چەند گەڕەكێكی شارۆكەی تەلەعفەری رۆژئاوای مووسڵ، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بە چڕی تۆپباران دەكرێن و قوربانی لە ریزی هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووەتەوە.
سەرچاوەكان لە نێو شارۆكەی تەلەعفەرەوە ئاشكرایان كرد، كە بەهۆی تۆپبارانی میلیشیاكانی شیعە، تا ئێستە پێنج قوربانی لێ كەوتووەتەوە و دووی تریش بریندار بوون، لە نێو قوربانییەكان منداڵ و ئافرەت هەن، هاوكات یاریدەدەری والی تەلەعفەر كوژراوە.
لەلایەكی ترەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە چڕی بنكە و بارەگاكانی داعش لە نێو شارۆكەكە بۆردمان دەكەن و لە گەڕەكی حەسەنكۆی و شوقەكانی نیشتەجێبوونیان كردووەتە ئامانج و ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانیان كوشتووە.
لە درەنگانی بەیانییەوە میلیشیاكان دەستیان بە تۆپبارانی گەڕەكەكانی باشووری تەلەعفەر كردووە و فڕۆكەكانیش بەردەوامن لە بۆردمانكردنی تیرۆریستان.
شارۆكەی تەلەعفەر دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر رۆژئاوای مووسڵ و لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە گەمارۆ دراوە و شارەزایانیش تەلەعفەر بە بۆمبێكی تەوقیتكراو لە قەڵەم دەدەن، چونكە توركیا ئاماژە بەوە دەكات میلیشیاكان بچنە نێو شارۆكەكەوە، ئەوان دەستەوەستان نابن و دەست وەردەدەنە شەڕەكەوە.
سەرچاوە/ئەلجەزیرە.