ڕەشەبا زیانی بە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی ئاكرێ گەیاند

:: AM:11:22:16/04/2018 ‌
لە شەوی ڕابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ دووشەم ڕەشەبایەكی بەهێز سنووری شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆكەی ئاكرێی گرتەوە، بەوهۆیەوە زیانی زۆر بە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و باخ و خانووی گوندنشینانی ناوچەكە گەیاندووە.

عەكان عەبدولسەلام هاووڵاتییەكی گوندی "گومانا"ی سەر بە شارەدێی دینارتە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو تا بەیانی ئەمڕۆ رەشەبایەكی زۆر بەهێز و توند سنوورەكەمانی گرتەوە، لە ئەنجامدا زیانی زۆری بە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و باخی جووتیاران گەیاند.

زیاتر گوتی، ڕەشەباكە زیانی بە درەختەكانی قەیسی و خۆخ و شلیك و سێو و هەنار گەیاندووە، زیاتر لە نیوەی بەرهەمەكانی درەختی ئەو میوەجاتانە لە دەڤەرەكەمان كەوتوونەتە خوارەوە و لەناو چوون، جیالەوەیش زیانی بە گەنم و جۆ و پاقلە و ئەو نەمامانە گەیاندووە كە ئەمساڵ چێنراون.

برقی زێباری هاووڵاتییەكی نیشتەجێی كۆمەڵگای گربیشی سەر بە شارەدێی دینارتەیە و بۆ "وشە" گوتی، ڕەشەبای شەو ڕابردوو تا بەیانی ئەمڕۆ زیانی بە تەواوی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان گەیاندووە و دەیان بنەداری شكاندووە، بۆیە داوامان لە لایەنی پێوەندار كردووە، هاوكاری جووتیاران بكەن و قەرەبوو بكرێنەوە.

شارەدێی دینارتە لە 100 گوندی ئاوەدان و سەنتەری شارەدێكە پێك دێ، 70%ی سنووری شارۆكەكە شاخاوییە و ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بۆ بەرهەمهێنانی میوەجات و سماق.

ئاكرێ/ نەوزاد هلۆری.














وشە - باز ئه‌حمه‌د