مالیكی و گۆڕان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان قەدەغە دەكەن

:: AM:11:15:27/11/2016 ‌

لە بەردەوامی فشارەكانی ئێران بۆ سەر حكوومەتی بەغدا، ئێستە لەلایەن نووری مالیكی و كوتلەكەی لە پەرلەمانی عێراق بە یارمەتی بزووتنەوەی گۆڕان، دەیانەوێ پڕۆژە یاسایەك بخەنە بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق، ئامانجیش لێی دەركردنی پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە لە هەرێمی كوردستان، چونكە بەهیچ شێوەیەك باس لە دەركردنی پەكەكە و هێزەكانی تر نەكراوە، تەنیا ئامانجی سەرەكیی مالیكی و گۆڕان لەم كارەدا، ئەوەیە كە چارەنووسی پێشمەرگە و حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی موجاهیدینی خەلق لێ بكەن و ڕەوانەی وڵاتی سێیەمیان بكەن، چونكە ئێران لە جموجۆڵەكانی ئەم دوایییەی حزبەكانی رۆژهەڵات ترساوە و دەیەوێ بە تەواوی دووریان بخاتەوە.

حزبەكانی رۆژهەڵات و موجاهیدینی خەلق
موجاهیدینی خەلقی ئێران رێكخراوێكی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لە ساڵی 1979 لە كەمپی ئەشرەفی شارۆكەی خاڵس نیشتەجێ كران، دوای ڕووخانی بەعس، گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران بەردەوام هێرشیان دەكردنە سەر و تا دواجار ئەمەریكا و هاوپەیمانان بردیانن بۆ بەغدا و لە كەمپی لیبرتییەوە بەرەو وڵاتی سێیەم ڕەوانەیان كردن و لە عێراق نەمان.



بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئێستە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای سەر بە نووری مالیكی پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردووە بۆ دەركردنی هەموو هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەو چوارچێوەیەش دەیانەوێ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە كۆیە و قەرەداغ و جەژنیكان نیشتەجێن، تووشی هەمان چارەنووسی موجاهیدینی خەلق بكەن و ڕەوانەی وڵاتی سێیەمیان بكەن. ئەم پڕۆژە یاسایە بڕیارە فراكسیۆنەكەی مالیكی لەگەڵ گۆڕان بەتایبەت تاوتوێی بكات، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ دابڕاندنی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان و دەیانەوێ بەیەكەوە چارەنووسی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بە دەردی موجاهیدینی خەلق ببەن و گۆڕانیش بەنهێنی پشتیوانی كردوون.

پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی لەو هەوڵەی مالیكی لە ژێر فشاری كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوە و گوتی، ئێران مەترسی جموجۆڵی حزبەكانی رۆژهەڵاتی لێ نیشتووە، بۆیە دەیەوێ بە یاسا و لە ڕێی بەغداوە لە عێراق وەدەریان بنێت.

هاوكات موحسین سەعدوون سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە"وشە"ی ڕاگەیاند، هەوڵێكی لەو جۆرە هەیە و پڕۆژە یاسایەك ئامادە دەكرێ بۆ دەركردنی هەموو هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق، بەڵام تا ئێستە پڕۆژەكە نەگەیشتووەتە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بۆیە وردەكاریی پڕۆژەكە تا ئێستە لای لیژنەی یاسایی ڕوون نییە.

لەلایەكی ترەوە حاكم ئەحمەد سلێڤانەیی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر پڕۆژە یاسایەك هەبێ بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، جێبەجێكردنی ئەستەمە، چونكە ناتوانرێ هەموو هێزەكان لە عێراق دوور بخرێنەوە. 

پڕۆژە یاساكە سەرناگرێ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا ئەو هەفتەی لە وەرزی یاسادانانی ساڵی 2016 لە دەست ماوە و لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی ئەم هەفتەیەش هیچ پڕۆژە یاسایەكی لەو شێوەیە بوونی نییە، بەڵام پێ دەچێ لە ساڵی نوێی یاسادانان كە لە مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری 2017 دەست پێ دەكاتەوە، ئێران كوتلەكەی مالیكی و گۆڕان دەستبەكار بكات بۆ هەنگاونان بە ئامانجی دەركردنی ئەو یاسایە.



شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی تەناهی و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، هاتنی پڕۆژە یاسایەكی لەم شێوەیە بۆ پەرلەمان، بەهیچ شێوەیەك سەركەوتوو نابێ، چونكە یەكەم هێز پێویستە لە عێراق بچێتە دەرەوە خودی ئێرانە، بەهیچ شێوەیەكیش ئێران ناچێتە دەرەوە، بۆیە ئەم پڕۆژە یاسایە سەرناگرێ و سەركەوتوو نابێ.

حەمەنەزیف قادری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "حدكا" پێی وایە، هەر پڕۆژەیەك لەبارەی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتەوە بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێیەم، بەلای ئێمەوە بابەتێكی بێ بنەمایە و دوورە لە بنەماكانی مافی مرۆڤ، لەوانە گرنگتر، ئەو بەشەی رووی لە كوردی رۆژهەڵاتە، ئەوا تایبەتمەندی و پێناسەی خۆی هەیە، چونكە كورد لە نیشتمانی خۆیەتی و ئێمە وەك كوردی رۆژهەڵات لە خاك و وڵاتی خۆمانین و ئەو چەشنە پڕۆژە یاسایانە تەنیا خزمەت بە سیاسەتی دیكتاتۆری و كۆنەپەرستانی ناوچە دەكات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە"ش كەوتوون، لە پڕۆژە یاساكەدا هاتووە، ئەو هێزانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ناویان هاتووە، لەبارەی پەكەكەوەش نەرمی نوێنراوە و مانەوەی لە عێراق بەستراوەتەوە بە مانەوەی هێزەكانی توركیا لە عێراق و دەستوەرنەدانی لە كاروباری عێراق، لە كاتێكدا ئەو ڕێوشوێنە بۆ ئێران نەگیراوەتە بەر.

ئەنوەر محەمەدی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر پڕۆژە یاسایەكی لەو شێوەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسند بكرێت، بەر لە هەموو شتێك پڕۆژەیەكی دژە مرۆیی و دواتر دژی بزووتنەوەی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، رەنگە ئامانجە سەرەكییەكەیشی حزبەكانی رۆژهەڵات بن، دوور نییە لە ژێر گوشاری كۆماری ئیسلامیی ئێراندا خرابێتە روو.

هاوكات شاخەوان عەبدوڵا دووپاتی كردەوە، ئەوەی بەسەر موجاهیدینی خەلقیان هێنا و لە عێراق دەریانپەڕاندن و دواتر لێیان كوشتن، ئامانجەكەی ئێستەش هەر ئەوەیە كە ئەوانەی لە هەرێمی كوردستاندان، نەمێنن.

كوردستان یاساكە قبووڵ ناكات
ئەو یاسایانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچێت، كاتێك لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن كە پەرلەمانی كوردستان ڕەزامەندییان لەسەر بدات، بەپێچەوانەوە یاساكان تەنیا لە سنووری ناوەڕاست و باشووری عێراق كاریان پێ دەكرێت.

دەستووری عێراقی دانی بەو هەرێمەدا ناوە كە خاوەنی دەستوورێكی ناوخۆیییە، بۆ نموونە لە هەرێم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەكرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق ناتوانێ دەستوەردانی تیادا بكات و تەنانەت كێشەكانی هەرێمی كوردستان تا ئێستە نەچووەتە بەردەم دادگەی فیدڕاڵ، بەڵكو لە ناو هەرێمی كوردستان دادگەی باڵای هەرێم یەكلایان دەكاتەوە، بۆیە هەر یاسایەك لە بەغدا دەربچێت، ئەگەر دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی كوردستان هەبێت، ئەوا هەرێمی كوردستان دەتوانێت رەچاویان نەكات، مەگەر ئەو یاسایە لەناو دەستووردا چەسپێنرابێت.

وەك محەمەدی ئاماژەی پێ دەدات، كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆری هەوڵ داوە لە رێگەی حكوومەتی عێراق و تەنانەت لە رێگەی حكوومەتی هەرێمیشەوە فشار بخاتە سەر ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات، بەڵام بەخۆشییەوە تا ئێستە كۆماری ئیسلامی لەوەدا سەركەوتوو نەبووە حزبەكانی باشوور یان حكوومەتی هەرێمی كوردستان ملكەچی بڕیارەكانی بكات، بەڵام بینیمان لەو چەند ساڵەی رابردوودا حكوومەتی هەرێم هەڵوێستی روونی هەبووە لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامیدا لەسەر كوردی رۆژهەڵات و بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان.



هەڵوێستی دیموكراتەكان
لەبارەی ئەو پڕۆژە یاسایە و هەوڵدانی ئێران لە ڕێی مالیكی و گۆڕانەوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی موجاهیدینی خەلق، حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە عێراق دەربكات، عومەر باڵەكی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان لە بواری یاسایییەوە خاوەن دەستوور و پەرلەمان و حكوومەتی خۆیەتی و ئەگەر یاسایەكی لەو شێوەیە لە پەرلەمانی عێراق پەسند بكرێت، رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، چونكە بابەتەكە بەپێی یاسا بە كێشەیەكی ناوخۆیی هەژمار دەكرێت.

ئەو هێمای بۆ حزبەكانی كوردستان كرد و گوتی، لە بەرنامە و پێڕەوی حزبەكانی باشووری كوردستان هاتووە كە یارمەتیدەر دەبن بۆ سەركەوتنی دۆزی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان، پڕۆژە یاسایەكی لەو شێوەیەش ناچێتە خانەی دوورخستنەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێگری دروست بكات، چارەنووسی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتیش بەم كارانە وەك موجاهیدینی خەلقی لێ نایەت، چونكە هەرگیز حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەنووسی موجاهیدینی خەلقی ئێران تووشی كوردی رۆژهەڵات یان پارچەكانی تری كوردستان ناكات.

حەمەنەزیف قادری دووپات لەوە دەكاتەوە، ئێمە وەك حدكا، بە هەموو ئەو كەس و لایەنانە رادەگەیەنین كە لە بەرژەوەندیی لایەنێكی كۆنەپەرست و دیكتاتۆری ناوچەكە ئەو پڕۆژانە دەخەنە روو، ئێمە لە وڵات و نیشتمانی خۆمانین و لەناو خەڵكی خۆمانداین، ئەو جۆرە پڕۆژانە ناتوانێ هیچ كارتێكەرییەك بكاتە سەر خەبات و تێكۆشانی كوردی رۆژهەڵات و حزبەكانی و جگە لە بێ ئاكامی، هیچ شتێكی تری لێ بەرهەم نایەت.

باڵەكی نەیشاردەوە كە ئێران لە پشت ئەم كارانەوەیە و گوتی،  ئەو پڕۆژانە سیاسین و دەستی كۆماری ئیسلامییان لە پشتە، رێگەیەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات دەیانگرێتە بەر.

هەڵوێستی كۆمەڵە
محەمەدی بە ئەستەمی دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچێتە ژێر ئەو بڕیارە سیاسییە كە بەباشی دەزانێت چ ئامانجێكی لە پشتە. پێی وایە كاتێك بابەتەكە بەتەواوەتی خرایە روو، حزبەكانی رۆژهەڵاتیش هەڵوێستیان روونتر دەبێت و بەپێی بەرژەوەندیی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەركی پەرلەمانتارانی كوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەك دەنگی پێ نەدەن، بگرە بەتوندی هەڵوێستی لەسەر بگرن، هاوكات دەبێ حكوومەتی هەرێمیش لەو بوارەوە هەڵوێست وەربگرێت، لەبەرئەوەی حزبەكانی رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن نەك عێراق.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵە ئاشكرای دەكات، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا و حكوومەتی عێراقدا دەسەڵاتی باڵای هەیە و زۆر بڕیار و ئاڵوگۆڕی سیاسیی لە عێراقدا روو بدات، بێگومان بە فەرمانی ئێرانە، پێ دەچێت ئێران لەوبارەیەوە لە هەرێمی كوردستان بێ هیوا بووبێت، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی حكوومەتی ناوەندەوە پاڵەپەستۆ بخاتە سەر ئۆپۆزسیۆنەكەی كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

وشە/ هیدایەت جان- باز ئەحمەد


وشە - تایبه‌ت