برایەك خوشكەكەی لە ماڵەوە بەند دەكات

:: PM:04:22:09/04/2018 ‌
ئاسیا ماوەی پێنج مانگ پێوەندی لەگەڵ هاوڕێی براكەی دادەنێت، خێزانی ئاسیا باری ئابوورییان زۆرباشە، بۆیە ئەو كوڕە دەیەوێت لە ڕێی ئاسیاوە پارەی دەست بكەوێ و ئاسیا دەكات بە خۆشەویستی خۆی و دواتر هەڕەشەی بە بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لێ دەكات، هاوكات لە بەرانبەر بڵاو نەكردنەوەی وێنەكانی داوای پارە دەكات، لە كاتێكدا بۆ چەند جارێك بە بڕی جیاواز شاڵاو پارەی لە ئاسیا وەرگرتووە، بەڵام ئێستە ئاسیا لە ژێر دوو هەڕەشەدایە كە یەكێكیان هەڕەشەی خۆشەویستەكەیەتی و یەكێكی تریش هەڕەشەی براكەی.

ئاسیا كچێكی تەمەن 20 ساڵە قوتابی پۆلی 12 بوو، بەڵام بەهۆی ئەو كێشەی خۆشەویستەكەی بۆی دروست كردووە، وازی لە قوتابخانە هێناوە و ئێستە لە ماڵی خۆیان بەند كراوە. دوای ئەوەی چەند جارێك لەبەر شاڵاو پارە لە ماڵەوە دەدزێت، دایكی برا گەورەكەی ئاگادار دەكاتەوە كە ئاگاداری خوشكەكەی بێت، چونكە گومانی لێ دەكەن، بۆیە لە ماڵەوە بەند دەكرێت و دەخرێتە ژێر چاودێری، براكەی پێی گوتووە كە ئەگەر ئاسیا پارەی لە ماڵی خۆی دزی بێت "بەقوربانی یەك گولەی دەكات".

ئاسیا چیرۆكی ناسینی شاڵاو بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، هاوڕێی برا ناوەندییەكەم بوو ماوەیەك زۆر سەردانی ماڵمانی دەكرد، ئەو كوڕێكی زۆر جوانە و زۆر سەرنجی منی دەدا منیش چونكە زۆر جوان بوو، هەرزوو كەوتمە داوی و خۆشمویست، سەرەتا پێی گوتم هەر مانگێك قسە دەكەین بۆ ئەوەی یەكتر بناسین، دواتر دێمە داوات، منیش ڕازی بووم ئەو ماوەیە هەموو شەوێك تابەیانی قسەمان دەكرد، سەرەتا لە ناردنی وێنەی ئاسایی دەستی پێ كرد، ئەو داوای وێنەی كرد بۆ ئەوەی پێشانی دایكی بدات، بەڵام دوای ماوەیەك ئەو وێنانە گۆڕان تا كار گەیشتە ڕادەیەكە ئەوەندەم خۆشویست كوێر بووبووم بۆی هەرچی بگوتایە ڕەتم نەدەكردەوە.

جگە لە وێنە و قسەكردنی بەردەوام بە تەلەفۆن، چەندان جاریش ئاسیا دەچێتە ماڵی شاڵاو. ئەو نایشارێتەوە كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا هەموو شتێكی پێشكەشی خۆشەویستەكەی كردووە، دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە شاڵاو هێندە بە لێزانانە ئەو كارانەی كردووە هەرگیز گومانی بۆ دروست نەبووە.

ئاسیا دەڵێت، خۆشەویستییەكەمان گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە نەمدەوێرا بڵێم وەرە بۆ داوام لە ترسی ئەوەی نەك ماڵی ئێمە ڕازی نەبن و منی نەدەنێ، چونكە بەرگەی ئەوەم نەدەگرت، بۆیە بێدەنگ بووم  و بەو خۆشەویستییە بەردەوام بووم لەگەڵ ئەوەی بەهەموو شتێك ڕازی بووم لەگەڵی.

وەك ئاسیا باسی دەكات، لەو ماوەیەی كە پێوەندی لەگەڵ شاڵاو هەبووە، هەموو خەرجییەكی كێشاوە، بەڕادەیەك هەرچی لە زێڕ و تەنانەت ئەو پارەیەشی لە ماڵەوە بۆ خەرجی خۆی وەری گرتووە، داویەتی بە شاڵاو، بەڵام دوای ئەوەی هیچی نەماوە، شاڵاو بۆ دەستكەوتنی پارەی زیاتر و شتی گەورەتر دەیخاتە ژێر باری هەڕەشەوە و هەر جارە و بڕێكی جیاواز پارەی لێ داوا دەكات.

ئاسیا باس لەو كاتە دەكات كە ڕووی ڕاستی خۆشەویستەكەی بۆ دەركەوتووە و دەڵێت، ماوەیەك زۆر گۆڕا بەردەوام شەڕی پێ دەفرۆشتم، دواتر گوتی ئەگەر 400 دۆلارم بۆ نەهێنیت ئەو وێنانەی كە لەلامە بە ژمارەیەكی نەناسراو بۆ براكەتی دەنێرم، لە ترسان و لە شۆكبوونی خۆم هەفتەیەك لە جێ كەوتم، بەڵام سوودی نەبوو و ئەو لە هەڕەشەكردن بەردەوام بوو، بۆیە ناچار بووم بۆ یەكەمجار دەستم كرد بە پارە دزین لە ماڵەوە و بۆ پێنج جاری تر دووبارە بووەوە، بەڵام هەر جارە و بە بڕێكی جیاواز.

"مێشكم زۆر باش لەسەر خۆم نییە نازانم چەندم پارە لە ماڵەوە دزیوە، هەر ئەوەندە دەزانم من لەبەر ئەو بووم بە دزی گەورەی ماڵی خۆمان". ئاسیا وادەڵێت.

دایكی ئاسیا هەست بەوە دەكات كە ئاسیا باری دەروونی خراپە و ئەو پارانەیشی كە دیار نامێنن كچەكەیەتی، بۆیە بە برا گەورەكەی دەڵێت و ئەویش بەندی دەكات و لە ماڵەوە دەیخاتە ژێر چاودێری، بەجۆرێك ئێستە ئاسیا لە ژێر هەڕەشەی براكەی و خۆشەویستەكەیدایە. ئەو  دەڵیت، ئەگەر پارە ببەم بۆ شاڵاو ئەوا دەمكوژن لە ماڵەوە، ئەگەر نەیبەم شاڵاو وێنەكانم بۆ ماڵەوە دەنێرێت و هەر بەكوشت دەچم، بۆیە ئەوەی ئێستە چاوەڕوانی من دەكات مردنێكی تاڵە.

ئاسیا دەڵێت، ئێستە لە ڕێی دایكم و خوشكە گەورەكەمەوە دەمەوێ كێشەكەم چارەسەر بكەم، بەڵام نازانم بەكوێ دەگەم، بۆیە كەوتنەناو ئەو دۆخە زۆر ئاسانە، بەڵام دەرهاتن لێی زۆر ئەستەمە و داوا لە هەموو كچان دەكەم ژیانیان نەفەوتێنن و بڕوا بە هیچ كوڕێك نەكەن، تا ئەو كاتەی دێتە داوایان.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕحمان


وشە - سه‌رخێڵ هاشم