بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە خوێندنی كوردی لە خورماتوو بەرەو لەناوچوون دەچێت

:: PM:05:40:16/04/2018 ‌
پەروەردەی خورماتوو هەوڵی گواستنەوەی قوتابییە كوردەكان لەسەر خوێندنی كوردی بۆ سەر خوێندنی عەرەبی چڕ دەكاتەوە و لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە بەشێكی زۆر لە قوتابیانی كورد لەو سنوورە خراونەتە سەر خوێندنی عەرەبی كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە بەشێك لە تەعریبی كورد لەو سنوورە دەزانرێت.
 
ئەمڕۆ یەكشەم 16ی نیسان/ ئەپریل، مامۆستا عیسام هاشم یەكێك لە مامۆستا دێرینەكانی خورماتوو كە هاوكات داكۆكیكاری خوێندنی كوردیە بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی نەگەڕانەوەی هەندێك مامۆستای خوێندنی كوردی بۆ شارۆكەی خورماتوو لە پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەلایەن پەروەردەی شارۆكەكەوە كار ئاسانی زیاتر بۆ گواستنەوەی قوتابیانی كورد كراوە كە بچنە سەر خوێندنی عەرەبی .
 
زیاتر گوتـی، زیاتر لە 20 باوك و دایك ژمارەیەكی زۆری قوتابییەكانیان گواستۆتەوە بۆ خوێندنی عەرەبی و خوێندنی كوردی بووەتە قوربانی لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر. كە بە قسەی ئەو مامۆستایە دوو قوتابخانەی كوردی لە شارۆكەكە هەیە، بەڵام شیاوی ئەوە نین خوێندنی تیدابێ‌ بەهۆی كەموكوڕییەكانیەوە.

لای خۆیەوە سیروان خورشید ئەندامی ئەنجوومەنی داكۆكی لە خورماتوو، بۆ "وشە" گوتی، پشتگیری وەزارەتی پەروەردەی بەغدا لەبارەی گواستنەوەی قوتابیانی كورد بۆ سەر خوێندنی عەرەبی بەمەبەستی تەعریبكردنی زیاتری شارۆكەی خورماتووە. زیاتر گوتی، كاری گواستنەوە بەمەبەستە و تەنیا بۆ بێ هێزكردنی زمان و خوێندنی كوردییە و پێویستە ڕێگای لێ‌ بگیرێت.

لای خۆیەوە نەجم هاشم بەرێوەبەری پەروەردەی شارۆكەی خورماتوو كە سەر بە حكوومەتی عێراقە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی كە هەیە لەبارەی گواستنەوەی قوتابیان لە بەشی كوردی بۆ بەشی عەرەبی پێوەندی بە دۆخی ناوچەكەوە هەیە و پەروەردە لێی بەرپرس نییە.
 
16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون هێرشیانكردە سەر كەركووك و خورماتوو چەندان ناوچەی تر و داگیریان كرد لەوكاتەوە تا ئێستە دۆخی هاووڵاتییانی كورد لەو سنوورانە نا سەقامگیرە و بەردەوام پێشێلكاریان بەرانبەر دەكرێت.


گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم