دوای مووشەكبارانكردنی سووریا.. رۆژئاوا بەدوای چارەسەری سیاسیدا دەگەڕێت

:: PM:11:11:15/04/2018 ‌

دوای وەشاندنی 103 مووشەك، ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بەدوای چارەسەری سیاسی بۆ كێشەی سووریا دەگەڕێن، بۆ ئەمەش پڕۆژە بڕیارێكیان ئاراستەی ئەنجوومەنەكە كردووە.
 
لەسەر پڕۆژە بڕیارەكە بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، وڵاتەكەی لەمە زیاتر نایەوێت دۆخی سووریا بارگرژی بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام لە گوشارەكانیش بەردەوام دەبین تا ئەسەد ناچار بكەین بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

روونی كردەوە، بەریتانیا لەگەڵ هاوپەیمانانی بەدوای بژارەی تردا دەگەڕێت بۆ رێگرتن لە بەشار ئەسەد لە بەكار نەهێنانەوەی چەكی كیمیايی دژ بە گەلەكەی، بەڵام تا ئێستە هیچ پلانێك لەئارادا نییە.
 
وەزیری دەرەوەی بەرتیانیا پشتگیری لە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی كرد كە چووە پاڵ ئەمەریكا و فڕەنسا بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی دژ بە دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیايی لە سووریا، ئاشكراشی كرد كە هیچ پێشنیازێك لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە بۆ وەشاندنی گورزی زیاتر، چونكە لەو باوەڕەدا نین دوای هێرشە مووشەكییەكە جارێكی تر رژێمی سووریا چەكی كیمیايی بەكار بێنێتەوە.

 لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆكە لەگەڵ قسەكانی جان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا كە رای گەیاند وڵاتەكەی دوای هێرشەكە لە هەوڵی چارەسەرێكی ریشەیی بۆ دۆخی سووریا دەگەڕێت تا وڵاتەكە لە تەنگژە رزگار بكات.

ئەوەشی خستە ڕوو، دوای لێدانی مووشەكەكان دەبێت رووسیا گوشار بخاتە سەر رژێمی ئەسەد تا دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ دەرچوونی سووریا لەم تەنگژە سیاسییە و گوتی، "هیوادارین ئێستە رووسیا تێ بگات كە دەبێت هەموو لایەك هەوڵەكانی بە ئاراستەی پڕۆسەیەكی سیاسی بۆ سووریا بخاتە گەڕ تا وڵاتەكە لە تەنگژە دەربچێت".

لۆدریان لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی "لۆ جۆرناڵ دو دیمانش" كە رۆژنامەی "عەرەب" كردوویەتی بە عەرەبی، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بەشار ئەسەد پڕۆسەی سیاسی و گفتوگۆی پەك خستووە و رووسیاش دەبێت گوشاری بخاتە سەر.

زیاتر گوتی، "هەنگاویی یەكەم دەبێت ئاگربەست رابگەیەنرێت و هەموولا پێیەوە پابەند بێت بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پاشان رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان كارا بكرێتەوە".

جێی باسە ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا شەوی شەمووی رابردوو 14ی نیسان، 103 موشەكیان بە دامەزراوە كیمیاییەكان و هەندێ دامەزراوەی تری سووریا نا، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشە كیمیاییەكەی رژێمی ئەسەد بۆ سەر دۆما.
 
لە دیدی فڕەنسا، هێرشەكە دەبێت رێگەی دانوستاندن بكاتەوە كە پێشتر هەڵپەسێردرابوو لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرد.

هەوڵەكانی رۆژئاوا لە كاتێكدایە دوای دۆما، سووریا دەیەوێت سوپاكەی بەلای باشووری دیمەشق جولە پێ بكات بە ئاراستەی درعا لە باشوور یان ئیدلب لە باكور.

بەڵام وەزیری دەرەوەی فڕەنسا دەڵێت، دەبێ چارەنووسی ئیدلب بە سیاسی یەكلا بێتەوە و گرووپە چەكدارە میلیشیاكانیش دەبێت چەك دابنێن و گوتی، "لە هەمانكاتدا فڕەنسا كار لەسەر رێگەچارەی تریش دەكات، جوڵاندنی پڕۆسەی سیاسی لە سووریا دەبێت هەموو هێزە ناوخۆكانی سووریا تێیدا بەشدار بن بە هێزە هەرێمایەتییەكانیشەوە".

دوای چەند سەعاتێك لە گورز وەشاندنەكە، فڕەنسا و ئەمەریكا و بەریتانیا پڕۆژەیەكیان پێشكەش بە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیايی لە سووریا.

لە بەشێكی تری پڕۆژەكەدا باس لە گەیاندنی كۆمەكی مرۆی و دەست پێكردنەوەی گفتوگۆی ئاشتیانە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، ئەمەش هەنگاوێكی روونی رۆژئاوایە لە جولەكردن بە ئاراستەی چارەسەری دیپلۆماسی.

ئەمە یەكەمینجارە لە ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژە بڕیارێك پێشكەش بكرێت لەیەككاتدا باسی چەكی كیمیايی و لایەنی مرۆیی و سیاسەت و ململانێ لە سووریا بكات.

پڕۆژەكەی رۆژئاوا چاوەڕوانی وەڵامی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات كە پێشبینی دەكرێت سبەی دووشەم یان لەم هەفتەیە رۆژێك دەستنیشان بكرێت بۆ گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری.

دوای هێرشەكە رووسیا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد سەركۆنەی هێرشەكە بكات و ئۆپراسیۆنەكە بە دژایەتیكردن و "شەڕ" دژی سووریا بداتە قەڵەم، بەڵام پێشنیازەكەی رووسیا تەنیا چین و پۆلیڤیا دەنگیان پێدا و هەشت وڵاتیش رەخنەیان لە دەقی پێشنیازەكە هەبوو، هەروەها چوار وڵاتیش دەنگیان نەدا.

چاودێرانی دیپلۆماسی رۆژئاواش لە بارەی وەڵامی رووسیا بۆ هێرشەكە پێیان وایە وەڵامەكە لە كەمترین ئاستی دابوو، بۆیە دەتوانرێت لەگەڵ مۆسكۆ هاوئاهەنگی بكرێت بۆ دەرچوواندنی بڕیارێكی نوێ.

 ڤاسیلی نیبینزیا باڵوێزی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش داوای وەستاندنی دەستبەجێ كارەكانی رۆژئاوای لە سووریا كرد، رەخنەی ئەوەشی لێگرتن كە رۆژئاوا نایانەوێت خۆیان لە سەرووی یاسای نێودەوڵەتی ببینن، بەڵكو دەیانەوێت دووبارە یاسای نێودەوڵەتی بنووسنەوە.

لای خۆیەوە نیكی هایلی، باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دڵنیایی دا كە هێرشە مووشەكییەكە بەرنامەی چەكی كیمیايی رژێمی سووریای پەك خستووە، هۆشداریشی دا كە ئەمەریكا ئامادەیە هێرشی تر بكاتە سەر سووریا ئەگەر چەكی كیمیایی دووبارە بەكار بێنێتەوە.

لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە سووریا لە ساڵی 2011 تا ئێستە 12جار رووسیا ڤیتۆی دژ بەو پڕۆژە بڕیاریارانە داوە كە ئەنجوومەنی ئاسایش ویستوویانە دژ بە رژێمی بەشار ئەسەد دەری بكەن، لە سەرەتای ئەمساڵیش بۆ یەكەمجار هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش كۆدەنگبوون لەسەر پڕۆژە بڕیارێك لەبارەی سووریا كە پێوەندیدار بوو بە وەستاندنی شەڕ.





وشە - فه‌رمان سادق