لەبارەی كاندیدە ژنەكان وریایی دەدرێت

:: PM:02:37:15/04/2018 ‌

ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان لەبارەی ناوزڕاندنی كاندیدە ژنەكان وریای دەدات و ڕای گەیاند، كە هەر تۆمەتێكی ناشیرین بخرێتە پاڵ كاندیدە ژنەكان سكاڵا تۆمار دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی نیسان/ ئەپریل، پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پێشوودا هەندێك حاڵەتی تەشهیری كۆمەڵایەتی و رەوشتی رۆژانە دژی كاندیدانی ژن دەكرا، كە ئەمە قبووڵ نەكراوە و دەچێتە چوارچێوەی تەشهیری كۆمەڵایەتی.

زەنگەنە داوای كرد كە میدیاكاران فاكتەرێكی بەهێز بن بۆ رێگرتن لەو جۆرە حاڵەتانەی كە دەبنە هۆكاری لێدان لە پێگەی كۆمەڵایەتی كاندیدە ژنەكان.

"وەك ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین تەشهیری كۆمەڵایەتی بە كاندیدانی ژن بكرێت لە هەر لیست و قەوارەیەكدابن و هەر حاڵەتێكی وا بكرێت سكاڵا تۆمار دەكەین". پەخشان زەنگەنە وای گوت.

قسەكانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری  خانمان لەكاتێكدایە كە ژمارەیەك ژن لە لیست و قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كاندیدن بۆ هەڵبژاردنەكان و ترس هەیە لەكاتی بڵاو كردنەوەی وێنە و ناونیشانیان تووشی حاڵەتی كۆمەڵایەتی بكرێنەوە و تۆمەتیان بۆ دروست بكرێت.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم