لە كەركووك گرێیەكی 16 كیلۆیی لە سكی نەخۆشێك دەرهێنرا

:: PM:03:11:16/04/2018 ‌


 لە نەخۆشحانەی ئازادیی فێركاری لە كەركووك، بە نەشتەرگەری گرێیەكی 16 كیلۆیی بۆ ژنێكی بە ساڵاچوو سەركەوتووانە ئەنجام درا، كارگێڕی نەخۆشخانەكەش دەڵێ، گرێیەكە لە سەرووی گرێیەكی گەورەوە بووە و یەكەمجارە وەها نەشتەرگەرییەك ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان لە بەیاننامەیەكدا كارگێڕی نەخۆشخانەی ئازادی فێركاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی كەموێنەی راگەیاند كە بۆ ژنێكی تەمەن 75 ساڵان ئەنجام دراوە.

بەپێی بەیاننامەكەی نەخۆشخانەی ئازادی كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، تیمێكی پزیشكی نەخۆشخانەكە نەشتەرگەری هەڵگرتن و لابردنی گرێیان بۆ ژنێكی تەمەن 75 ساڵان بە سەركەوتووانە ئەنجام داوە.

دكتۆر لوئەی شەهاب پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و پزیشكی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەكە روونی كردەوە، ژنە نەخۆشەكە كە ناوی "ف. ن. م" تەمەن 75 ساڵانە، ماوەی چەند مانگێكە بە دەست ئازاری گیرانی دوانزەگرێ و گەورەبوونی سكی دەیناڵاند، دواتر سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی فێركاری لە شاری كەركووك كرد، دوای ئەنجامدانی پشكنینەكان دەركەوت كە گرێیەكی گەورە لە سكیدا هەیە.

زیاتر گوتی "دەستبەجێ نەخۆشەكە رەوانەی هۆڵی نەشتەرگەری كرا و تیمێكی پزیشكیش پێكهێنرا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە".

تیمە پزیشكییەكە پێكهاتبوون لە دكتۆر زانا مەهدی، دكتۆر ئەحمەد جاسم، دكتۆر ربی رەمەزان و پزیشكی بێهۆشكردن دكتۆر نەجم و یاریدەدەری بێهۆشكردن هۆشیار عەلی و رێباز نەسرەدین و چەند پەرستارێك و یاریدەدەرێكی پزیشكی كە دكتۆر لوئەی شەهاب پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی سەرپەرشتی نەشتەرگەییەكەی دەكرد.

 دوای نەشتەرگەرییەكە، دەركەوت ئەو گرێیەی لە سكی نەخۆشەكە دەرهێنراوە، كێشەكەی 16 كیلۆ گرام بووە و ئێستە رەوانەی تاقیگە كراوە بۆ پشكنینی نەسیجی بۆ دڵنیابوون لە خاوێنی گرێیەكە.
 





وشە - فه‌رمان سادق