له‌گه‌ڵ په‌رسه‌ندنی ته‌كنه‌لۆجیا و ئامێره‌كان كه به‌هۆی كوشتنی سه‌ره‌كیی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داده‌نرێ، له هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردستان به‌تایبه‌ت گه‌رمیان، "ساڵانه فێستیڤاڵی هۆزه‌كان ساز ده‌كرا"، به‌ڵام ئه‌مساڵ له ترسی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و چالاكییه عه‌شایه‌رییه به‌رفراوانه كه ده‌كه‌وێته كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، هۆزه‌كان بڕیاریان داوه فێستیڤاڵ ئه‌نجام نه‌ده‌ن و خۆیان به‌دوور بگرن له لایه‌نگری حزبه‌كانی ناوچه‌كه.
له سنووری گه‌رمیان به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی دوو خولی پێشووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان و عێراق، گۆڕان یه‌كه‌م و یه‌كێتی دووه‌من له رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه. له رووی كارگێڕیشه‌وه ته‌واوی داوده‌زگاكانیان له به‌رده‌سته و هۆزه‌كانیش به گوته‌ی خۆیان "هه‌ر له‌وه دڵه‌ڕاوكه‌یان هه‌یه ئه‌و دوو حزبه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریان بێنن" بۆ هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی 12ی ئایاری داهاتوو.
حاجی عادل ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی هۆزی "گێژ" له گه‌رمیان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه عه‌شیره‌ته‌كان و ئه‌ندامانی پێداگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ی گیانی عه‌شیره‌تگه‌ری، ده‌ستگرتنه به"كولتووری ره‌سه‌ن"ی كورده‌وارییه‌وه. حاجی پێی وایه ئه‌و چالاكییه عه‌شایه‌رییه "نه‌ك هه‌ر مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا نییه، به‌ڵكو پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی پته‌و ده‌كات".
سه‌رۆكی هۆزی گێژ بۆ "وشه" بڕوای خۆی ناشارێته‌وه له‌وه‌ی وای ده‌بینن سازدانی فێستیڤاڵی هۆز ده‌بێته هۆی پته‌وته‌ركردنی گیانی خزمایه‌تی له نێوان رۆڵه‌كانی هۆزه‌كه.
له‌باره‌ی چالاكییه‌كه له‌مساڵدا كه ده‌نگی نییه بێته ئه‌نجامدان، حاجی عادل گوتی "سه‌رباری سه‌ختبوونی ته‌نگژه‌ی دارایی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ كه‌وتووه‌ته كاتێكه‌وه نزیكه له كاتی فیستیڤاڵ كه وه‌رزی به‌هار سازمان ده‌كرد، بۆیه مه‌ترسی قۆستنه‌وه و به‌كارهێنانی فێستیڤاڵه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ناوچه‌كه یا كاندیدی حزبه‌كانه‌وه، وای كرد خۆمان به‌دوور بگرین له سازدانی فیستیڤاڵ".
به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، چه‌ندان عه‌شیره‌تی به‌ناوبانگ هه‌ن كه دیارترینیان تیره‌كانی عه‌شیره‌تی جافن وه‌ك: شاتری، نه‌ژوێنی، شێح سمایلی، رۆغزایی، ته‌رخانی، یه‌سوجانی و به‌گزاده‌كان. عه‌شیره‌ته‌كانی گۆران، باجه‌ڵان، میراوده‌لی، گه‌ردی، عوزێری، زه‌نگه‌نه، بڵباس، هه‌مه‌وه‌ند، به‌رزنجه، زه‌ند و كه‌ڵهوڕ، به‌شێكی تری پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌كه پێك دێنن و ساڵی رابردوو هه‌موو ئه‌وانه فێستیڤاڵی تایبه‌ت به هۆزه‌كانیان گێڕا.
ئاراز محه‌مه‌د یه‌كێك له رۆژنامه‌نه‌وسانی گه‌رمیان كه خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و چالاكییه عه‌شایه‌رییانه هه‌یه، بۆ "وشه" تیشك ده‌خاته سه‌ر قسه‌كه‌ی حاجی عادل و ئه‌میش پێی وایه "هه‌میشه گرووپی سیاسیی سوود له‌وه ده‌بینن هۆزه‌كان كۆ بكه‌نه‌وه و یه‌كیان بخه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و به‌كارهێنانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی خۆیان".
به‌گوته‌ی ئاراس، "فێستیڤاڵی هۆزه‌كان بڕێك پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرێ، حزبه‌كانی ئه‌م سنووره‌یش پاره‌ی باشیان له به‌رده‌ست نییه ئێسته، بۆیه ناتوانن خه‌رجییه‌كانی دابین بكه‌ن، ئه‌وه جیا له باڵباڵێنی ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه هه‌ر خۆی كێشه دروست ده‌كات له‌و رووه‌وه‌ی كه كام باڵ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵ بكات، بۆیه هۆزه‌كان ناچار بوون خۆیان دوور بگرن له‌و باڵباڵێنه".
لای خۆیه‌وه حوسێن عه‌لی یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی هۆزی جاف، هاوڕایه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی كه "هه‌رچه‌نده ئه‌و كۆبوونه‌وانه بۆ به‌هێزكردنی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته خزمه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسیی كه‌س و لایه‌نه‌كان، نه‌كه‌وێته كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه باشتره".
"هه‌موو كۆبوونه‌وه و گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری له هه‌ڵبژاردندا ده‌قۆزرێته‌وه و ناكرێت له‌و بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا میوان ده‌ربكرێ، بۆیه دواخستن یان هه‌ر ئه‌نجامنه‌دانی فێستیڤاڵی هۆزه‌كان له‌مساڵدا، بڕیارێكی پێویسته". كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی جاف وای گوت.
له به‌رانبه‌ردا كۆمه‌ڵناسێك په‌نابردنی حزبی سیاسی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا و سوود وه‌رگرتن له هه‌ر چالاكییه‌ك به "چاوه‌ڕوانكراو" ده‌زانێت و پێی وایه، "له‌م كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی حزبی سیاسی په‌نا ده‌باته به‌ر هۆز بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، بۆ ئه‌وه‌ش لاوازی ئاستی هۆشیاری نه‌وه‌كانی پێوه‌ست به‌هۆز ده‌قۆزنه‌وه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پێوه‌ستن به فه‌رمانی سه‌رۆك هۆزه‌وه".
كارزان فوئاد بۆ "وشه" ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه له سنووره‌كه‌یان "حزبی كوردی به‌تایبه‌ت هه‌ندێك حزب، ماندوون و بڕوایان به خۆیان نه‌ماوه ده‌نگ مسۆگه‌ر بكه‌ن، بۆیه په‌نا بۆ هۆزه‌كان و فێستیڤاڵه‌كان ده‌به‌ن".
بڕیاره رۆژی 15ی ئه‌م مانگه واده‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ست پێ بكات، ئه‌گه‌رچی ماوه‌كه چه‌ند رۆژێكی ماوه، به‌ڵام خۆخزاندنه ناو خۆپێشاندانه‌كانی گه‌رمیان له‌لایه‌ن حزب و كاندیده‌كانه‌وه، هۆزه‌كانی په‌شیمان كرده‌وه له فێستیڤاڵی ساڵانه.
به‌ڵام هه‌ڤاڵ ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی هۆزی كه‌لهور كه جگه له گه‌رمیان له ناوچه‌كانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی خه‌ڵكی پابه‌ند به هۆزه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه بڕیاریان دابوو ئه‌مساڵ فێستیڤاڵی تایبه‌ت به هۆزه‌كه‌یان ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام رای ده‌گه‌یه‌نێت كه "په‌شیمان بوونه‌ته‌وه له ئه‌نجامدانی". له‌باره‌ی هۆكاره‌كه‌یشی ده‌ڵێ، "زانیمان له‌لایه‌نی سیاسیی هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان ده‌درێ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆیه په‌شیمان بووینه‌وه له ئه‌نجامدانی".
سه‌رۆكی هۆزی كه‌ڵهوڕ بۆ "وشه" زیاتر گوتی، ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی له‌و جۆره و حزبی له ئارادا نه‌بووایه، حه‌زمان ده‌كرد خزم و دۆستان كۆ ببینه‌وه و پێوه‌ندییه‌كانمان پته‌وتر بكه‌ین.
گه‌رمیان - سه‌بری هۆرینی