ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرای كرد، شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له نێوان میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران و هێزه‌كانی ئیسرائیل به كرده‌یی له‌سه‌ر خاكی سووریا ده‌ستی پێ كردووه و پێشبینی گه‌وره‌تر بوونی جه‌نگه‌كه‌یش ده‌كرێ.
تۆماس فریدمان له ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز نووسیویه‌تی، گه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له مانگی شوبات/فێبرایه‌ری ڕابردوو ڕووی دا، دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئێرانی له سنووری ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند.
گوته‌بێژ به‌ناوی سوپای ئیسرائیل رۆنین مانلیس گوتی، فڕۆكه‌كه له فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆڕی سووریا له پارێزگای حمس هه‌ستاوه و له ئاسمانی ئیسرائیل له لایه‌ن هێزی به‌رگری ئاسمانی كه‌وتووه‌ته خواره‌وه، دوای خستنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ش ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی تی فۆڕ و ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و فڕه‌نسایش بۆردمانیان كرد، كه كوشتنی حه‌وت ئێرانی لێ كه‌وته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، دوای چه‌ندان ساڵ لێدوانی توند دژ به یه‌ك و هه‌وڵدان بۆ بێزاركردنی ئیسرائیل، له ڕێی بریكاره‌كانی ئێرانه‌وه، یه‌كه‌مجاره هه‌ردوو وڵات ڕاسته‌وخۆ شه‌ڕ دژی یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئه‌میش به ناردنی فڕۆكه بۆ ئاسمانی ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه و بۆردمانی ئیسرائیلیش بۆ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازی كه زۆرترین هێزه‌كانی ئێرانی لێ كۆبووه‌ته‌وه.