شیرینیش شووی كرد

:: PM:03:56:09/04/2018 ‌
دوای پێوەندییەكی خۆشەویستیی نێوان خاتوونە گۆرانیبێژی میسری شیرین عەبدولوەهاب و هونەرمەند حوسام حەبیب، دوێنێ یەكشەم ئاهەنگی دەزگیراندارییان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك هونەرمەندی نزیك لە هەردوو زاوا و بووك، ساز كرد.

پێگەی "ئیلاف" هەواڵەكەی گواستووەتەوە و رای گەیاندووە، ئەو ئاهەنگەی بۆ شیرین و حوسام ساز كراوە، لە ڤێلای دایكی زاوا بووە لە گەڕەكی قسوور لە رێی ئیسماعیلییەی بیابانی.

پێگەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە پێوەندیی خۆشەویستیی نێوان شیرین و حوسام، ماوەی چەند مانگێكە دەستی پێ كردووە و دواتر بە دەزگیرانداریی بەكۆتا هاتووە. بەڵام تا ئێستە زاوا و بووك رایان نەگەیاندووە كەی ئاهەنگی هاوسەریی ساز دەكەن.

بەپێی پێگەكە، ژمارەیەك هونەرمەندی زۆر ناودار لەو ئاهەنگە ئامادە بوون كە هاوڕێی نزیكی شیرین و حوسامن، نموونەیان لەیلا عەلەوی، مونا شەلەبی و ئیلهام شاهین. 

شیرین عەبدولوەهاب كە یەكێكە لە ئەستێرە ناودارەكانی گۆرانیی عەرەبی و میسرییە، لە ساڵی 1980 لە ناوچەی قەلعە لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە دایك بووە. لە تەمەنی 13 ساڵییەوە گۆرانی دەڵێت. پاشان لە رێی بەرهەمهێنەر نەسر مەحرووسەوە بەهرەكەی دۆزرایەوە و لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێكی تر بە دوێت گۆرانیی تۆمار كردووە كە دواتر لە ساڵی 2000دا لە ئەلبوومی "بحبك" بڵاو بووەتەوە. دواتر لەگەڵ گۆرانیبێژ تامر حوسنی ئەلبوومێكیان بەناوی "فری مێكس" بڵاو كردەوە.

سێیەمین ئەلبوومی شیرین بەناوی "جرح تانی" بوو كە لە ساڵی 2003دا بڵاو كرایەوە و وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار ناوبانگی لە وڵاتانی عەرەبی دەكرد. هەروەها لە ساڵی 2005دا ئەلبوومی "لازم اعیش"ی بڵاو كردەوە. دواتریش لەگەڵ كۆمپانیای رۆتانا چوار ئەلبوومی تری بڵاو كردەوە. شیرین عەبدولوەهاب تا ئێستە دەیان خەڵاتی گۆرانی و موزیكیی وەرگرتووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د