شارەوانیی هەولێر بەدواداچوون لەسەر هەواڵێكی "وشە" دەكات

:: PM:04:27:16/04/2018 ‌
دوای ئەوەی "وشە" لەسەر زاری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر چەند شوێنێكی سەرپێچی لە شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر بڵاو كردەوە، شارەوانی لەدوای هەواڵەكە كێشەكەی چارەسەر كرد.

هەفتەی ڕابردوو "وشە" بە وێنەوە هەواڵی ئەوەی بڵاو كردەوە كە بەرانبەر گەڕەكی سەفین بۆ سەر شەقامی 120 مەتری، چەند شوێنێكی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل بە نایاسایی كراوەتەوە و بەگوێرەی قسەی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش، ئەو شوێنە بۆ شۆفێران مەترسیدارە، بۆیە داوای كردبوو شارەوانی چارەسەری ئەو كێشەیە بكات.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی نیسان/ ئەپریل، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو كردەوە كە شارەوانیی هەولێر شوێنی سووڕانەوەی نایاسایی و مەترسیدارەكانی شەقامی 120 مەتری هەولێری چاك كردووە كە كەوتبووە بەرانبەر گەڕەكی سەفین.

شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر گەورەترین پڕۆژەی رێگەوبانە لە هەرێمی كوردستان و تا ئێستە بەشێك لە شەقامەكە نەكراوەتەوە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، ئەو بەشەی شەقامەكە كە كراوەتەوە تا ئێستە بەبێ‌ رووناكی و سەوزایییە و هیچ خزمەتگوزارییەكی گشتیی بۆ شەقامەكە نەكراوە.

لینكی هەواڵەكەی پێشووی "وشە" كە تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەو سووڕانەوە مەترسیدارانەی شەقامی 120 مەتری و ئەمڕۆ شارەوانی كێشەكەی چارەسەر كرد.








وشە - سه‌رخێڵ هاشم