پیلانێكی مەترسیداری ساختەكاری لە هەڵبژاردن ئاشكرا كرا

:: PM:01:01:14/04/2018 ‌
گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەژاندووە، چونكە پیلانێكی سیاسییەكان بە دەنگ و ڕەنگ بۆ ساختەكاری و گۆڕینی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی عێراق ئاشكرا دەكات، خەڵكێكی زۆر بڵاویان كردووەتەوە و نووسیویانە، سیاسییەكانی بەغدا داهێنەرن لە ساختەكاری.

لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە و تێیدا هاتووە، لەم هەڵبژاردنەی داهاتووی عێراق، ئەو قەڵەمەی كۆمیسیۆن هێناویەتی بۆ ناو كابینەكانی دەنگدان، بە هیچ جۆرێك دەنگی پێ مەدەن و بەكاری مەهێنن، بەڵكو قەڵەمی خۆتان ببەن و دەنگی پێ بدەن.

لە ڤیدیۆكە دەردەكەوێ بەو قەڵەمە لاپەڕەیەك بە تەواوی دەنووسێ و دواتر بە چەرخێك ئاگر لەو شوێنەی لاپەڕەكە نزیك دەكاتەوە و مەرەكەبی قەڵەمەكە كە لەسەر لاپەڕەكە پێی نووسراوە، بە تەواوی دیار نامێنێ و لا دەچێ، ئەمەیش هەمووانی شۆك كردووە، كە چۆن سیاسییەكانی عێراق هێندە بێباكن و دەیانەوێ ساختەكاری بە بەرنامە بكەن و دەنگی خەڵك بۆ ئەو لیستە بگۆڕن كە خۆیان دەیانەوێت.

بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیییە لە كاتێكدایە زۆر لە قەوارە سیاسییەكان داوا دەكەن، گرەنتی بدرێ و نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری چڕی هەڵبژاردنەكە بكات، بۆ ئەوەی یاری بە بڕیاری گەلی عێراق نەكرێ و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ئەوەی گەل دەیەوێ، ئەو بچێتە سەر حوكم و ئەنجامەكان گۆڕانكارییان تێدا نەكرێ.

ئەو پیاوەی لە گرتە ڤیدیۆكە قسە دەكات و دەڵێ، تۆ دەچیتە دەنگدان و دەنگ بە كاندیدێك دەدەیت كە بەلاتەوە گونجاوە، بەڵام دوای تۆ بە ئاگر ئەو هێڵە ڕاستەی بەسەر ناوی كاندیدەكەت داوە، دەیسڕنەوە و لە بەرانبەردا ناوی كاندیدێكی تر لێی دەدەن كە خۆیان دەیانەوێت، ئەمانە چ فێڵباز و ساختەكارێكن!

هەروەها دەڵێ، تكایە وریا و ئاگادار بن، قەڵەمی خۆتان ببەن و بە هیچ شێوەیەك ئەو قەڵەمە بەكار مەهێنن كە لەلایەن كۆمیسیۆنەوە بەسەر بنكەكانی دەنگدان دابەش دەكرێ، چونكە دواتر دەنگەكانتان دەگۆڕێ و یاریی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكرێت.




وشە - باز ئه‌حمه‌د