زیاتر له‌ 52 هه‌زار ئاواره‌ی مووسڵ هاتوونه‌ته‌ كوردستان

:: PM:10:03:26/11/2016 ‌

له‌ دوای ده‌ستپێی كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ، تا ئێسته‌ زیاتر له‌ 68 هه‌زار ئاواری مووسڵ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌كاته‌ زۆرینه‌ی هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌ی شاره‌كه‌یان به‌جێ هێشتووه‌.

له سەره‌تاى دەستپێكردنى كرده‌وه‌گه‌لی رزگاركردنى شارى مووسڵ له‌ لایه‌ن هێزەكانى پێشمەرگه و سوپاى عێراق زیاتر له‌ 68 هه‌زار كه‌س ئاوارە بوون و لەو ژمارەیەش 74% كه دەكاته 52 هەزار كەس (10 هه‌زار خێزان) هاتوونەته هەرێمى كوردستان و له كه‌مپەكانى خازر، حسن شام و دیبگه‌ له هەولێر و كەمپەكانى زێلكان و نەرگزلى له دهۆك نیشتەجێ كراون.

 به‌پێی راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان، بەهاوكارى و هەماهەنگى له‌گه‌ڵ وەزارەتى كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوەكانى نەتەوه یەكگرتووەكان و رێكخراوى خێرخوازى بارزانى و مانگى سورى عێراقى لە هەرێمى كوردستان پێشوازى له‌و ئاوارانه‌ ده‌كرێت كه‌ روو ده‌كه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان و خواردن و پەناگه و پێداویستیی ژیان بۆیان دابین ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها له راگه‌یاندراوه‌که‌دا هاتووه "تا ئێستا چوار كەمپ بۆ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان تەواو كراون و هه‌شت كەمپى دیكه‌ش له ژێر دروست كردندان، به‌ ته‌واوبوونی ئه‌و كه‌مپانه‌ ده‌توانرێ پێشوازی له‌ نزیكه‌ی 43 هه‌زار خێزان (244 هه‌زار كه‌س) بكرێت".

له‌ سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی گه‌یاره‌ له‌ 14 مانگی ئاداری رابردوو تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ 91 هه‌زار ئاواره‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و شه‌پۆڵی هاتنیشیان به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌تی له‌ناو موسل، گه‌یاره‌، شڕگات، حه‌ویجه‌ و قه‌راج.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ هاناوه‌ چوونی ئاواره‌كان، مانگانه‌ پێویستی به‌ 962 ملیۆن دینار هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئێستا هیچ هاوكارییه‌كى دارایى راسته‌وخۆ پێشكه‌ش به حكومه‌تى هه‌رێم نه‌كراوه.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كى زۆری دانیشتوانی ناوچه ئازادكراوه‌كان به‌هۆى نه‌بوونى ئاو و خۆراك و ده‌رمان و سووته‌مه‌نى له ره‌وشێكى زۆر خراپدان، ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست و خێرا هاوكارى نه‌كرێن، ناچار ده‌بن ناوچه‌كانیان جێ بهێڵن و روو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان.


وشە - كوردۆ شابان