وادەی كۆتای بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان دیاری كرا

:: PM:03:32:03/04/2018 ‌
سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دوا وادەی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانی بۆ هاووڵاتییان ڕاگەیاند و رەتی كردەوە كە كارتی دەنگدانی هێزەكانی پێشمەرگە بدرێتە دەست لیوا و فەرماندەكان.

ئەمڕۆ سێشەم سێی نیسان/ ئەپریل، مازن  عەبدولقادر سەرۆكی‌ دەستەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هاوشێوەی هاووڵاتییان، هێزە تەناهییەكان دەتوانن سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن و 173 بنكە كراونەتەوە تا هاووڵاتییان بەشێوەیەكی خێرا كاروبارەكانیان رای بكرێت.

ڕوونی كردەوە كە دوا وادە بۆ وەرگرتنەوەی‌ كارتی‌ دەنگدان، نۆی ئایار دەبێت كە دەكاتە سێ ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.

دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ئەو هەواڵانەیشی رەت كردەوە كە‌ باس لەوە دەكەن كارتەكانی‌ دەنگدان بۆ هێزەكانی‌ پێشمەرگە دەدرێتە دەست فەوج و لیواكانیان. دووپاتی كردەوە ئەوانیش دەبێ‌ سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن.

بڕیارە لە ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنەكان لە عێراق بەڕێوە بچێت و كورد بە چەندان لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا كردووە.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم