لەبەر قسەی خەڵك هاوسەرگیری كرد و دوای چوار مانگ "تەڵاق" درا

:: AM:10:31:14/04/2018 ‌

ژاكاو لە تەمەنی 38 ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێك دەكات كە لە خێزانەكەی جیا بووەتەوە و خاوەن منداڵە، بەڵام دوای چوار مانگ لەو هاوسەرگیرییە بەهۆی خێزانی یەكەمی هاوسەرەكەیەوە، تەڵاق دەدرێت. ژنی یەكەمی پیاوەكە لە بەغداوە دەگەڕێتەوە و دەڵیت تەڵاق نەدراوە و دووگیانە، بەو هۆیەوە كۆتا بە هاوسەرگیرییەكەی ژاكاو دێت كە لەدوای چاوەڕوانییەكی زۆر بڕیاری لێی دابوو.

دوای خیانەتی خۆشەویستی یەكەمی كە ماوەی حەوت ساڵ پێوەندی لەگەڵدا هەبووە، ژاكاو بڕیار دەدات هاوسەرگیری نەكات، گرنگی بە خوێندن دەدات و دەبێت بە مامۆستای زانكۆ، لەڕێی ماڵی پوورییەوە ئەسعەد دەناسێت وازی لێ ناهێنن تا ڕازی دەكەن هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات، ئەو چیرۆكی هاوسەرگیرییە چوار مانگییەكەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت من خۆم پیاوم لەبەرچاو كەوتبوو چونكە وەفام لێی نەدیبوو، بەڵام ئەسعەد ژیانیشی لەبەرچاو خستم.

ئەو گوتی، دوای خۆشەویستی یەكەمم بڕیارم دا هەرگیز خۆشەویستی نەكەمەوە و هاوسەرگیریش نەكەم، چونكە من هەموو شتێكم كرد كە پێویستە ژن بۆ پیاوێك بیكات، بەڵام ئەو هەر دوای كەسێكی تر كەوت، ماڵەوە دەیانزانی من نامەوێ هاوسەرگیری بكەم، ژیانێكی باشم هەبوو لەگەڵ دایك و باوكم دەژیام، هەموو شتێكم باش بوو و هیچ پێویستم بە پیاو نەبوو، بەڵام خزم و كەسوكار نە وازیان لە من هێنا و نە لە دایك و باوكم، بۆیە لەو هاوسەرگیرییە تێوەگلام و بڕیارم دا لەبەر خاتری دڵی دایك و باوكم بیكەم.

ژاكاو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەسعەد دەكات، وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات ئەو پیاوێكی باش بووە، بەڵام دەستكورت بووە. ئەو دەڵێت "بۆم گرنگ نەبوو كە هەژار بوو،  تەنیا داوام لەو ئەوەبوو ڕاستگۆ بێت و ڕێزی خۆم و خێزانەكەم بگرێت، من ماڵم دانا ژیانێكی زۆر جیاوازتر لەوەی ئومێدی دەكرد پێم دا، بەڵام ئەو نەك لەبەر چاوی نەبوو، بەجۆرێك لەگەڵم دەژیا و مامەڵەی دەكرد وەك بڵیی بەزۆر دراوم پێی یان بەسەریدا ساغ بوومەتەوە."

ژاكاو نایشارێتەوە كە لەبەر ماڵی باوكی و قسەی خەڵك هاوسەرگیری كردووە، بەڵام دووپات لەوەش دەكاتەوە كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی داوە و ویستوویەتی ژیانێكی پڕشادی هەبێت و ببێت بە دایك، بەڵام ئەو كاردانەوەی لە ئەسعەد نەبینیوە. دەڵێت ئەسعەد پێچەوانە بووە لە ماوەی دەزگیرانداری هیچ كێشەی لەگەڵ نەبووە، بەڵام هەر لەو ڕۆژەی گواستوویەتیەوە ژیانی پڕ بووە لە رووداوی جۆراوجۆر كە تووشی شۆكی كردووە.

ژاكاو گیڕایەوە "تەنیا شەوی یەكەم لەگەڵ من خەوت، كە لێم دەپرسی بۆ لە ژوورەكەی خۆمان ناخەوی وەك سووكایەتی پێكردن پێی دەگوتم پیرەژن حەزت لێیە لەگەڵت بخەوم؟ من تاقەتی تۆم نییە، دەمەوێ لێت دووربم. ئەوە سەرەتابوو، دواتر دەستی كرد بە سەفەركردن سێ هەفتە بوو هاوسەرگیریمان كرد و گوتی بۆ كار دەڕۆم و هەفتەیەكم پێ دەچێت، دوو هەفتە نەهاتەوە، كاتێك گەڕایەوە گوتی لای ماڵ و منداڵەكانم بووم لە بەغدا، ئەو سەردانكردنانە بەردەوام بوون تا ئەو كاتەی ژنەكەی هاتەوە و گوتی دووگیانم و من تەڵاق نەدراوم."

ژاكاو باس لەوە دەكات كە نەیتوانیوە باسی كێشەی خۆی بۆ خێزانەكەی بكات، چونكە دەڵێت هەرچیم دەگوت ئەو پێی دەگوتم لەبەر خەوتن وادەكەی، بۆیە بەحەیای خۆم دانیشتم و گوتم با خەم بە دایك و باوكی پیرم نەدەم، تا ئەو ڕۆژەی ژنەكەی بە سێ منداڵەوە خۆی بەژووردا كرد و گوتی من دووگیانم و هێشتا ژنی ئەسعەدم كە پێی گوتووی لێ جیا بوومەتەوە درۆ دەكات، ئەوكات شۆك بووم دەمویست ئەرز ببێت بە دووبەش و بچمە ناخیەوە، ئەوەی زیاتر منی كوشت ئەوەبوو ئەسعەد لەجیاتی كاردانەوەی بۆ ئەو هەبێت، منی دەركرد لە ماڵی خۆم.

ژاكاو لە ئەسعەد جیا دەبێتەوە و كۆتا بە درامای هاوسەرگیرییەكەی دێت كە لەپێناوی كۆتاهێنان بە قسەی خەڵك كردبوو، بەڵام وەك خۆی دەڵێت هێشتا لە زمانی خەڵك ڕزگاری نەبووە، چونكە دەڵێن خوا دەزانێ چی كردووە و چۆن دەبێت دوای چوار مانگ جیا ببێتەوە.

 ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە ئەسعەد لە لای مەلا لە خێزانەكەی جیا بووبووەوە، بەڵام چۆن چووەتەوە لای و دوای ئەوە چۆن دووگیان بووە، هیچ ئاگادار نییە. دووپات لەوەش دەكاتەوە كە هۆكاری گۆڕانی ئەسعەد پێش گواستنەوە و دوای گواستنەوە هەر ئەو ژنە بووە، كە بەردەوام بە بیانووی منداڵەكان پێوەندی پێوە كردووە و دواتر دووگیان بووە.

وشە/ئیڤان عەبدوڕەحمان



وشە - سلێمان تاشان