رۆستەم ئاغالە هونەرمەند و شێوەكاری ناسراوی كورد، لەگەڵ شێوەكارانی جیهانی بەشداری پێشانگایەكی شێوەكاری دەكات لە ئەمەریكا كە لەبارەی پێشێلكردنی مافەكانی ژنانە و تابلۆیەكی پێوەندیدار بە ئازاری كچانی ئێزیدی نمایش دەكات.
ئەو بە "وشە"ی راگەیاند، بە تابلۆیەك لەبارەی ئازاری كچانی ئێزیدی بەشداریم لەپێشانگای پێشێلكردنی مافەكانی ژنان لە ئەمەریكا كردووە.
ئەو پێشانگایە تایبەتە بەجینۆساید و هۆلۆكۆستی ژنان و لەگەلەرێكی بەناوبانگی شاری نیویۆرك كراوەتەوە بە بەشداری 28 شێوەكاری دنیا. شێوەكارە كوردەكە بەتابلۆی قەبارە 150 بۆ 200 بەشداری كردووە و پێشانگاكەش بۆ ماوەی مانگێك درێژەی دەبێت.
شێوەكاری نابراو لەئەڵمانیاش پێشانگایەكی شێوەكاری كردەوە ، تابلۆكانی ئەو پێشانگایەی تایبەتن بەگوزارشت لەجینۆسایدی ئێزیدییان و ئازارو لاقەكردنی كچانی ئێزیدی ، 20 تابلۆی قەبارە گەورەی دوو مەتر بەدوو مەترن و یەكەم جارە تابلۆی وا گەورە ببرێت بۆ دەرەوەی كوردستان .
سەرجەم كارەكان گوزارشت لەنەهامەتییەكانی گەلەكەی دەكەن ، كوشتن و قڕكردنی خەڵك بەدەستی داعش كە تا ئێستە نە هونەر و نە ئەدەب دەرەفەتی نەهاتووە و نەتوانراوە ئەو ئازارە گەورەیە بەجوانی نیشان بدرێت لەهونەردا زمان رۆڵ نابینێت، هێماو ڕەمزە هونەرییەكان و ئیستاتیكا جێگی دەگرێتەوە كەهەموو نەتەوە و زمانەكان لێی تێدەگەن ، هونەر زمانێكی ئینتەرناسیۆنالی و گشتگیری هەیە ، هیوادارە بتوانێت بەكارەكانی ئازارو مافی گەلەكەی و ڕەوشی مڕۆڤە چەوساوەكانی بەجەماوەرو خەڵكی بیانی ئاشنا بكات و هاوڕێ و دۆست بۆ دۆزی ڕەوای بدۆزێتەوە.
وشە/ شاخەوان شێخانی