ساڵی رابردوو لە ئێران زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە مێژووی ئەو وڵاتە تۆمار كرا. لە ١٠ ساڵی رابردوودا ئاماری هاوسەرگیری لە ئێران رووی لە دابەزین و ئاماری جیابوونەوەش رووی لە هەڵكشان كردبوو.
بەگوێرەی نوێترین ئامار كە رێكخراوی تۆماری باری كەسی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، ساڵی رابردوو ٦٠٩ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجام دراون و بەراورد بە ساڵێك پیشتر بە رێژەی ٨٪ دابەزیوە.
دابەزینی ئاماری هاوسەرگیری لە ئێران لە كاتێكدایە ژمارەی دانیشتووانی ئێران رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
بەگوێرەی DW هەر بە پێی ئاماری دامەزراوەكە ساڵی رابردوو ١٧٥ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە ئێران تۆمار كراون كە بەرزترین ئاماری جیابوونەوەیە لە مێژووی ئەم وڵاتە.
لە ئێران بە پێی ئەو ئامارە هە سێ خولەك جارێك حاڵەتێكی جیابوونەوە روو دەدات. بە گشتی حاڵەتەكانی جیابوونەوە ٢٩٪ی حاڵەتەكانی هاوسەرگیرین.
هۆكاری جیاواز لە جیابوونەوە هەن. هاوسەرگیری لە تەمەنێكی بچووك، باری ئابووری، تێرنەكردنی ئارەزووی سێكسی بەشێك لە هۆكارەكانی جیابوونەوە هەژمار دەكرێن.