ئێران بەڵێن بە مالیكی و عامری دەدات

:: AM:10:11:16/04/2018 ‌
لەگەڵ دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێران هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ پشتگیریكردن لەو هێزانەی سەر بەخۆین تا بگەن بە دەسەڵات لە رێی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك لە نێوان هێزە شیعیەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، هەروەها دژایەتیكردنی حەیدەر عەبادی.

جموجۆڵەكانی هەفتەی رابردووی بەرپرسانی باڵای ئێرانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی ئەوە دەردەخەن كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، لەو بازنەیە نییە كە ئێران پشتگیرییان لێ دەكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەوڵی پەراوێزخستنی دەدات و پێیان وایە عەبادی لە بازنەی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبییە، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكانی دابەشبوون و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان.

بەرپرسێكی باڵا ئاشكرای دەكات كە هەفتەی رابردوو ئیرج مەسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق دەیان كۆبوونەوەی لەگەڵ چەندان گرووپ و سەركردە و لیست ئەنجام داوە، لە نێویاندا نووری مالیكی كە چەندان سەعات كۆ بوونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئاشكرای دەكات ئێران لە هەوڵی لەیەك نزیككردنەوەی لایەنە پەرتەوازەبووەكانی شیعەكاندایە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتێك دوای هەڵبژاردن كە جێی هاوپەیمانی نیشتمانی بگرێتەوە، بەڵام هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی لە بازنەی گفتوگۆ و سەردانەكانی مەسجدی نەبوون، بە پێچەوانەوە لە كۆی دیدار و سەردانەكانیدا مەسجدی هەوڵی ئەوەی داوە هاوپەیمانیەتییەك لەو لایەنانە پێكبهێنێت كە نزیكن لە ئێران تا ئامادەیان بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە هێشتا مالیكی دەستی بە هیچ بەڵێنێكی ئێرانی نەگەیشتووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەگەرچی چەندان سەعات لە كۆبوونەوەدا بوونە، بەڵام باڵوێزی ئێران بەڵێنی ئەوەی بە مالیكی داوە كە پشتگیری دەكات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی فراوان كە زۆرینەی قەوارە شیعەكان لەخۆی بگرێت جگە لە هاوپەیمانی نەسر كە عەبادی سەركردایەتی دەكات، هاوكات بەڵێنی ئەوەشی داوە ئێران كار دەكات بۆ پەراوێزخستنی عەبادی، لەسەر ئەو بنەمایەی عەبادی لە ئێران خۆی نزیك نەكردووەتەوە و بە پێچەوانەوە زیاتر خۆی لە رۆژئاوا و بازنەی عەرەبی نزیك بووەتەوە.

لە كۆبوونەوەشی لەگەڵ عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمە، هەمان پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكەی باس كردووە، حەكیمیش لەسەر بۆچوونەكانی مەسجدی ناكۆكییەكی نەبووە، بەڵكو هەردوولا رێككەوتوون بۆ كاركردن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكە.

هەوڵ و كۆبوونەوەكانی مەسجدی لەگەڵ مالیكی و حەكیم لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوو هیچ كات پێوەندییەكانی نەپچڕاوە لەگەڵ هادی عامری و فالح فەیاز دوو سەركردەی دیاری میلیشیاكانی حەشد و هاوپەیمانی فەتح، هەر لەم هەفتەیەشدا چەندان دیداری تر لەگەڵ لیست و قەوارەكانی تری شیعە كە لە هاوپەیمانی نیشتمانی چوونەتە دەرەوە ئەنجام دەدات.

لەگەڵ هەموو ئەو كۆبوونەوانەدا، مەسجدی لە بەرنامەیدا نییە لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆ ببێتەوە، تەنانەت هیچ بەرپرسێكی ئێرانیش بەم نزیكانە لەگەڵ عەبادی كۆ نابنەوە، ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە نیازی ئێران بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرایە كە نایەوێت لە عەبادی نزیك ببێتەوە، بەڵكو هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك دەدات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو كە سەرۆك وەزیرانەكە لەناو هاوپەیمانیەتییەكەدا بێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد كە مالیكی هەوڵی داوە ئێرانییەكان رازی بكات بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران كە ركابەریی توندی هەیە لەگەڵ هادی عامری بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ئێرانییەكان ئەو پرسەیان دواخستووە بۆ دوای پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 12ی ئایاری داهاتوو.

لەسەر هەوڵەكانی ئێران، سەركردەی هیچ هاوپەیمانیەتییەك ئامادە نین قسە لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ پێش هەڵبژاردن بكەن، بەڵام ئامادەكارییەكان بەردەوام دەبن بۆ دوای هەڵبژاردن.

ئیبراهیم بەحرلعلوم سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، ئاماژەی بۆ ئەوە دەكات كە هاوپەیمانیەتی هەڵبژاردنیان دەكەوێتە سەر گۆڕانكارییەكانی قۆناغی داهاتوو، روونتر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. گوتی "هاوپەیمانی فەتح لە دیدگای بەرژەوەندی نیشتمانی دەڕوانێتە هاوپەیمانیەتییەكانی داهاتوو، یەكێكیش لە بنەما سەرەكییەكانی هاوپەیمانی فەتح، كرانەوەیە بە ڕووی هەموو حزبەكان و كاركردن بەگوێرەی دەستووری عێراق.
 
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە لەم خولەی هەڵبژاردندا پیشتگیریی ئێران بۆ قەوارە و لیستەكان وەك خولەكانی پێشتر كاریگەری نابێت، ئەمەش وایكردووە عەبادی زیاتر لە ئێران دوور بكەوێـتەوە و بەرەو وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا هەنگاو هەڵگرێت.

عەبدولستار شەمەری شارەزای سیاسی دەڵێ، دابەشبوونی هاوپەیمانی نیشتمانی لەم خولەدا زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت، تەنانەت دوای هەڵبژاردنیش ئەو دابەشبوونە بەردەوامی دەبێت. جگە لەمە رۆڵ و كاریگەریی ئێرانیش لەم خولەدا بە بەراورد بە خولەكانی رابردوو زۆر كەمترە، بەڵام ئێران توانای كۆكردنەوەی هێز و پێكهاتە شیعیەكانی هەیە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەك، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێكی وەك سەرۆك وەزیران دەستنیشان نەكردووە، بەڵكو چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات.

جێی باسە جیابوونەوەی عەبادی لە هاوپەیمانی نیشتمانی و دووركەوتنەوەی لە ئێران، كاریگەری زۆری داناوە لەسەر شەقامی شیعی و دابەشی كردوون بەسەر بەرەی ئێران و بەرەی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە 12ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنێكی پڕ لە ململانێ بێت.



وشە - فه‌رمان سادق