دوا زانیاری لەسەر دەسكاریكردنی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پاسەوانی

:: AM:10:48:16/04/2018 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، خشتەی مووچەی داهاتووی وەزارەتی ناوخۆ لە ئێستەوە ئامادەیە و وەزیری ناوخۆیش لەسەر هێڵە و مووچەی هێزەكانی پاسەوانیش چاك دەكرێن و هیچ كێشەیەكیان نامێنێت.

جەلال شێخ كەریم بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەسەر دەسكاری لە ڕێژەی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پاسەوانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەمان كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین، چونكە وەزیری ناوخۆ خۆیشی هاتووەتە سەر خەت و وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگادار كردووەتەوە، تا پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پاسەوانیش بكرێ.

زیاتر گوتی، جیا لەوەیش لە ئێستەوە خشتەی مووچەی وەزارەتی ناوخۆمان بۆ مانگی نوێ ئامادە كردووە و تەنیا ماوەتەوە دوای هاتنی پارە ڕادەستی گەنجینەكان بكرێ.

سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ "وشە" گوتی، بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پاسەوانی لە هەوڵی بەردەوامداین، سەرجەم هێزەكانی تری وەزارەتی ناوخۆیش مووچەیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی شارستانی دەبێ، ئەوەیش ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و یەكلا بووەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوو پاش ناردنی زیاتر لە 300 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەی مانگانە، دەسكاری سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی كرد، بە جۆرێك هەر كارمەندێك لە نێوان 10 تا 30%ی مووچەكەی پاشەكەوت دەكرێ، ئەمەیش هیوایەكی بە خەڵك بەخشییەوە و مووچەكانیان بەرەو باشبوون ڕۆیشتووەتەوە، بەوهۆیەوە بایكۆتی دەوام لە سەرجەم ناوچەكان شكێنران و قوتابخانە و نەخۆشخانەكان و فەرمانگەكانی تری حكوومەت بە ڕووی هاووڵاتییان و قوتابییان كرانەوە.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د