باران پارەی پۆستەری كاندیدەكان دەكات بە ئاو
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 15ی نیسان/ ئەپریل، شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئەو بارانە هاوكاتە لەگەڵ دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و لێدانی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان لە شەقامە گشتییەكاندا، بەڵام بەهۆی ئەو بارانەوە تەواوی وێنەكان لێ بوونەوە.
بەپێی قسەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بارانبارینەكە سەرانسەرییە و بەو هۆیەشەوە تەواوی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان لە شەقامەكاندا تەڕ بوون و بووە مایەی لەناوچوون و لە دەستدانی زۆربەی وێنە و پۆستەرەكان، لەكاتێكدا ئەو وێنانە بە پارەیەكی زۆر چاپ كراون.
شوان عەلی خاوەنی چاپخانەی ڕەنگاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرجەم كاندیدەكان بە پارەیەكی زۆر بە سەتان فلێكس و وێنەیان چاپ كردووە، بەڵام ئەو وێنە و فلێكسانە كوالێتییان لاوازە و بەهۆی ئەو بارانبارینەوە ئەوانەی لە شەقامەكاندا هەڵواسراون تێك دەچن.
زیاتر گوتی، قەبارەی ئەو وێنانەی بۆ كاندیدەكان چاپ كراون، قەبارەیەكی دیاریكراوە كە هەر وێنەیەك نزیكەی پێنج هەزار دیناری تێدەچێت، سەرباری ئەوەی مەتری هەر فلێكسێك بە شەش بۆ حەوت هەزار دینار چاپ دەكرێت.
خاوەنی ئەو چاپخانەیە پێشبینی كرد كە بەهۆی ئەو بارانبارینەی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، كاندیدەكان سەتان هەزار دینار زیانیان بەر بكەوێت.
هاوكات بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، ئەو شەپۆلی بارانبارینە تا سبەی كاریگەرییەكانی دەمێنێت و ئەگەری بارانبارینی بەردەوام هەیە لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان.
شەوی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ كرد و لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی و دوو كاندیدی تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ لەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.
وشە -
سهرخێڵ هاشم