ئەو یارییانەی بەرشەلۆنە لە هاوینی دادێ ئەنجامیان دەدات

:: AM:11:55:16/04/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هاوینی داهاتوودا بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ یارییەكانی وەرزی نوێ بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی هەڤاڵینی ناودەوڵەتی دەكات كە لە وڵاتی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت.

یانەی بەرشەلۆنە لەچوارچێوەی یارییە ئامادەكارییەكانیدا بۆ وەرزی داهاتوو لە پاڵەوانیەتیی هەڤاڵینی ناودەوڵەتی لە وڵاتی ئەمەریكا بەرامبەر سێ یانەی گەورەی ئەوروپا یاریی دەكات، ئەوانیش برێتین لە تۆتنهامی ئینگلیزی، میلان و رۆمای ئیتاڵی.

واتە یانەی بەرشەلۆنە لە هاوینی داهاتوو دووبارە رووبەڕووی یانەی رۆما دەبێتەوە كە لەسەر دەستی ئەو یانەیە لە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرایە دەرەوە.

وادەی یارییەكانی یانەی بەرشەلۆنە لە پاڵەوانیەتیی هەڤاڵینی ناودەوڵەتی بەمشێوەی خوارەوە دەبێت:-

لە رۆژی 28ی تەمووز (مانگی حەوت) یانەی بەرشەلۆنە لە كالیفۆرنیا بەرامبەر یانەی تۆتنهام یاری دەكات.

لە رۆژی 31ی هەمان مانگ لە تیكساس بەرامبەر یانەی رۆما یاری دەكات.

یانەكە لە رۆژی 4ی ئاب لە هەرێمی كالیفۆرنیا رووبەڕووی یانەی میلان دەبێتەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە لە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا نزیك بووەتەوە، لە جامی شای ئیسپانیاش گەیشتۆتە یاریی كۆتایی و شەمووی داهاتوو لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەكە بەرامبەر یانەی سڤیلییە یاری دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م