لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە ١٢ی نیسانی ساڵی ١٩٦١
یووری گاگارین بۆ یەكەم جار بەرەو بۆشایی ئاسمان گەشتی كرد. كاتێك گاگارین دەستی بە
گەشتەكەی كرد تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو. لەگەڵ ئەو گەشتە سەردەمێكی نوێ لە گەشتی ئاسمانی
و ركابەریی نێوان بلۆكی رۆژهەڵات و بلۆكی رۆژئاوا و توێژینەوە زانستییەكانی ئاسمان
دەستی پێ كرد.
گاگارین گەشتەكەی بە سەركەوتوویی ئەنجام دا و بە
سەلامەتی گەڕایەوە زەوی، بەڵام دوای حەوت ساڵ لە رووداوێكدا گیانی لە دەست دا.
ئەو لە ١٢ی نیسانی ساڵی ١٩٦١ سواری كەشتی
ئاسمانی بوو و بەرەو ئاسمان گەشتی كرد، بەر لە گاگارین هیچ مرۆڤێك نەیتوانیبوو ئەوەندە
لە زەوی دوور بكەوێتەوە. گاگارین كاتێك بۆ ئەو گەشتە هاتە هەڵبژاردن كە خەریكی تێپەڕكردنی
خولی فڕۆكەوانی بوو لەسەر هەندێك جۆر فڕۆكەی تایبەتی. لە ٢٧ی ئاداری ساڵی ١٩٦٨ فڕۆكەی
شەڕكەری میگ١٥ كە گاگارین و راهێنەرەكەی هەڵگرتبوو تووشی رووداوێكی نەخوازراو دەبن
و هەردوو سەرنشینی فڕۆكەكە گیان لە دەست دەدەن.
بە گوێرەی "سپوتنیک" بەر لەوەی گاگارین
بەرەو بۆشایی ئاسمان گەشت بكات، ئەزموونی مرۆڤ لە بارەی بوونەوەرەكانی ئاسمان زۆر
كەم بوو. بلكا و ئیستراكا دوو سەگ بوون كە رەوانەی ئاسمان كران. جگەلەمە ٤٠ مشك و
كەروێشكێك و دوو جورجە مشك بۆ بۆشایی ئاسمان هاتنە ناردن و سەرجەمیشیان بە سەلامەتی گەڕانەوە. ئەو گەشتە زەوینەیەك بوو بۆ ئەوەی مرۆڤ
بۆی دەربكەوێت ئایا دەتوانێت لە بۆشایی ئاسمان بێ كێشە بمێنێتەوە یان نا. كاتێكیش
لە گەشتەكەی ساڵی ١٩٦٠ سەرجەم ئەو مشك و كەروێشكانە بە سەلامەتی گەڕانەوە، بڕیار
درا مرۆڤ رەوانەی ئاسمان بكرێت. ئەو هەنگاوانە لە لایەن یەكێتیی سۆڤیەتی جاران گیرانەبەر.
یەكێتیی سۆڤیەت لە دەیەكان و ٦٠ و ٧٠ لە پێشكەوتنێكی
خێرادا بوو لە هەموو بوارەكان بەتایبەتی بواری سەربازی و هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵی
سنووری ئاسمانی، هەڵبەت ئەو سەركەوتنەی یەكێتیی سۆڤیەت زۆری نەخایاند و دوای ماوەیەك
ئەمەریكا جڵەوی ئەو پێشكەوتنانەی گرتە دەست و پێش یەكێتیی سۆڤیەت كەوت.
كاتێك گاگارین لە بۆشایی ئاسمان گەڕایەوە زەوی،
پێشوازییەكی زۆر گەورەی لێ كرا و وەك باڵوێزی پڕۆژەی گەشتە ئاسمانییەكان بەرەو كۆمەڵێك
وڵاتی دنیا گەشتی كرد و باسی لە توێژینەوە ئاسمانییەكەی كرد. ئەو كەسێكی گەنج بوو
و خۆی ئامادە دەكرد لە توێژینەوە و گەشتی تری زانستیدا بەشداری بكات.
سەرەڕای ئەوەی كە ئەو سەردەمە سەردەمی جەنگی
سارد بوو، بەڵام گاگارین لە لایەن رۆژئاوایییەكانیش ریزی لێ گیرا. هەڵبەت ئەوكات
دوای ئەم گەشتە ئەمەریكاش بڕیاری دا مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان رەوانە بكات.
لە ٢٠ی شوباتی ساڵی ١٩٦٢ ئەمەریكا یەكەم كەشتی رەوانەی ئاسمان كرد.
جۆن كۆڵن كە كەشتیوانێكی ئەمەریكی بوو، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسمان بە سەلامەتی لە زەریای
ئەتڵەسی هاتە خوارەوە. لەوەدا كەشتیوانەكەی ئەمەریكا بە ئەزموونتر بوو و پێشتر لە
هێزی دەریاوانی ئەمەریكا بۆ ماوەی چەندان ساڵ راهێنانی لەسەر فڕۆكە جەنگییە پێشكەوتووەكان
كردبوو.
دوو ساڵ دوای گەشتەكەی گاگارین بۆ بۆشایی
ئاسمان، یەكێتیی سۆڤیەت یەكەم ژنی راسپارد بۆ ئەوەی درێژە بەم گەشتە بدات. ڤالنتینا
بە سەركەوتوویی ئەم گەشتەی ئەنجام دا. ڤاڵنتینا هێشتا لە ژیاندا ماوە و لە ئۆڵەمپێكی
زستانەی سۆچی رووسیا كە زستانی رابردوو بەڕێوە چوو، ئاڵای ئۆڵپیكی بەرز كردەوە.
بەگوێرەی DW لە ٢٠ی تەمووزی
ساڵی ١٩٦٩ نیل ئارمسترانگ و باز ئاڵدرین هەردوو كەشتیوانی ئەمەریكی یەكەم مرۆڤ
بوون كە توانییان بگەنە سەر مانگ. ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا بووە هۆی ئەوەی لە گەشتەكانی
بۆشایی ئاسمانی ئەمەریكا پێش یەكێتیی سۆڤیەت بكەویتەوە و لەو كاتەوە تا ئێستە
ئاژانسی ناسای ئەمەریكی تاكە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانە كە توانیویەتی مرۆڤ بەرەو
مانگ بگوازێتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٦لەگەڵ دامەزراندنی وێستگەی ئاسمانیی
"میر" یەكێتیی سۆڤیەت داوای لە زانایانی رۆژئاوا كرد لەم وێستگەیە بۆیان
هەیە درێژە بە توێژینەوە زانستییەكانیان بدەن. ئەم هاوكارییە ئەمڕۆ لە وێستگەی نێودەولەتی iss دەكرێت كە بەرهەمی هاوكاریكردنی هەریەك
لە وێستگە ئاسمانییەكانی ناسا، رووسیا، ئەوروپا، كەنەدا و ژاپۆنە.
مرۆڤ ئێستە دوای ٥٠ ساڵ لە یەكەم گەشتی بۆ بۆشایی
ئاسمان هەوڵ دەدات هەموو ئەو زانیارییانەی كۆی كردوونەتەوە بۆ گەشتەكانی داهاتوو بەكاریان
بێنێت. هێشتا زۆر شت ماوە مرۆڤ لەسەریان بیزانێت و مەودایەكی زۆر لە زەوی دوور نەكەوتووەتەوە
و ئاسمان پڕە لە هەزاران ئەستێرە و هەسارە. هەموو هەنگاوێكی مرۆڤ ئەوەیە دوای مانگ بتوانێت بۆ یەكەم جار بگاتە سەر هەسارەی
مەریخ و بۆ رۆژێكیش بێت شوێنێكی نوێ بۆ ژیانی مرۆڤ بدۆزێتەوە.