ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی ئه‌ورووپا باسی له شكستی سیسته‌می سیاسی و نایه‌كسانی له نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه كرد
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ "خافێر هورتادو میرا" سه‌رۆكی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی ئه‌ورووپا و شاندی یاوه‌ری كۆبووه‌وه و له گوته‌یه‌كدا پێوه‌ست به كێشه و گرفته‌كانی ناوچه‌كه، باسی له شكستی سیسته‌می سیاسی و نایه‌كسانی له نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه كرد و به‌تێروته‌سه‌لیش باسی له قۆناغه‌كانی خه‌باتی ره‌وای گه‌لی كورد بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی كرد و رایگه‌یاند: پێویسته ئێوه‌ی لاوان له وڵاته‌كانی خۆتاندا له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌تانه‌وه هه‌وڵه‌كانتان زیاتر چڕ بكه‌نه‌وه بۆ ئاشناكردنی هاووڵاتییانی وڵاته‌كانتان به كێشه مێژوویی و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ناوچه‌كه، كه پێویسته ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له رابردوودا به‌رامبه‌ر مافه‌كانی كورد كراون، راست بكرێنه‌وه.
یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا هاتوون بۆ كوردستان تا به دروشمی "پێشمه‌رگه هێزه‌كه‌ی ئاشتی و ئازادی" به به‌شداری سه‌رۆكی لاوانی 14 وڵاتی ئه‌ورووپی، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مساڵی خۆیان له هه‌ولێر ببنه‌ستن.
ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوت: هیوادارم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ببه‌ستن و ویسته‌كانی لاوانی ئه‌ورووپا و لاوانی كوردستان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تێیدا ره‌نگ بداته‌وه.
له دیداره‌كه‌دا كه به ئاماده‌بوونی "فه‌لاح حه‌سه‌ن" جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی جیهانی به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه سه‌ربازیی و سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه و كێشه و قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی دژ به تیرۆرستانی داعش تاوتوكرا.
له‌لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌ورووپا رایگه‌یاند، كه ئه‌وان له یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا له وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وڕووپا كار ده‌كه‌ن بۆ پشتیوانیكردن له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و گوتیشی: ئێمه شانازی به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین و قوربانیدانه‌كانی به‌رز ده‌نرخێنین.
جێی ئاماژه‌یه شاندی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌ورووپا، چه‌ند رۆژێكه به مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆی له هه‌ولێری پایته‌خته، كه بڕیاره ئه‌مساڵ به دروشمی "پێشمه‌رگه هێزه‌كه‌ی ئاشتی و ئازادی" به به‌شداری سه‌رۆكی لاوانی 14 وڵاتی ئه‌وڕووپی به ئامانجی پشتگیریكردن له پێشمه‌رگه و مافه‌كانی كورد له هه‌رێمی كوردستان ببه‌سترێت.