نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میانەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، باسی لەوە کرد کە حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە پێکهاتەکانی عێراق سیاسەتێکی دووفاقی پێڕەو دەکات، لهلایهكهوه یاسا بۆ حهشدی شهعبی دهردهكات، بهڵام دهبوو بۆ هێزی پێشمهرگهش ههماههنگ بووایه و پێداویستییهكانی بۆ دابین بكردابووایه.
ئەو باسی لە سەردانی ئەمدواییەی خۆی بۆ تورکیا کرد و گوتی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسیان لە پێوەندییەکانی هەرێمی کورستان و تورکیا، پێوەندییەکانی بەغدا و تورکیا و لە هەمان کاتدا پرسی ئاوارەکانی مووسڵ کردووە. جگەلەمانە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیادا باسی هەدەپەشیان کردووە.
لە ولامی پرسیارێکی تردا سەبارەت بە کوژرانی د.وشیار، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێرای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مهلا وشیار و خەڵکی هەولێر گوتی، لە ئاشکرابوونی ئەوانەی تاوانەکەیان کردووە هەواڵی خۆش هەیە و ئاشکراکردنی و وردەکارییەکان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و لایەنە پێوەدنیدارەکان جێدەهێڵێت.
لە پێوەندی لەگەڵ ئەو یاسایەی لە بەرژەوەندی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو نێچیرڤان بارزانی روونی کردەوە رێز لە رۆڵی حەشدی شەعبی دەگرن و پێیان وایە رۆڵی گرینگی هەبووە، بەڵام وەک چۆن حکوومەتی عێراق هەموو ئیمکاناتێک بۆ حەشدی شەعبی دابین دەکات و هاوکاری دەکات، خۆزگە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەشی کردبا و ئەو سیاسەتە دووفاقییەی بەغدا بەرامبەر بە پێکهاتەکانی عێراق پیڕەوی دەکات شتێکی زۆر خراپە.
سەبارەت بە پرسی بودجەی گشتی عێراق نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو کە حکوومەتی عێراق پێش ئەوەی بودجە بنێرێتە پەرلەمان دەبوایە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببایەوە، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نەکردووە.
ئەو باسی لەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان حەز دەکات کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بەڵام بەغدا کەمتەرخەمە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و کاتێک لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٤ حکوومەتی عێراق بە یەکجاری بودجەی کوردستانی بڕی هێشتا هەرێمی کوردستان تەنانەت دەستی بە فرۆشتنی نەوت نەکردبوو، ئەو گوتی کاتێک حکوومەت بودجەی لێمان بڕی ئێمەش هیچ چارەیەکمان نەبوو جگەلەوەی کە نەوتی خۆمان بفرۆشین.