ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات ڕۆژی پێنجشەم پاشكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ بەشێوەیەكی فەرمی ئاشكرا دەكرێت و پاشكەوتەكەشیان نزیك دەبێت لە فەرمانبەرانی ئاسایی و زۆر جیاوازی نابێت.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی نیسان/ ئەپریل، ئاواز حەمید ئەندامی پەرلەمان لە لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ بەرێوەچووە لەبارەی بڕیاردان لەسەر مووچەی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش.
ئەندامەكەی پەرلەمان گوتی، وا بڕیارە ڕۆژی پێنجشەم بەفەرمی بڕیار لەسەر پاشكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش بدرێت و ڕێژەی نوێیی سیستەمی پاشەكەوتیان ئاشكرا بكرێت.
زیاتر گوتی، پاشكەوتی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش زۆر نابێت و لە ڕێژەی فەرمانبەرانی ئاسایی زیاتر نابێت و جیاوازییەكی زۆری نییە.
لە 27ـی ئادار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەران پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و بەرزترین ڕێژەی پاشەكەوتیش لە %30 دەبێت و نزمترینیش لە %10 دەبێت و مووچەی لە 400 هەزار دینار كەمتر پاشكەوتی لێ ناكرێت و خانەنشینانیش هەموو مانگێك مووچەیان وەردەگرن.