"ش ، م" پیاوێكی ته‌مه‌ن /50 ساڵ/ و دانیشتووى یه‌كێك له شاره‌دێیه‌كانى نزیك هه‌ولێره، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له ژنه‌كه‌ى به تۆمه‌تى"ناپاكى" جیا ده‌بێته‌وه و خۆیشى له سوڵحێكى عه‌شایه‌ریدا بڕێك پاره‌ى وه‌رگرت.
وه‌ك كه‌سێكى نزیك له رووداوه‌كه بۆ" وشه"ى گێڕایه‌وه، ئه‌و پیاوه ماوه‌یه‌كى زۆره به پێوه‌ندى ژنه‌كه‌ى زانیوه، به‌ڵام خۆى لێ مه‌ڵاس دابوو بۆ ئه‌وه‌ى له بارودۆخێكى گونجاو به‌سه‌ر ناپاكییه‌كه‌یدا بدات و به‌ڵگه‌ى هه‌بێت. بۆیه دواجار به‌هۆى به‌كارهێنانى كامێراى مۆبایله‌وه ئه‌م كاره ئه‌نجام ده‌دات و دواتر ژنه‌كه‌ى ره‌وانه‌ى ماڵى باوكى ده‌كاته‌وه، ئینجا خۆى له رێى سوڵحێكه‌وه 100 هه‌زار دۆلار له كه‌سوكارى ئه‌و پیاوه وه‌رده‌گرێت كه پێوه‌ندیى له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا هه‌بووه.
ئه‌وه‌یشی گوت كه ده‌نگۆى ئه‌وه هه‌یه ژنه‌كه له‌لایه‌ن ماڵى باوكییه‌وه كوژرابێت، ئه‌و زیاتر له 25 ساڵه هاوسه‌رى ئه‌و پیاوه‌یه. هه‌ر ئه‌و كه‌سه ده‌یگوت ئه‌م پیاوه له‌لایه‌ن چه‌ند هاوڕێیه‌كى گوتوویه‌تى من به‌م نزیكانه ده‌بمه خاوه‌ن پاره.
كه‌یسى ئه‌م پیاوه، دیارده‌یه‌كه ئه‌گه‌ر به ژماره‌یه‌كى كه‌میش بێت، بوونى هه‌یه. هه‌ندێك له پیاوان ته‌ڵه‌ى خیانه‌تكارى بۆ ژنه‌كانیان ده‌نێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى دواتر جیا له جیابوونه‌وه لێیان، له سوڵحى حه‌شایه‌رى پاره‌یان پێ وه‌ربگرن.
ده‌روونناسان و كۆمه‌ڵناسان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، خیانه‌تكاری ره‌فتارێك نییه له خۆیه‌وه له هاوسه‌رێكه‌وه دروست بێت، هه‌ندێك جار پیاوانیش هۆكارن بۆ دروستبوونى ره‌فتارى خیانه‌تكاری له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه. ئه‌مه بۆ ناپاكى پیاوانیش دروسته. بۆیه نابێت له‌كاتى هه‌ستكردن به كرده‌ى ناپاكى پیاو، یان ژن، خۆى له هاوسه‌ره ناپاكه‌كه‌ى بێده‌نگ بكات و بیخاته ته‌ڵه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رامى تر‌ى خۆى پێ هه‌ڵبڕێژێت.
هودا سابیر زه‌نگه‌نه كه چه‌ند ساڵێكه وه‌ك چالاكى ژنان كار ده‌كات، له‌باره‌ى ئه‌م كه‌یسه‌وه ده‌ڵێ، "كه‌یسی له‌و جۆره هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نایه‌ت كه زۆره و وه‌ك دیارده‌ی لێ هاتووه، به‌ڵكو زۆر له كه‌می حاڵه‌تی وا هه‌بووه وه‌ك له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی تریش كه‌یسی له‌و جۆره هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مجۆره كه‌یسه نامرۆییه یه‌ك له قێزه‌ونترین و دڕندانه‌ترین تاوانكارییه".
هودا بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد كه ناپاكى هاوسه‌ران كۆمه‌ڵێك هۆى هه‌یه. پێی وایه ته‌نیا جۆریش "ناپاكى سێكسى" نییه، به‌ڵكو چه‌ندان جۆرى تر هه‌یه. ئاماژه‌ی دا "خیانه‌ت به مانا دروسته‌كه‌ی ته‌نیا بوونی پێوه‌ندی سۆزداری و سێكسیی هاوسه‌ره‌كان ناگرێته‌وه له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری، به‌ڵكو درۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و دزیكردن له یه‌كتر و چه‌ندان ڕه‌فتاری تری ناشایسته ده‌چێته چوارچێوه‌ی خیانه‌ته‌وه، هۆی جۆراوجۆری هه‌یه و ناتوانین ته‌نیا یه‌ك هۆكار بكه‌ین به پێوه‌ر، ڕه‌فتاری نادروست و خراپی هاوسه‌ران یه‌ك له هۆكاره‌كانه و ره‌نگه له هه‌موو حاڵتێكیشدا نه‌بێته هۆی خیانه‌تكردن، به‌ڵام یه‌ك له هۆكاره‌كانه".
هه‌رچه‌نده زیاتر له هه‌شت ساڵ ده‌بێت حكوومه‌تى هه‌رێم رێكاریى توندى گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى رێگریى له كوشتنى ژنان بكات به‌ناوى شه‌ره‌فه‌وه، كه‌چى هێشتا ئه‌م دیارده‌یه بنبڕ نه‌كراوه. هودا ده‌ڵێ "به‌داخه‌وه هه‌ندێك جار ژنانی ئێمه ده‌بنه قوربانی له‌مجۆره كه‌یسانه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشیاریی یاسایی لای خه‌ڵك هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ته ڕێ زۆره بۆ ئه‌وه‌ی تووشی ئه‌و جۆره تاوانكارییه نه‌بن، به‌ڵام سروشتی په‌روه‌رده‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگای ئێمه به‌جۆرێكه ژنان ئاسان ده‌ستیان ناگات به ده‌زگا پێوه‌نداره‌كان، ئیتر هه‌ندێك جار نا‌وێرن له‌به‌ر لۆمه‌ی كۆمه‌ڵگا و هه‌ڕه‌شه‌ی خێزانه‌كانیان و هه‌ندێك جاریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی نازانن دوای په‌نابردنه به‌ر یاسا و ده‌زگا پێوه‌نداره‌كان چارنووسیان به كوێ ده‌گات".
ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت، هه‌ندێ له پیاوان ناتوانن به رێى تر رووبه‌ڕووى ناپاكى خێزانه‌كانیان ببنه‌وه، بۆیه خۆیان له پرسه‌كه به‌دوور ده‌گرن و كێشه‌كان به ماڵى باوكی ژنه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه و خۆشیان به سوڵح پاره وه‌رده‌گرن، وه‌ك ئه‌وه‌ى كێشه‌كه هه‌ر هێنده پێوه‌ندى به‌وانه‌وه هه‌بێت. به‌ڵام وه‌ك ده‌روونناسان و چالاكانى بوارى ژنان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، "ناپاكى پاساوى بۆ نییه"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت ته‌نیا به‌سزادان كێشه‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه، به‌ڵكو پێویستى به توێژینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه و ته‌نیا یاسا بۆ ئه‌م كاره به‌س نییه، تا له‌ڕووى هۆشیارییه‌وه كه‌سانى تر له‌ناو كۆمه‌ڵگا ئه‌زموون وه‌ربگرن و خۆیان له هه‌ڵه و ته‌ڵه‌ى ناپاكى به‌دوور بگرن.
هودا سابیر زه‌نگه‌نه گوتى، "له‌ڕووی یاسایی زیاتر پێویسته یاساناسان شیكردنه‌وه بۆ ئه‌و دیارده‌یه بكه‌ن، ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه ئه‌وه‌یه جگه له بوونی ده‌رگای یاسایی، پێویسته ده‌زگای زیاتری په‌نادان و پشتیوانی ژنانمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بۆ ده‌ربازبوون له‌و تاوانكارییه پشتی پێ ببه‌ستن".
*
هودا سابیر زه‌نگه‌نه چالاكى ژنان: هه‌رچه‌نده زیاتر له هه‌شت ساڵ ده‌بێت حكوومه‌تى هه‌رێم رێكاریى توندى گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى رێگریى له كوشتنى ژنان بكات به‌ناوى شه‌ره‌فه‌وه، كه‌چى هێشتا ئه‌م دیارده‌یه بنبڕ نه‌كراوه