".
ماوەی چەند مانگێك بەرلە ئێستە، خاتوونە گۆرانیبێژ ئەساڵە نەسری لە فڕۆكەخانەی بەیرووت هاتە گرتن، بەهۆی ئەوەی مادەی هۆشبەر لەناو جانتاكەی دۆزرابووەوە، پاش ماوەیەكی كەم ئازاد كرا، ئەو رووداوەی زۆربەی میدیا عەرەبییەكانی هەژاند.
ئەنغام لە ساڵی 1972 لە شاری ئەسكەندەرییەی میسر لە دایك بووە، باوكی محەمەد عەلی سلێمانە كە موزیكوانێكی زۆر ناوداری میسرە و مامیشی هونەرمەند عیماد عەبدولحەلیمە. بۆیە ئەنغام لە ماڵباتێكی هونەریدا پەروەردە بووە. لەناو 20 ساڵی رابردوودا، یەكێك بووە لە خاتوونە گۆرانیبێژانی زۆر دیاری میسر. خانمی یەكەمی میسر "سوزان موبارەك" كە دەكاتە هاوسەری حوسنی موبارەك، نازناوی "گۆرانیبێژی میسر"ی لێ نا كە ئەلبوومەكانی زۆرترین فرۆشیان هەبووە.
ئەساڵە نەسری لە ساڵی 1969 لە سووریا لە دایك بووە و لە دیمەشق پەروەردە بووە، دەكاتە كچی هونەرمەند مستەفا نەسری كە یەكێك بووە لە گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و موزیكوانە ناودارەكانی سووریا. لە منداڵییەوە بەهاوكاریی باوكی دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە و لەسەر تەختەی شانۆ دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە. تا ئێستە خاوەنی دەیان گۆرانییە كە زۆربەیانی كلیپ كردووە، جیا لەو كۆنێسترانەی لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا كردوونی. هاوكات دەیان خەڵاتی عەرەبی و دنیایی وەرگرتووە و بە یەكێك لە ئەستێرە زۆر دیارەكانی گۆرانیی عەرەبی هەژمار دەكرێت.