ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌موو، فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگیی عێراقی بۆردومانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كردووه و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ڕائید ته‌ها یونس پێشمه‌رگه له‌هێزه‌كانى حه‌فتاى سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، لێدانێكى فڕۆكه‌وانى بوو بۆ سه‌ر فه‌وجى دوو له لیواى شاره‌زوور، تیمێكى ئێمه به‌په‌له چووینه سه‌ردانیان، به‌ڵام هیچ زیانێكى نه‌بووه ته‌نیا پێشمه‌رگه‌یه‌ك بریندار بووه و ئێسته بارى ته‌ندروستیى جێگیره و بۆ نه‌خۆشخانه‌ى ئازادى شارى كه‌ركووك گوازراوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه به‌پێی زانیاری ئه‌وان، بۆردومانه‌كه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی سوپای عێراقییه‌وه بووه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی زیاتری له‌باره‌وه نه‌زانی.
لاى خۆشیه‌وه محه‌مه‌د مه‌لا قادر فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه له سنوورى داقوق، له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكراى كردووه، ڕاسته بۆردومانه‌كه كراوه، به‌ڵام تا ئێسته هۆكاره‌كه‌ى نه‌زانراوه، گوتیشی: پێ ده‌چێت به هه‌ڵه ئه‌م بۆردومانه كرابێت.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى "وشه" بۆردومانه‌كه له ناوچه‌ى زه‌رگه‌ى باشوورى ڕۆژئاوایى شارى كه‌ركووك ئه‌نجام دراوه و ئێسته بارودۆخى ناوچه‌كه ئارام بووه‌ته‌وه و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش پێوه‌ندییان به سوپاى عێراق كردووه كه هۆكارى ئه‌م بۆردومانه ڕوون بكه‌نه‌وه.
بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و ڕووداوه، جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی گوت: تا ئێسته بۆمان ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه كه بۆردومانی فڕۆكه بووه یان بۆمب بووه، ئێسته له پێوه‌ندی و گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ هێزه هاوپه‌یمانه‌كان به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا، تا ڕوونكردنه‌وه‌مان له‌و باره‌یه‌وه بده‌نێ و خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه ده‌بین تا هۆكاره‌كه‌ی ده‌دۆزینه‌وه.