دوای تێپه‌ڕینی كه‌متر له ساڵێك به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه، هێشتا واقیعی شاره‌كه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، له‌بار نین و جموجۆڵ و چالاكییه‌كانی داعش رۆژانه میدیاكانی ته‌نیوه. مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیش له‌گه‌ڵ قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان دووباره سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه و پارێزگاری پێشووی مووسڵ ئه‌مه‌ی راگه‌یاند. هاوكات ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای مووسڵ ده‌ڵێ، ئه‌و 30 سه‌رۆك هۆزه‌ی به ئاشكرا به‌یعه‌تیان به ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی دا، ئێسته ئازادن و پشتیوانی كاندیدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.
گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش
ئه‌سیل نوجێفی پارێزگای پێشووی مووسڵ ئاشكرای كرد، داعش نه‌ك ته‌نیا له باشوور و ڕۆژئاوای مووسڵ ئێسته چالاكی هه‌یه، بگره له‌ناو مووسڵ جیا له شانه نوستووه‌كان، له‌ناو گرتووخانه‌كانیش خه‌ریكی مه‌شق و ڕاهێنانن و خۆیان بۆ گه‌ڕانه‌وه ئاماده ده‌كه‌ن. هاوكات دادگایی نه‌كردن و سزانه‌دانیان به پێدانی ده‌رفه‌ت به تیرۆریستان ده‌زانێت، تا جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه و مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه.
ئه‌وه له كاتێكدا عه‌بادی له 10ی تهمووز/یۆلیۆی 2017 پاككردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی داعشی له مووسڵ ڕاگه‌یاند، به‌ڵام تیرۆریستان به‌رده‌وامن له كوشتن و ڕفاندن و تیرۆر و تۆقاندن. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، شه‌وان له به‌ری ڕاستی مووسڵ هێزه‌كانی عێراق به‌وپه‌ڕی ترسه‌وه ده‌جووڵێن و به‌رده‌وام تیرۆریستان لێیان به ئامانجیان ده‌گرن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له مووسڵ، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه شاره‌كه وه‌ك باڵه‌خانه‌یه‌كی وێران و په‌راوێزخراوی لێ هاتووه. به‌گوته‌ی ئه‌و "هه‌رچی تاوان و كوشتن و كرده‌ی نایاسایی هه‌یه لێی ئه‌نجام ده‌درێ، هێزه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی كڕینه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ كاندیدی قه‌واره سیاسییه‌كان و به شیعه‌كردنی ناوچه‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده له خه‌می ئارامی و ئاسایشی شاره‌كه‌دا نین".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له دوا پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، داوای هاوكاری له ئه‌مه‌ریكا كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه سنوورییه‌كانی سووریا و ڕۆژئاوای مووسڵ به ته‌واوی بخرێنه ژێر كۆنتڕۆڵه‌وه، ڕۆژنامه‌ی "ئه‌لغه‌د"ى ئوردنی ڕۆژێ سێشه‌م ئه‌و زانیارییانه‌ی بڵاو كرده‌وه.
خودێدا خه‌ڵه‌ف ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای مووسڵ، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، به هیچ شێوه‌یه‌ك تا ئێسته به ڕێژه‌ی 100% مووسڵ له تیرۆریستان پاك نه‌كراوه‌ته‌وه، بگره ئه‌وان به نهێنی به‌رده‌وامن له پیلانڕێژی و كرده‌ی تیرۆریستی.
دووپاتیشی كرده‌وه "ڕۆژانه له ناوچه جیاجیاكان شانه‌ی نووستووی داعش ده‌گیرێن، ڕۆژی دووشه‌می رابردوویش شانه‌یه‌كی تیرۆریستان كه له 13 كه‌س پێكهاتبوون، له‌لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه گیران".
هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی داعش ماون
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای مووسڵ ئه‌وه ناشارێته‌وه كه ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌تا بوونه مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌كان، "تا ئێسته‌یش ماون و كۆتایان نه‌هاتووه". وه‌ك خودێدا ده‌ڵێ "ناكۆكییه‌كان قووڵتر بوونه‌ته‌وه و فره‌بڕیاری و فره‌هێزی زیاتر بوون، بۆیه تیرۆریستان ئه‌مانه به باشترین ده‌رفه‌ت ده‌زانن و سوودی لێ وه‌رده‌گرن بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه".
"ئه‌وانه‌ی هاوكاری داعش بوون، له مووسڵ به ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه، به ئاشكرا له میدیاكان به ڤیدیۆ بڵاو بووه‌وه 30 سه‌رۆك هۆزی عه‌ره‌بی له مووسڵ به‌یعه‌تیان به ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی دا، ئایا ده‌زانن ئه‌و سه‌رۆك هۆزانه هیچیان به‌رانبه‌ر نه‌كراوه و ئێسته به ئازادی له مووسڵ ده‌سووڕێنه‌وه و هه‌ندێكیشیان له‌لایه‌ن كاندیده‌كانه‌وه هاوكاری ده‌كرێن و ئه‌وانیش پشتیوانی خۆیان بۆ كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان راگه‌یاندووه" ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا وای گوت.
دووپاتیشی كرده‌وه، "ئه‌وه‌ی چه‌كی بۆ داعش هه‌ڵگرت و هاوكاری كردن ئازاد و سه‌ربه‌ستن، هه‌ندێكیشیان پێوه‌ندییان به داعشه‌وه ماوه، كچه ڕفێنراوه‌كانی ئێزیدی له ماڵه‌كانیان ده‌دۆزینه‌وه و ڕزگاریان ده‌كه‌ین، كه‌چی هێزه ته‌ناهییه‌كان هیچ ڕێوشوێنێكیان به‌رانبه‌ر ناگرنه به‌ر".
به‌عاج و قه‌حتانییه له ژێر كۆنتڕۆڵدا نین
ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی عێراق له سنووری مووسڵ، بۆ "وشه" ڕوونی كرده‌وه كه كۆنتڕۆڵی ته‌واوه‌تی مووسڵ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق دووره له ڕاستییه‌وه. ئاشكرای ده‌كات "شارۆكه‌ی به‌عاج و قه‌حتانییه و بیابانی ڕۆژئاوای مووسڵ تا ده‌گاته سنووری پارێزگای ئه‌نبار، ناوچه‌یه‌كی واڵان و هیچ كۆنتڕۆڵێكیان به‌سه‌ره‌وه نییه و سه‌ربازگه و بنكه و باره‌گاكانی تیرۆریستانی داعش لێیه و له‌وێ به ئاسانی و به ئازادی جموجۆڵ ده‌كه‌ن و ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و خه‌ڵك بۆ ڕیزه‌كانی خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه".
عه‌مید سمێ بۆسه‌ڵی فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی سه‌ربه پارێزگای مووسڵ، بۆ "وشه" گوتی، فره‌هێزی و فره‌كوێخایی كێشه‌ی گه‌وره‌ن له ناوچه‌كانی مووسڵ.
ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند كه "ئه‌و زانیارییانه‌ی ئێمه هه‌مانه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه داعش له جموجۆڵی به‌رده‌وامدایه و چالاكییه‌كانی فره‌وانتر بوونه، عه‌بادی هه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعش ڕاگه‌یاند، كاتێك ئه‌وان بڕیاری هێرشیان بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه دا، جارێكی تر هه‌مان دۆخ و ژینگه‌ی به‌ر له 2014یان هێنایه‌وه ئاراوه، بۆیه كاتێك هه‌مان ژینگه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی داعش و به‌هێزبوونه‌وه‌ی هیچ مه‌حاڵ نییه و ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه، دووباره كۆنتڕۆڵی ناوچه‌كان بكه‌نه‌وه".