نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌ بكات

:: PM:09:12:27/11/2016 ‌

سه‌رۆحی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ: هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بكات و ئێسته‌ش لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەماهەنگی و هاوكارییەكی باش لەنێوان هه‌ولێر و بەغدادا هەیە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ "جان جاكوز" ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری كۆبووه‌وه‌ و له‌ لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و ڕێزی خۆی پێشكەش بە خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان كرد كە توانیویانە بە باشترین شێوە بەرگری لە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە دەستی تیرۆر بیانپارێزن، بەتایبەتی قوربانیدانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند. 
باسی لەوەش كرد كە لە میانی سەردانیدا بۆ بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان ئەوەی بەدیكردووە كە هەماهەنگی و پەیوەندییەكی باش لەنێوان پێشمەرگە و پسپۆڕە سەربازییەكانی فەرەنسیدا هەیە و ئەوان وەك لیژنەی بەرگری هەموو ئەو كەموكوریانەی لە هاوكارییە سەربازییەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان هەن پێشكەش بە پەرلەمانی وڵاتەكەیان دەكەن تاكو لەوێشەوە پێشكەش بە وەزیری بەرگریی فەرەنسا بكرێت.
شاندی میوان باسیان لە بارودۆخی ناوچەكە و ڕەوشی ئاوارەكان و دروستبوونەوەی متمانە لەنێوان ئاوارەكاندا لە كاتی گەڕانەوەیاندا بۆ سەر زێدی خۆیان كرد و بە پێویستیان زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە هاوكاریی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال بكات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەییی خۆیان بۆ هەر هاوكارییەك نیشان دا.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا كرد و ئاماژەی بەوە دا كە سەردانی فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هێرشەكانی داعشەوە، لە ڕووی مۆڕاڵەوە هاوكارییەكی باش بوو بۆ پێشمەرگە، ئەمە جگە لە هاوكارییە سەربازییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و هیوای خواست فەرەنسا ئاوڕێكی ڕژدیتر لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە لە هەرێمی كوردستان بداتەوە، بەتایبەت كە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ بەردەوامی هەیە و پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتری خەڵكی ئەو شارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش، سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بكات و ئێستاش لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەماهەنگی و هاوكارییەكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەیە كە بۆتە هۆی سەركەوتن و دەستكەوتی باش.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و دوا سەردانی خۆی بۆ توركیا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.


وشە - كوردۆ شابان