پڕۆژه‌یه‌كی نوێی قارچك له‌ هه‌ولێر كوردستان به‌ خۆبژێویی ده‌گه‌یه‌نێت

له‌ هه‌ولێری پایته‌خت پڕۆژه‌یه‌كی نوێی به‌رهه‌مهێنانی كوارگ یان قارچك ده‌ستی به‌ به‌رهه‌مهێنان كرد كه‌ ده‌توانێت پێداویستی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان به‌ قارچك دابین بكات. پڕۆژه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ خۆبژیویی له‌و به‌رهه‌مه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام نه‌بوونی ساردخانه‌ و كارگه‌ی پیشه‌سازی له‌ لایه‌ك و به‌ لێشاو هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی، له‌مپه‌رن له‌ به‌رده‌م ئه‌و به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌.

پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ ناوی "گوڵی شلێر"ـه‌ و دوو هه‌فته‌یه‌ به‌رهه‌مهێنانی قارچك تیایدا ده‌ستی پێ كردووه‌، له‌ یه‌كه‌م قۆناغی به‌رهه‌مهێناندا خاوه‌ن كارگه‌كه‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت "زیانی به‌ركه‌وێت و نه‌توانێت له‌ بازاڕ ركابه‌ریی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكات".

به‌هادین ئه‌حمه‌د خاوه‌نی كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی قارچكی گوڵی شلێر، بۆ "وشه‌" گوتی، پێشتر سێ ساڵ بوو هه‌ر به‌ سیسته‌می كۆن قارچكیان به‌رهه‌م ده‌هێنا و قازانجێكی ئه‌وتۆیان له‌مه‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ و به‌گوێره‌ی پێویستیش نه‌یانده‌توانی قارچك به‌رهه‌م بهێنن، به‌ڵام سیسته‌مێكی نوێیان هێناوه‌ته‌ كوردستان كه‌ به‌ ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتووی ئه‌وروپایی ده‌توانن قارچك به‌رهه‌م بهێنن. تێچووی ئه‌و پڕۆژه‌ نوێیه‌ی به‌رهه‌مهێنانی قارچك وه‌ك خاوه‌نه‌كه‌ی باسی كرد، "دوو ملیۆن دۆلاره‌ و توانایان هه‌یه‌ به‌شی پێداویستی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان، قارچك به‌رهه‌م بێنن".

پڕۆژه‌كه‌ له‌ 21 هۆڵی تایبه‌تی پێكهاتووه‌ و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رزێكی به‌رهه‌مهێنانیش 35 رۆژی ده‌وێت، له‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌ هه‌ندیك هۆڵه‌كان ئاماده‌كاری بۆ به‌رهه‌مهێنان ده‌كه‌ن و له‌ هه‌ندێك هۆڵی تریش قارچك هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.

رۆژانه‌ له‌و پڕۆژه‌یه‌ دوو تۆن و نیو تا سێ تۆن و نیو قارچك به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی باس له‌وه‌ ده‌كات توانای دابینكردنی قارچك بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستانیان هه‌یه‌.

گرنگترین كێشه‌ی به‌رده‌م ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌كییه‌ و رۆژانه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕه‌ باجێكیان بخرێته‌ سه‌ر، به‌ لێشاو له‌ ئێران و توركیاوه‌ قارچك هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت. به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كه‌ی قارچك داوای له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی ریسه‌كه‌یان نه‌بێته‌وه‌ خوری و له‌ به‌رهه‌مهێنان به‌رده‌وام بن، وا باشه‌ رێ له‌ هاورده‌ی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بگیرێت یان باجی بخرێته‌ سه‌ر.

به‌رهه‌می قارچكی ئێرانی تا ده‌گاته‌ ده‌ستی هاووڵاتی، ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت و زۆر جار له‌ رێ ئه‌و قارچكانه‌ تێكده‌چن یان كاته‌كه‌یان به‌سه‌ر ده‌چێت و كوالێتیی جارانیان نامێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كوردستان خێرا دوای به‌رهه‌مهێنان به‌ ئۆتۆمبێیلی ساردكه‌ره‌وه‌ ده‌خرێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و كوالێتی به‌رهه‌مه‌كه‌ش له‌ هی ده‌ره‌وه‌ زۆر به‌رزتره‌.

ئێسته‌ كیلۆی قارچكی ئه‌م كارگه‌یه‌ به‌ نۆ هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت له‌ كاتێكدا پێشتر به‌16 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرا. له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی گه‌رما خواردنی قارچكیش كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ئاستی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌شی داده‌به‌زێت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ستان نه‌مێنێته‌وه‌، خاوه‌ن كارگه‌كه‌ دوو پلانی هه‌یه‌، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ ته‌نیشت كارگه‌كه‌ی كارگه‌یه‌كی پیشه‌سازی بۆ له‌ قوتووكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ بكاته‌وه‌ و له‌ لایه‌كی تریش به‌ پشتبه‌ستن به‌ كڵۆشی گه‌نمی كوردستان، خۆی مه‌وادی خاوی به‌رهه‌مهێنانی قارچكی به‌رهه‌م بهێنێت و چیتر له‌ كه‌ره‌سته‌ی خاو پشت به‌ ئێران نه‌به‌ستێت.

دكتۆر عه‌بدوڕه‌حیم عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی هه‌ولێر بۆ "وشه‌" گوتی، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان له‌ پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می ناوخۆیی هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كیان نییه‌، به‌ مه‌رجێك به‌رهه‌مهێنه‌ران سه‌رجه‌م مه‌رج و رێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ جێبه‌جی بكه‌ن. ئه‌و روونی كرده‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی قارچك كارێكی زۆر قورس نییه‌، به‌ڵام هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌ ساردخانه‌ی پێشكه‌وتوو كارێكی گرنگه‌ و داوایان له‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران كردووه‌ له‌ پاڵ به‌رهه‌مهێنان، ساردخانه‌ش دروست بكه‌ن و له‌و كاته‌دا ئه‌وان هیچ بیانوویه‌كیان بۆ نامێنێته‌وه‌ تا رێ به‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بده‌ن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاتێك به‌ ته‌واوی رێ له‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌مێك ده‌گرن، هه‌ندێك جار به‌رهه‌مهێنه‌ران ده‌رفه‌ته‌كه‌ له‌ قازانجی خۆیاندا ده‌قۆزنه‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتییان گران ده‌كه‌ن.

هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی قارچكه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌ هیچ كامێكیان ئاستی توانا و ته‌كنه‌لۆجیای به‌رهه‌مهێنانیان پێشكه‌وتوو نییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ كار به‌ پیشه‌سازیكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ بكه‌ن و ساردخانه‌ بنیات بنێن، هیچ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ نامێنێته‌وه‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان بفرۆشرێت.


وشە - سلێمان تاشان


PM:02:05:16/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌