دادگای ئەوروپا بڕیارێك بۆ بەرژەوەندی پەناخوازان دەدات

:: PM:07:35:12/04/2018 ‌
دادگەی دادوەری ئەوروپا بڕیاری دا بەوەی پەناخوازان لەوانەی هاتوونەتە ناو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و تەمەنیان بچووكە، دەتوانن داوای كۆكردنەوەیان لەگەڵ خێزانەكانیان پێشكەش بكەن،  تەنانەت ئەگەر بەر لە تەواوكردنی ئەو مامەڵەیە بگەن بە تەمەنی پێگەیشتن.

دادگەكە ئەمڕۆ پێنجشەم بڕیاری دا بەوەی ئەو پەناخوازانەی گەیشتوونەتە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و تەمەنیان بچووكە، خوار تەمەنی پێگەیشتن، دەتوانن داوای كۆكردنەوەیان بە خێزانەكانیان پێشكەیش بكەن.

زیاتر گوتی، ئەوان دەتوانن ئەو داواكارییە بكەن تەنانەت ئەگەر بەر لە تەواوكردنی مامەڵەكانیان بگەن بە تەمەنی پێگەیشتن.

لە گەرمەی تەنگژەی چوونی بەلێشاوی پەناخوازان بۆ ئەوروپا لە 2015دا، 96 هەزار و 465 منداڵ لەوانەی جیا لە خێزانەكانیان گەیشتبوونە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، داوای پەناخوازیان كردبوو، بەڵام دواتر ژمارەیان كەمتر بووەوە.

ئەو بڕیارەی دادگەی دادوەریی ئەوروپا لەكاتی چاوخشاندنی دادگەكە بە دۆسیەیەك لە هۆڵەندا هات كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە داوای هاووڵاتییەكی ئەریتیریاییان رەت كردبووەوە بە وەرگرتنی مۆڵەتی مانەوەی كاتی بۆ خێزانەكەی كە لە تەمەنێكی بچووكدا گەیشتبووە هۆڵەندا. 

سەرچاوە: سكای نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل