چى له‌باره‌ى نه‌خۆشى سیله‌وه‌ ده‌زانى؟

:: PM:07:56:14/04/2018 ‌
نەخۆشی سیل جاران بەو نەخۆشییە ناسرا بوو كە لەكاتى مردنی نەخۆشەكە لە لایەن كەسوكارەكەیەوە هۆكارەكای مردنی كەسەكەیان دەشاردەوە، هه‌روه‌ها نەخۆشییەكە لە رێگەی هەناسە و كۆكە و بەڵغەم  لە نەخۆشەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی تر، ئێستە چارەسەری تەواو و پێویست هەیە بۆ ئەوەی تووشبوانی ئەم نەخۆشییە چاك ببنەوە.

نەخۆشی سیل كە بە (دەردە باریكە) ناسراوە یەكێكە لەنەخۆشییە گواستراوەكان و چەندین جۆر و نیشانەی جیاوازی هەیە.

لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی 24ی ئادار/مارسی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە ناونراوه‌، تا هاووڵاتیان لەو نەخۆشییە و چۆنیەتی خۆپارێزی لێی هۆشیار بكرێنەوە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمى كوردستان ساڵانە تووشبووانی نەخۆشی سیل لە هەرێمی كوردستان ڕوو لەكەمبوونەوە دەكەن و ساڵی 2012 ژمارەی توشبووان هه‌زار و 200 كەس بووە و لە ساڵی 2013 ژمارەكە كەم بۆتەوە بۆ 945 كەس و لە 2014 بووە بە 944 كەس و لە 2015 رێژەكە كەمبووەتەوە بۆ 900 كەس.

دكتۆر جەلال محه‌مه‌د پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سینگ و هەناسە له‌ لێدوانێكى بۆ "وشه‌"‌ گوتى، نەخۆشی سیل نەخۆشییەكی گوازراوەیە بەهۆی جۆرە میكرۆبێكەوە پەیدا دەبێت كە پێی دەگوترێت "چیلكەی كوخ" بەهۆی ئەوەی میكرۆبەكە لەشكڵدا وەك چیلكە وایە وە زانای ئەڵمانی ڕۆبەرت  كوخ لە ساڵی  1882 ئەو میكرۆبەی دۆزیەوە ئەو نەخۆشییە زۆربەی تووشی سییەكان دەبێت و ئەگەری هەیە بگوزارێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی لەش و دەبێتە هەوكردنی سنگ خۆشبەختانە چارەسەریشی هەیە بە كۆمەڵە دەرمانێك بۆ ماوەیەكی كەمی دیاریكراو.

ئه‌و پزیشكه‌ گوتى، میكرۆبی سیل میكرۆبێكی بێ هێزە، بەڵام میكرۆبێكی گەشەى لەسەرخۆیە و بەرگری دەكات و هەموو دەرمانێك كاریگەری نایبَت لەسەری، هەروەها كاتێك كەسێك كە میكرۆبی سیلی بۆ دێت ئەگەر بێت و بەرگری لەشی بەهێزبێت ئەوا كاریگەری نابێت لەسەر كەسەكە و تووشی سیل نابێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بەرگریەكەی دابەزیبێت بەهۆی چەند نەخۆشییەكەوە وەك (ئایدز، شەكرە، شێرپەنجە، تەنگەنەفەسی) ئەوانە بۆیان هەیە تووشی نەخۆشییەكە ببن، هەروەها منداڵ و بەساڵاچووش، چونكە بەرگری لەشیان كەمە ئەگەر هەیە تووشی نەخۆشییەكە بن.

نەخۆشی سیل دووچاری هەردوو ڕەگەزەكە دەبێت بەبێ جیاوازی و لەهەموو تەمەنە جیاجیاكاندا، بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشی سیل دەكرێت بەدوو بەشەوە:

1- سیلی سییەكان: ئەم جۆرە تووشی سییەكان دەبێت و لەجۆرەكانی تر باوترە و گرنگترە، چونكە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەناو كۆمەڵگەدا.

2- سیلی دەرەوەی سییەكان: وەك سیلی لیمفە گرێكان، سیلی ئێسقان، سیلی پەردەی مێشك، سیلی پەردەی ناوسك، سیلی كۆئەندامی میزو زاو و زێ، سیلی پێست و سیلی چاو.

نیشانە دیارەكانی نەخۆشییەكە؟

هه‌رچه‌نده‌ نیشانەكانی بەپێی جۆری نەخۆشییەكە دەگۆڕێت بۆ نموونە لە جۆری سیلی سییەكاندا نیشانەكانی بەم جۆرە دەبن:-

1- كۆكە (بۆماوەی سێ هەفتە زیاتر).

2- بونی بەڵغەم (مەرج نییە خوێنی پێوە بێت).

3- ئازاری سنگ.

4- دابەزینی كێشی لەش.

5- بوونی (تا) و بەرزبونەوەی مام ناوەندی پلەی گەرمی لەش.

6- عارەق كردنەوە ( بەتایبەتی شەوانە).

7- كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن لەنەخۆشدا.

نیشانەكانی جۆری سیلی دەرەوەی سییەكان بەم جۆرە دەبن:-

1. نیشانەی ئەم جۆرەیان دەگۆڕێت بەپێی شوێنی سیلەكە بۆنموونە: سیلی لیمفەگرێكان ، لیمفەگرێكان دەئاوسێن و گەورە دەبن وەك لە بن باڵ و ملدا، بەڵام لەسیلی ئێسكدا، دەبێتە هۆی ئازار لەئێسكەكاندا، لە سیلی كۆئەندامی زاو و زێشدا كاریگەری دەكاتە سەر (ڕەحم و هێلكەدان و كەناڵی فالوپ) دەبێتە هۆی نەزۆكی ، لەسیلی پەردەی مێشكیشدا دەبێتە هۆی سەرئێشە و تێكچوونی بیر و هۆشی نەخۆشەكە.

چۆنیەتیی چارەسەری نەخۆشییەكە؟

پێویستە هەوڵبدرێت زوو نەخۆشەكە دەست نیشان بكرێت، بۆیە  ئامۆژگاریمان بۆ هەموو كەسێك ئەوەیە كە دوو هەفتە تا سێ هەفتە كۆكەیان هەبوو، چارەسەر نەبوو بە دەرمانی دژە میكرۆب، پشكنینی بەڵغەمی بۆ بكرێت، كاتێك كە نەخۆشییەكە دەست نیشانكرا كۆمەڵە دەرمانێك هەیە پێویستە لە ماوەی شەش تا هەشت مانگ بەردەوام بێت لەسەری تا چاك دەبێتەوە.

چی بكەین بۆ ئەوەی  خۆمان بپارێزین؟

بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی سیل د.شەپۆل جەلال دەڵێت، باشترین رێگە چارەسەر و تاكە رێگە بۆ پاراستن  ئەوەیە ئەو نەخۆشانەی نەخۆشی سیلیان هەیە زوو چارەسەر بكرێن، چونكە هەر نەخۆشێك لە ماوەی دووساڵ نەخۆشی سیلی هەبێت بۆی هەیە لەو ماوەیەدا 15 تا 20 كەس توشی سیل بكات، واتا  ئەگەر هەر نەخۆشێك چارەسەركرا ئەوا 20 كەس لە نەخۆشییەكە بەدور دەخرێتەوە.


وشە - محەمەد میران