یاسای حەشدی شەعبی.. گورزێكی تر لە یەكێتیی خاكی عێراق

:: AM:10:21:27/11/2016 ‌

دوێنێ شەموو رێككەوتی 26 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی سونە، بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبییان پەسەند كرد و وەك یاسایەك دەنێردرێتە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، ئەمە ناڕەزایەتیی سونەكانی لێ كەوتووەتەوە، یاساناسێكیش دەڵێ، پەسەندكردنی یاساكە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و لێكۆڵەرێكیش ئاماژە بەوە دەكات، یاسای حەشدی شەعبی بۆكسێكی بەهێزە بەر یەكێتیی خاكی عێراق دەكەوێت.

هاوپەیمانی هێزە سونییەكان كە گەورەترین فراكسیۆنی سونەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن، پەسەندكردنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بە هەڵوەشاندنەوەی بنەمای هاوبەشایەتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق لە قەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوەش دەكەن كە لە دادگەی فیدراڵی تانەی لێ دەدەن.

ئەحمەد مەساری سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە ئاشكرای كرد، پێشتر داوامان لە هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان كرد، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر یاساكە بكەین و كۆدەنگی نیشتمانی بۆ دروست بێ، تا هیچ كاردانەوەیەكیش بەدوای خۆیدا نەهێنێت، بەڵام ئەوان بنەمای هاوبەشایەتییان شكاند.



هەروەها گوتی، نووسراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوەش هات ئاماژەی بەوە كردووە، یاساكە پێویستی بە پێداچوونەوە و بەدواداچوونی وردە لەلایەن لیژنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام هاوپەیمانی نیشتمانی بە تەواوی ئەوەیان پەراوێز خست.

ئاماژەی دا، تێپەڕاندنی یاساكە پێچەوانەی هەموو رێككەوتنەكان و دروستكردنی دیكتاتۆریەتی زۆرینەیە و لێدانە لە بنەمای هاوبەشایەتی و بەیەكەوە كاركردن.

لەلایەكی ترەوە ئوسامە نوجێفی ئاشكرای كرد، ئەو یاسایە بە تەواوی پێچەوانەی پڕۆژەی "تەسویەی سیاسی"یە كە لەلایەن هاوپەیمانی شیعەكانەوە باسی لێوە دەكرێت.



هاوكات رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سونە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ میدیاكان ڕوونی كردەوە، كە یاساكە هەمان شێوە و بنەما و پێكهاتەی پاسدارانی ئێرانی تێیدا پێڕەو كراوە.

یەحیا كوبێسی ڕاوێژكاری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیجییەكان گوتی، پەسەندكردنی ئەو یاسایە بۆكسێكی زۆر بەهێز بوو لە یەكێتیی خاكی عێراق درا.

هەروەها گوتی، دادگەی فیدراڵی لایەنداری دەكات و بێ دەنگە لەسەر ئەو یاسایە، چونكە پێچەوانەی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكانە و سەپاندنی پێناسەی تاكڕەوی پێكهاتەیەكە بەسەر عێراقدا.



یاساناس عەلی تەمیمی بە میدیاكانی ڕاگەیاند، تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بە زۆرینە و پێكهێنانی هێزێكی تر لە ناو عێراق، بە تەواوی و بە ڕوونی پێچەوانەی مادەی 63ی دەستووری عێراقە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێستە ژمارەی چەكدارانی میلیشیا جیاجیاكانی نێو حەشدی شەعبی بە 140 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، هەر چەكدارێكیش مانگانە بڕە پارەیەكی باشی پێ دەدرێ كە خۆی لە 900 هەزار دینار دەبینێتەوە، هاوكات ئەو میلیشیایانە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرماندەیی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران جموجۆڵ دەكەن و ئەوان گوێ بە هیچ بنەما و یاسایەكی عێراق و دەرەوەی عێراق نادەن و خەریكی كوشتوبڕی و دزی و تاڵانین.

ساڵی 2014 دوای فتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق، كە داوای جیهاد و چەكهەڵگرتنی لە شیعەكان كرد و بەو هۆیەوە بە هەزاران لە شیعەكان دەستیان دایە چەك و دژی هاتن و هێرشەكانی داعش وەستانەوە، دواتر ئەو هێزانە ناویان لێ نرا حەشدی شەعبی كە خۆیان لە 17 گرووپی جیاجیای میلیشیاكانی شیعە دەبیننەوە.

هادی عامری وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق و ئەفسەری پێشووی سوپای ئێران لە شەڕی ئێران و عێراق لە ماوەی 1980 تا 1988 سەرپەرشتییان دەكات، هاوكات ئەبو مەهدی موهەندیس جێگریەتی كە پیاوێكی سەر بە ئێرانە و پێشتر لە ڕیزی سوپای ئێران خزمەتی كردووە و بە تیرۆركردنی دەیان كەس تاوانبارە، هاوكات ئەو گرووپە شیعانە بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی جادرییەی بەغدا تۆمەتبارن كە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس دژ بە سونەكان ئەنجامیان دا.



پێشتر رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەیان بەیاننامە و ڕاگەیەنراویان لەسەر ئەو میلیشیایانە بڵاو كردەوە، كە خەریكی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و بنەماكانی جەنگن، حكوومەتی عێراقیان هۆشیار كردەوە، بەڵام حكوومەت بەهیچ شێوەیەك گوێی بە ڕاگەیەنراوی رێكخراوەكان نەدا و میلیشیاكانیش بەردەوام بوون لەسەر ئەنجامدانی تاوانەكان.

بەگوێرەی ئەو تاوانەی تا ئێستە باسیان لێوە دەكرێ، لە سنووری ناوچەكانی پارێزگای دیالە، میلیشیاكان 250 مزگەوتیان بە بیانووی تیرۆر وێران كردووە یان تەقاندوویانەتەوە، هەروەها لە سەڵاحەدین دەیان وێنە و ڤیدیۆ و دیكیۆمێنت لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بوونەوە كە ئەوان خەریكی دزی و تاڵانكردنی ماڵەكانن، لە فەلووجە و ئەنبار كۆمەڵكوژی و پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە خەڵكی سونەی ئەو ناوچانە ئەنجام دا و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی بۆردمانی خەڵكی مەدەنی و بێ چەكی فەلووجەیان كرد، لە ماوەی ڕابردووش ئاشكرا بوو كە میلیشیاكان 300 كەسی عەشیرەتی عەرەبەكانی مووسڵیان ڕفاندووە و تا ئێستەش بێسەروشوێنن.

سەرچاوە/ ئەلجەزیرە، قودسی عەرەبی، ویكپیدیا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د