لایەنه‌كان ڕادەستكردنەوەی ناوچەكان بە داعش دەكەنە فشار بۆ سه‌ر دەنگدەران

:: PM:01:27:16/04/2018 ‌


لە دووەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەیان سكاڵا دژی كاندید و حزبە سیاسییەكان تۆمار دەكرێت و تۆمەتی كڕینی دەنگیان دەدرێتە پاڵ لە رێی دیاری و بەخشینەوەی پارە. لە بەرانبەر ئەمەشدا هەندێك لایەنی سیاسی هەڕەشەی بەكارهێنانی چەك و چۆڵكردنی ناوچەكانیان دەكەن لە پاراستنی دۆخی تەناهی وەك گوشارێك بۆ سەر دەنگدەران.

لە پارێزگای دیالە هەڵمەتی كڕینی دەنگ لەلایەن كاندید و هێزە سیاسییەكان دەستی پێ كردووە بە تایبەت لە ناوچە و گەڕەكە هەژارنشینەكان لە رێی بەخشینەوەی پارە و دیاری، چاودێرانیش دەڵێن گرنگە چاودێری نێودەوڵەتی لە شارەكان بڵاو ببن وەك گەرەنتی دژ بە گوشارەكان بۆ سەر دەنگدەران و كڕین و فرۆشتن بە دەنگەكانیان. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، چەندان رێی گێچەڵ و گوشار خستنەسەر دەنگدەران پێڕەو دەكرێت بۆ گەیشتن بە دەنگەكانیان.

بەرپرسێكی سیاسی لە پارێزگای دیالە، ئاشكرای دەكات هەندێك ناوچەی دیالە بە تایبەتی گوندە دوورە دەستەكان و شارەدێیەكان لەلایەن هەندێك كاندید و هێزی سیاسی و میلیشیای حەشد رووبەڕووی گێچەڵ و گوشار بوونەتەوە تا هاووڵاتییانی ناوچەكە دەنگیان پێ بدەن، بە تایبەت لە شارەدێی ئیمام وەیس، میقدادیە و سەعدیە.

ئەو بەرپرسە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە هەندێك لە هاوپەیمانیەتییەكان رێی جیاواز دەگرنەبەر بۆ دەستگەیشتن بە دەنگی دەنگدەران و كڕینی كارتی دەنگدەران لە رێی بەخشینەوەی دیاری یان پێدانی پارە، تەنانەت هەندێك لە كاندید و لیستەكان پەنایان بردووە بۆ بەركاهێنانی چەك و هەڕەشە كردن لە هاووڵاتییان.

ئەو بەرپرسە سیاسییە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، گوتی "ئەو لایەنانە هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكیان دژ بە خەڵكی گوندەكان كردووە، یان گرتنەبەری رێوشوێنی توند لەوانە هەڵمەتی گرتن ئەگەر دەنگیان پێ نەدەن"، گوتی "هەڕەشەی ئەوەیان لە هاووڵاتییان كردووە كە چاودێرییان دەكەن لەو كاتەی دەچن بۆ دەنگدان و دەزانن كێ دەنگی بە كێ داوە".

لەسەر ئەو پرسە عەمار تەعمە سەرۆكی لیستی فەزیڵە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، دەبێت ئەو كاندید و لایەنە سیاسییانە ئابڕوویان بێتە بردن كە گوشار و گێچەڵ و هەڕەشە لە دەنگدەران دەكەن، تەنانەت ئەوانەشی كە بەڵێنی دامەزراندن و گواستنەوەی فەرمانبەران دەدات بەرانبەر بە دەنگ پێدانیان.

تەعمە لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە گوتی، "گوشار خستنەسەر دەنگدەران و هەڕەشە لێكردنیان بێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكی پێشترت هەبێت یان بەرنامەیەكت هەبێت بۆ داهاتوو، نیشانەی ئەوەیە ئەو كەسە شایان نییە ببێتە پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵك، چونكە ناتوانێت بە رێیەكی ئاسایی دەنگی خەڵك بەدەست بهێنێت".

لایەنە سیاسییەكان كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە بەرپرسیار دەزانن لە نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریكردن لەو لایەنە سیاسی و كاندیدانەی كە پەنا دەبەنە بەر بەخشینەوەی پارە و دیاری تا هەڕەشەكردن لە دەنگدەران بۆ پێدانی دەنگەكانیان.
 
لەسەر ئەو پرسە جاسم عوبێدی كاندیدی هاوپەیمانی سائیرون دەڵێ، هەندێك لایەنی سیاسی و كاندید چەندان جۆر رێیان بەكار هێناوە بۆ دەست گەیشتن بە دەنگی دەنگدەران، ئەمەش نیشانەی لاوازیی كۆمسیۆن و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن دەردەخات.

روونی كردەوە كە كۆمسیۆن دەسەڵاتی هەیە و لەسەریەتی چاودێری هەموو هاوپەیمانی و لیست و كاندیدێك بكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات، بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە.

 عوبێدی كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، گوتی "ئەگەرچی دەیان رێی گێچەڵ و گوشار خستنەسەر دەنگدەران ئاشكرا بووە كە هەر هەمووی نایاسایین، بەڵام كۆمسیۆن هیچ رێوشوێنێكی نەگرتووەتەبەر، ئەمەش وایكردووە هەندێك لە كاندید و حزبەكان گوشارەكان تێبپەڕێنن و هەڕەشە لە خەڵك بكەن"، زیاتر گوتی "بێدەنگبوونی كۆمسیۆن بە دیوەكەی تر بەشداربوونی دەگەیەنێ لەو پێشێلكارییانەی كاندید و حزبەكان دژ بە دەنگدەران دەیگرنەبەر، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەن رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی یاسا و هاووڵاتییانی عێراقی لەو رێكارە نایاسایییانەی دژی هاووڵاتییان دەگیرێتەبەر".

چاودێران باس لە گرنگی هەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی دەكەن لە هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانكردنی پێشێلكارییەكان لەیەن حزب و كاندیدەكان.

فالح عەبدولباست شارەزایی یاسایی دەڵێ، جێبەجێ نەكردنی یاسا لە عێراق ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستگەیشتن بە دەنگی دەنگدەران، بۆیە گرنگە چاودێری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەشدارییەكی كارای هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا تا كەمترین گوشار بخرێتە سەر دەنگدەران.

زیاتر گوتی "نەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی رێ خۆش دەكات بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت دەستكاری و ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن چ لە رێی گوشار خستنەسەر دەنگدەران یانیش لە رێی كۆمسیۆنەوە، بۆیە بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەر حكوومەت، دەبێت حكوومەت بە هێزەوە رووبەڕووی ئەوان ببێتەوە و رێیش بدات چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بەشدارییەكی كارایان هەبێت".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن هەڕەشەی سزادانی دژ بە هەر كاندیدێك یان لایەنێكی سیاسی كردووە ئەگەر پابەندی یاسای هەڵبژاردن و رێنوێنییەكان نەبن، بەڵام تا ئێستە سەرەڕای هەبوونی دەیان پێشێلكاری، كۆمسیۆن هیچ لایەنێكی سیاسی و كاندیدێكی سزا نەداوە.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت كە 206 حزب و قەوارەی سیاسی بە حەوت هەزار كاندید كێبەركێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی 329 كورسیی پەرلەمان.



وشە - فه‌رمان سادق