وەزارەتی دارایی بەم مەرجە پاشەكەوتی مووچەی پێشمەرگە لا دەبات

:: PM:02:55:08/04/2018 ‌
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون لەسەر لیستی نوێی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی نیسان/ ئەپریل، شیلان شێخ جەعفەر سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەردانی وەزارەتی دارایی كردووە بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی لیستی نوێی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە وەربگرێت.

زیاتر گوتی، تا ئێستە بڕیاری كۆتا لەسەر لیستەكە نەدراوە، بەڵام بە دڵنیایییەوە بەڵێن دراوە پاشەكەوتەكە بە ڕێژەیەكی زۆر كەم بكرێتەوە.

لەبارەی ئەوە كە دەنگۆ هەیە پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە نەمێنێت، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، وەزارەتی دارایی و ئابووری لاری نییە لەسەر لابردنی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئەو داهاتەی ئێستە هەیە بە بەردەوام بێتە دەستی حكوومەت.

ئاماژەی بەوە كرد كە لەو قۆناغەی ئێستەدا پێشنیازمان كردووە كە پاشەكەوتی مووچە پێشمەرگە ئاسایی نەگرێتەوە و ئەوانەی تریشی لە نێوان پێنج بۆ 10% مووچەكانیان پاشەكەوت بكرێت.

دوو هەفتەی لەمەوبەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوتی مووچەی سەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەم كردەوە كە 10% تا 35% دەست پێ دەكات، بەڵام بۆ تەواوی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان 20 ملیار دینار دانراوە تا ئەو پاشەكەوتەی هەیانە پێی كەم بكرێتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم