سەرۆكی رووسیای فیدراڵ و سەرۆك كۆماری توركیا، درەنگانی شەوی ڕابردوو بە تەلەفۆن پێوەندییان بەیەكەوە كرد و هەردوولا بە وردی تاوتوێی دۆخی سووریایان كرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی كۆشكی كرملێن، شەوی ڕابردوو ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندییان بەیەكەوە كردووە و بۆچوونەكانیان لەبارەی دوا پێشهاتەكانی سووریا خستووەتە ڕوو، هاوكات دووپاتیان لەسەر یەكخستنی هەوڵەكان كردووە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر.
ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییەی پوتین بۆ ئەردۆغان لە كاتێكدایە رۆژی هەینی 24ی ئەم مانگەش ئەردۆغان پێوەندی لەگەڵ پوتین ئەنجام دا، گفتوگۆیان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سووریا بە شێوەیەكی ئاشتی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە زاری سەرچاوە باڵاكانی كۆشكی سەرۆكایەتیی توركیا دزەیان كردووە، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی هەینی نێوان ئەدرۆغان و پوتیندا، باس لە كوژرانی چوار سەربازی توركیا لە خاكی سووریا كراوە، لە پێوەندییەكەی درەنگانی شەوی ڕابردووش پرسی بۆردمانكردنی سەربازانی سوپای ئەسەد لەلایەن ئەنكەرەوە تاوتوێ كراوە، كە لەلایەن مۆسكۆوە بە توندی پشتیوانی دەكرێن.
جێی باسە ساڵێك پێش ئێستە بەهۆی بەردانەوەی فڕۆكەیەكی ڕووسیا، پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و مۆسكۆ پێی نایە خراپترین دۆخ و تەنانەت مۆسكۆ گەمارۆی ئابووری خستە سەر توركیا و دەرگەی بە ڕووی هاوردەكردنی بەرهەمی توركیا بۆ نێو خاكی ڕووسیا گرت و بە توندی لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ڕووبەڕووی توركیا وەستایەوە، تا دواتر ئەردۆغان پێوەندی بە پوتین كرد و لەسەر ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە ڕووسییەكە، داوای لێبوردنی كرد و ئەمەش سەرەتای باشبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بوو.
سەرچاوە/ سكای نیوز.