رۆناڵدۆ كەیفی بە 7 یاریزانی ریال مەدرید نایێ


كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی باش نییە بەتایبەتیش لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا ئەمە بەروونی هەستی پێ دەكرێ.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ بەشێوەیەكی گشتی كەیف و چارەی بە 7 یاریزانی یانەكەی نایێ و خوازیارە بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەكەیدا نەیانبینێتەوە.

ئەو یاریزانانەی كە رۆناڵدۆ كەیفی بە چارەیان نایێ برێتین لە ئیسكۆ، كایلۆر ناڤاس، ئەشڕەف حەكیمی، ماتیۆ كۆڤاسیچ، ماركۆس یۆرێنتی، خیسۆس ڤاییخۆ و بۆرخا مایۆڕال.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە هەرچەندە پەیوەندی نێوان رۆناڵدۆ و ناڤاس لە ماوەی رابردوودا لەوپەڕی باشیدا بووە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستییەوە داوای گۆڵپارێزێكی تری ئاستبەرزی كردووە و بۆ ئەمەش پێشنیاری دی خیا و تیر شتیگن و كۆرتوای كردووە.

رۆناڵدۆ هەروەها لە هەڵسوكەوتەكانی ئیسكۆ لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگە رازی نییە و ئەمەش بە ئاشكرا لە یارییەكاندا هەستی پێ دەكرێ، لەبەر ئەمە داوای رۆیشتنی كردووە.

پێشتر رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كردبوو، فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانە كاری رازیكردنی مانەوەی رۆناڵدۆی لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بۆ وەرزی داهاتوو بە زێنەدین زیدانی راهێنەر سپاردووە.

ئاشكراشی كردبوو كە پێرێز ئامادەیی خۆی پێشانداوە سەرجەم داواكارییەكانی رۆناڵدۆ جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی لە ریزی یانەكەیدا بمێنێتەوە دوای ئەوەی بڕیاری رۆیشتنی دابوو بەهۆی زیادنەكردنی مووچەكە كە داوای كردبوو هاوشێوەی مووچەكانی لیۆنێل میسی و نیمار دا سیلڤای لێ بكرێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:32:08/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 1990 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌