گەرمیانییەكان بەچاندنی درەخت یادی ئەنفالی كردەوە

:: PM:09:47:14/04/2018 ‌
لە یادی 30 ساڵەی ئەنفال ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوەنی گەرمیان هەڵمەتی دابەشكردنی نەمامیان بەسەر ماڵباتی بەجێماوانی ئەنفال لە شارەدێی رزگاری سەربەشارۆكەی كەلار دەست پێ كرد.
 
ئەمڕۆ شەموو 14ـی نیسان/ ئەپریل، لەیلا ئەحمەد ئەندامی تیمی رێكخراوی وادی ئەڵمانی لە گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشتر  ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی جیاواز یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بەرز راگرت ئەویش ئەنجامدانی هەڵمەتی بەخشینی نەمام بوو بەسەر ئەو خێزانانەی بەجێماوی ئەنفالن لە شارەدێی رزگارین بۆئەوەی  ئەم توندوتیژی و تاڵیەی ئەنفال بگۆڕین بۆ ئاشتی و ئاوەدانی.
 
لەیلا گوتی، هۆكاری ئابووری هەیە لەپشتی ئەم كارەمانەوە كەتەواوی نەمامەكان بەسەتان مەزندە دەكرێ بەسەر سەدان ماڵدا، چونكە ئەو خەڵكانەی كەلێرەن دەژین بەهۆی تەنگەژەوە رەنگە نەتوانن دەستیان بگاتە هەر جۆرە نەمامێك بۆ سەوزكردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان, بۆیە ئێمە وەكو تیمەكانی گەرمیان ڕێكخراوی وادی هەستاین بەهەڵمەتی دار چاندن بەمەبەستی سەوزكردنی ناو شارەدێكە  هەڵمەتەكەمان دەستی بەبەخشین و چاندنی دوو دار بۆ ماڵێك و  هەرماڵەو لەباخچە و بەردەرگەكانیان دەستمان بەچاندنی كرد.
 
ئەندامەكەی تیمی رێكخراوی وادی ئەڵمانی دەڵێت، خەڵكی بەجێماوی ئەنفالی ناوچەكە بەبێ جیاوازی ڕەگەزی ئافرەت و پیاو تەنانەت مناڵان زۆر دڵخۆشبوون هاوكارمانبوون لەچاندنی دارەكان.
 
رێژیمی لێخراوی عێراق لە نیسان/ئەپریلی 1988دا زنجیرەیەك شاڵاوی سەربازیی بەناوی "ئەنفال" بە 8 قۆناخ لە دژی كوردی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا و تیایدا دەیان هەزار كەس لە دانیشتووانی سیڤیلی ئەو ناوچانە بێسەروشوێن كران و دوای رووخانی رێژیمی سەدام حوسێن پرووسكی ژمارەیەكیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دۆزرانەوە بەشێكیان گەڕێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان.

ڕێژێمی بەعسی لەكارخراو لە چەند هەڵمەتێك و بەچەند قۆناغێك سەدان هەزار كوردی بەناوی شاڵاوی ئەنفال گرت و بێ سەروشوێن كرد، قۆناغی یەكەم لە 22ی شوبات/یەنایەری 1988 بۆ سەر دۆڵی جافایەتی دەستی پێ كرد و سێ هەفتەی خایاند.

قۆناخی دووەم لە 22ی ئادار/مارسی 1988 بۆ سەر ناوچەی قەرەداخ دەستی پێ كرد و تا 30 هەمان مانگ بەردەوام بوو، قۆناغی سێیەم كە فرەوانترین قۆناغی ئەنفال بوو لە 7ی نیسان/ئەپریلی 1988 بۆ سەر ناوچەی گەرمیان دەستی پێ كرد.

قۆناغی چوارەم لە سەرەتای مانگی ئایار/مایۆی 1988 ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و گوندەكانی نێزیك زێی بچووكی گرتەوە، قۆناغەكانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم لە 15ی ئایار/مایۆی 1988 تا 28ی ئاب/ئۆگستسی هەمان ساڵ سنووری گوندەكانی سەر باژێڕی هەولێری گرتەوە و بەچەكی كیمیایی ئەو گوندانەی كاول كرد.

قۆناغی هەشتەم لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 1988 دەستی پێ كرد تا 6ی ئەیلوول/سێپتێمبەری هەمان ساڵ ناوچەی بادینانی گرتەوە.

دادگەییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە 21 ئاب/ئۆگستسی 2006 دەستی پێ كرد و دوای چەندان دانیشتن لە 24 حوزەیران/یۆنیۆی 2007دا حوكمی لەداردان بۆ عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە"عەلی كیمیایی" ئامۆزا و گەورە یاریدەری سەدام حوسێن و سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری و حوسێن رەشید تكریتی دەرچوو.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - رامیار جەواد