ئایا سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەمێنێتەوە؟

:: PM:04:33:16/04/2018 ‌


دوای بۆردمانكردنی رژێمی ئەسەد، سەرۆكی فڕەنسا دەڵێ ئەمەریكا رازی بووە بە مانەوەی سوپاكە و نوێنەری ئەو وڵاتەش لە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی دەكاتەوە، بەڵام هەندێك سەرچاوە دەڵێن ترەمپ پەلەیەتی لە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی.

ئەگەرچی پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندبوو كە سوپای وڵاتەكەی لە سووریا دەكشێنێتەوە، بەڵام دوای بۆردمانكردنی رژێمی ئەسەد، سەرۆكی فڕەنسا دەڵێ ئەمەریكا رازی بووە بە مانەوەی سوپاكەی. نیكی هایڵی نوێنەری ئەمەریكاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی دەكاتەوە، بەڵام ئێوارەی دوێنێ یەكشەم كۆشكی سپی رای گەیاند كە سەرۆك دەیەوێت بە زووترین كات سوپای وڵاتەكەی لە سووریا بكشێنێتەوە.

لەسەر ئەو پرسە چاودێران پێیان وایە پشتڕاستكردنەوەی مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لەلایەن نیكی هایڵی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئەو كاتەی ئامانجەكانی بەدی دەهێنێت، ئەمەش زیاتر نامەیەكی كراوەیە بۆ ئێران نەك سووریا.

بەڵام ئێوارەی دوێنێ كۆشكی سپی پشتڕاستی كشانەوەی سوپای ئەمەریكای لە سووریا كردەوە و رای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت هێزەكانی ئەمەریكا بە زووترین كات بگەڕێنەوە وڵات كە هاوكاتە لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی مانەوەی سوپای ئەمەریكا لەلایەن ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا.

سارە ساندرز گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی دەڵێ، ئامانجەكانی ئەمەریكا نەگۆڕن، سەرۆكیش لەسەر ئەو پرسە بە روونی قسەی كردووە كە دەیەوێت سوپای ئەمەریكا بە زووترین كات بگەڕێتەوە نیشتمان.

ساندرز روونی كردەوە كە ئەمەریكا پێداگیرە لەسەر لەناوبردنی داعش و رێ نەدان بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی، ئەمەریكاش پێی وایە دەبێت هاوپەیمانان و هاوبەشە هەرێمایەتییەكانیان بەرپرسیاریەتییەكی گەورەتر لە رووی سەربازی و مرۆیی لە ئەستۆ بگرن بۆ پاراستنی ناوچەكە.

 بەڵام پێش كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی گوتەبێژی كۆشكی سپی، ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا رای گەیاندبوو كە دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریكییەكەی رازی بووە سوپای ئەمەریكا لە سووریا بۆ ماوەیەكی درێژتر بمێنێتەوە.

روونی كردەوە لەسەر بۆردمانە مووشەكییەكەش ترەمپی رازی كردبوو كە تەنیا دامەزراوەكانی دروستكردنی چەكی كیمیایی بگرێتەوە و هاووڵاتییان پارێزراو بن.

دوای قسەكانی سەرۆكی فڕەنسا و گوتەبێژی كۆشكی سپی، نیكی هایڵی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز رای گەیاند،، ئامانجەكانی ئەمەریكا لە سووریا گرەنتی ئەوەیە كە چەكی كیمیایی جارێكی تر بەكار نایەتەوە بەهیچ شێوەیەك، هەروەها بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە سووریا ناكەوێتە ژێر مەترسی، هەروا شكست پێهێنانی داعش و گەرەنتی هەبوونی چاودێری بەسەر جموجۆڵەكانی ئێران لە سووریا.

زیاتر گوتی "ئامانجمانە هێزەكانمان بگەڕێنینەوە نیشتمان، بەڵام ئەو هێزانە ناكشێنینەوە تا ئەو كاتەی ئامانجەكان دێنە دی".

هایڵی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا لەبارەی ئێران بە هەواڵێكی "ناخۆش" وێنا كرد كە دەیەوێت هەژموونی خۆی لە ناوچەكە بەرفراوانتر بكات، ئەمەش هاوكاتە لەسەر هەوڵی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكا بۆ بڕینەوەی باڵەكانی ئێران لە ناوچەكەدا كە لە دیدی ئەمەریكا كاتی ئەوە هاتووە بەر لە هەژموون و فراوانبوونی ئێران بگیرێت.

هەفتەی رابردوو مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دیدگای خۆی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كۆنگرێسی ئەمەریكا خستەڕوو بە تایبەت لەبارەی گوشار خستنەسەر ئێران.

جێی باسە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سووریا دەیان بنكەی سەربازییان لە ناوچە ستراتیجەكانی سووریا دامەزراندووە بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی سووریا، هەر لەوێشدا بەهاوكاریی گەریلا توانییان داعش لەناو ببەن.

پرسی مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا، نیگەرانی لای ئێران و میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق و لبنان دروست كردووە.

جێی باسە پێشتریش میر محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە رای گەیاندبوو، مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دوا هەوڵە بۆ بەرگرتن لە فراوانتربوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا. ئەمەش لە كاتێكدایە ئێران دەیان راوێژكاری سەربازی و چەكداری خۆی لە سووریا بۆ یارمەتیدانی سوپای ئەو وڵاتە جێگیر كردووە.

چاودێرانیش پێیان وایە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا، دەرگای بە رووی ئێران دەكاتەوە بۆ فراوانتركردنی هەژموونی خۆی لە سووریا و وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها هەوڵەكانی تارانیش ئاسانتر دەكات بۆ گەیشتن بە دیمەشق لە رێی وشكانی لە رێی عێراقەوە تا دەگات بە حزبوڵا لە بەیرووت.

مارك دوبویتز سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزاروەی بەرگری لە دیموكراتییەت لەسەر ئەو پرسە دەڵێ، ئەگەر ترەمپ رێ بدات ئێران لە سووریادا سەربكەوێت، ئەوا دەردەكەوێت كە هیچ ئایدیا و ستراتیجێكی رژدی بەرانبەر بە ئێران نییە.


سەرچاوە/ ئافاق + عەرەب



وشە - فه‌رمان سادق