بەسرە.. شاری دارخورما كەچی خورما لە ئێران هاوردە دەكات

:: PM:05:09:15/04/2018 ‌


شاری بەسرە كە بەشاری خورما و قەسپیش ناسراوە، لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو زیاتر لە 10 ملیۆن دارخورمای تێدا بوو، عێراقیش لە پێشەنگی وڵاتانی بەرهەمهێنی خورما بوو لە ئاستی دنیادا، بەڵام لەدوای 2003 تا ئێستە نزیكەی حەوت ملیۆن دارخورما لەو شارە بووەتە قوربانی، ئەمەش وایكردووە عێراق نەك هەر ناتوانێت خورما هەناردە بكات، بەڵكو بازاڕەكانی بە خورمای ئێرانی تەنراوە.

لە دوای 2003ەوە وەك چۆن بڵێی بەسرایییەكان شەڕێكی گەورەیان دژ بە خورما ئەنجامدا بێت، هەڵمەتێكی گەورەی وشككردن و بڕینەوە یان سووتاندنی زۆرینەی باخچەكانیان دەست پێ كرد، ئەگەرچی بازرگانی خورما یەكێك بوو لە سەرچاوە هەرە سەرەكییەكانی رۆزی خەڵكی شارەكە بە درێژایی ساڵانی رابردوو.

یەكێكی تر لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی دارخورما لە بەسرە دەگەڕێتەوە بۆ پەراوێزخستنی حكوومەتی عێراق بۆ كشتوكاڵ، شارەزایانی كشتوكاڵیش دەڵێن دارخورماكانی بەسرە زیاتر لە 300 جۆری خورما و قەسپ و روتابیان بەرهەم دەهێنا كە دیارترین و بەناوبانگترینیان برحی، خەستاوی، زەهدی و جۆرەكانی تری بوون.

محەمەد سەلامی ئەندازیاری كشتوكاڵی لە سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵ لە بەسرە لەسەر ئەو پرسە دەڵێ، پشتگوێخستنی سێكتەری كشتوكاڵ لەلایەن حكوومەتەوە دیارترین هۆكاری قڕانی دارخورما و لە ناوچوونی جۆرەها خورمای عێراقی بووە.

روونی كردەوە پێش 2003 زیاتر لە 10 ملیۆن دارخورما لە بەسرە هەبوو، بەڵام ئێستە ژمارەكە بۆ دوو ملیۆن تا ملیۆنێك و نیو دابەزیوە، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە لە لەدەستچوونی بەرهەمی زیاتر لە 300 جۆری خورما و قەسپ و توڕاب، لەونە خەستاوی، برحی و زەهدی.

ئەوەشی خستەڕوو ئەوەی جێی سەرسوڕمانە پێش 2003 بەسرە خورمای هەناردەی دەرەوە دەكرد، كەچی ئێستە خۆی لە ئێران و وڵاتانی كەنداو هاوردەی دەكات. گوتی "ئەوەی بەسەر دارخورمای بەسرە هاتووە لەدەستچوونی گەورەترین سەرچاوەی نیشتمانییە، جگە لە لەدەستچوونی جوانی دیمەنی دارخورماكان كە بەسرەی رازاندبووەوە".
 
ئێران كە گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە لەگەڵ عێراق و بەپێی ئامارە فەرمییەكان، ساڵانەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان دەگاتە نزیكەی 12 ملیار دۆلار، دیارترین كەلوپەلی ئێرانیش كە هاوردەی عێراق دەكرێت خۆراك و كەرەستەی بیناسازی و بەرهەمە پلاستیكییەكانیەتی كە بە قسەی بازرگانان بەهۆی هەرزانی نرخەكەی، هەژموونی بەسەر بازاڕی عێراق گرتووە.

حوسێن دۆسەری ئەندامی ئەنجومەنی شارۆكەی زوبێری رۆژهەڵاتی بەسرە دەڵێ، بەشی زۆری باخچە و بێستانەكانی خورما لەو ناوچەیە لەلایەن خاوەنەكانیان رووخێنران و كران بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی.

ئەو كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئەو هەڵمەتی قڕكردنی دارخورمایە لە زوبێر، وایكرد شارۆكەكە لە ناوەندێكی كەسكایی دارخورماكان بگۆڕێت بۆ ناوەندێكی بازرگانی و پێشانگای ئۆتۆمبێل و شوێنی فرۆشتنی كەلوپەلی تر.

 هەر لەسەر ئەو پرسە، بەشێك لە خاوەنی بیستان و باخچەكانی دارخورما دەڵێن، ئەوان ناچار بوونە باخچەكانیان لەناو ببەن و بیكەن بە زەویی بازرگانی، چونكە حكوومەت هیچ بایەخێكی بە باخچەكان نەداوە و پشتگوێی خستبوون.

موسلیم فازڵ خاوەنی یەكێك لە باخچەكانی شارۆكەی قوڕنە باكوری بەسرە، دەڵێ چاودێریكردنی باخچەی دارخورما لەلایەن حكوومەتەوە زۆر پاشەكشەی كرد، ئەمەش وایكرد نرخی باخچەكان زۆر داببەزێت و لەولاوەش زەوی بازرگانی نرخەكەی زۆر بەرز بووەوە و چەند هێندەی نرخی باخچەكان بوو، وایكرد بەشێكی زۆر باخچەكانیان تێكبدەن و زەوییەكەی بفرۆشن.
 
لەگەڵ لەناوچوونی ملیۆنان دارخورما، ساڵی رابردوو عێراق 300 هەزار تۆن خورمای هەناردەی دەرەوە كردووە كە بەشی زۆری بۆ ئەوروپا و ئەمەریكای لاتین بووە، ئەو بڕە زۆر لەوە كەمترە كە پێشتر هەناردە دەكرا كە ساڵانە دەگەیشتە ملیۆنێك بۆ ملیۆنێك و 250 هەزار تۆن بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی.

فازڵ زوبێدی یەكێك لە دیارترین هۆكارەكان جەنگی خورمای ئێرانی بوو دژ بە عێراق كە نرخەكەی هەرزان بوو بەوەی عێراقی و بازرگانەكانیش بە لێشاو هاوردەیان دەكرد، وەك ئەوەی ئێستە عێراق غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، كەچی غازەكەی خۆیشی هەناردەی كوێت دەكات.

نەقیبی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵ لە بەسرە هۆكاری سەرەكی لەناوچوونی باخچەكانی دارخورما بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە بەشێكی زۆری خاوەن باخچەكان عێراقیان جێ هێشتووە و باخچەكانیشیان بە نرخی زەوییەكەی فرۆشتووە نەك وەك باخچە، چونكە نرخی زەوییەكە گرانتر بوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لاوازی پاڵپشتی حكوومەت بۆ جووتیاران، وایكرد ئەوان پشت بە خۆیان ببەستن، لەمەشدا سەركەوتوو نەبوون كە بەرەنگاری ئەو پەتایانە ببنەوە كە لە دارخورمای دەدات، هاوكات نرخەكەشی لە بازاڕ دابەزی بەهۆی زۆری خورمای ئێرانی.

بەگوێرەی دواین ئاماری لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ژمارەی دارخورما لە بەسرە لە 10 ملیۆن بۆ كەمتر لە سێ ملیۆن دابەزیوە.

جومعە ئەلزینی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەڵێ، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی قڕانی دارخورما، بەشێك لە دارخورماكان بەهۆكاری وشكەساڵی و هۆكاری تر لەناو چوون.

ئەگەرچی پێش 2003 عێراق سێ بەشی خورما و جۆرەكانی تری بەری دارخورمای لە دنیا بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستە تەنیا 5%ی بەرهەم دەهێنێت و لەریزبەندی حەوتەمی دنیادایە.



وشە - فه‌رمان سادق